هەناردەکردنی نەوتی ئێران گەییشتووەتە کەمترلە نیومیلیۆن بەرمیل لە ڕۆژدا

هەروەک چاوەڕوان دەکرا ئاستی هەناردە کردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان گەییشتووەتە کەمترلە نیو میلیۆن بەرمیل لەیەک ڕۆژدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئاستی هەناردەکردن وفرۆشتنی نەوتی خاوی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێران گەییشتووەتە کەمتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بەپشت بەستن بە " داتای هاتووچۆی کەشتییە نەوت کێشەکان" و " سەرچاوە پیشەییەکان" ئەم ڕاپۆرتەی بڵاوکردووەتەوە.

لەبەشێکی تری ئەم راپۆرتەدا هاتووە، دوو سەرچاوەی چالاک لە بواری نەوت و گاز کە کڕین و فرۆشتنی نەوت چاودێری دەکەن ڕایانگەیاندووە کە لەمانگی رابردوودا ئێران تەنیا توانیویەتی نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات.

ئەم سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە کە ئەم بڕە نەوتە بەرەو وڵاتانی ئاسیایی ڕۆشتووە بەڵام کڕیارەکان دیارنین. لە ڕاستییدا دیارنییە کە ئەم نەوتە فرۆشراوە یا ڕەوانەی ئەنبارەکان کراوە.

ئەمریکا بەئامانجی فشاری هەمەلایەنە بۆ مل کەچکردنی ڕژیمی ئێران  ڕایگەیاند کە ئەو ٨ وڵاتە کە لە دەرەوەی بازنەی گەمارۆکانی ئەمریکا دیاری کرابوون بۆ کڕینی نەوتی ئێران وادەکەیان کۆتایی پێهاتووە و چیترمافی کڕینی نەوتی ئێرانیان نییە. ئەمریکا هەوڵی ئەوە دەدات کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەێنێتە سفر، بەڵام کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران پڕۆپاگەندەی ئەوە دەکەن کە ئەم کارە مەحاڵە .

ک-ش