وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماری زیانی خۆپیشاندانەکانی خستەڕوو

وەزیری ناوخۆی ئێران، ئەو زیانانەی دەوڵەتی ئاشکراکرد کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە بەر وڵاتەکەی کەوتوون و ڕایگەیاند کە، ٥٠ بنکە و بارەگای سەربازیی و ١٨٣ ئۆتۆمبێلی پۆلیس زیانیان پێگەیشتووە.

دوێنێ عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزلی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لە تەلەفزیۆنێکی وڵاتەکەی باسی لەو زیانانە کرد کە لە خۆپیشاندانەکاندا بەر دەوڵەت کەوتووە و لەو بارەیەوە ئامارێکی خستووەتەڕوو.

ڕەحمانی فەزلی ڕایگەیاند: چەند مانگێک لەمەوبەر بڕیاربوو نرخی بەنزین بگوڕدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناڕەزایی لێ دروستبوو، ڕامانگەیاند کە ئەم بەرنامەیە جێبەجێ ناکرێت و بڕیارەکەمان دواخست.

فەزلی بە ئاماژەدان بە بەرفراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە، وتی: کاتێک بینیمان ناڕەزایەتییەکان گەورە دەبنەوە، ناچار بووین ئینتەرنێت بپچڕێنین.

وەزیری ناوخۆی ئێران لەسەر ئەو زیانانەی لە خۆپیشاندانەکان بەر دەوڵەت کەوتووە، ئاشکرایکرد: ٥٠ بنکە و بارەگای سەربازی و پۆلیس، ١٨٣ ئۆتۆمبێلی پۆلیس، ٧٣١ بانک، ٧٠ بەنزینخانە و ٩ ناوەندی دینی (نووسینگەکانی نوێنەرانی خامنەیی و مەدرەسە دینییەکان) زیانیان پێگەیشتووە.

فەزلی هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا زیان بەر ٣٠٧ ئۆتۆمبێلی خەڵک و ٣٤ ئۆتۆمبێلی فریاکەتن (ئامبۆلانس) کەوتووە.

وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بە کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران نەداوە و تەنیا دەستگیرکردنی زیاتر لە حەوت هەزار کەسی پشتڕاست کردووەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٥ی ئەم مانگە لەدژی سیاسەتەکانی ئێران دەستیپێکرد، بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار کەسیش برینداربوون، بەڵام ئەمنستی ئینترناشنال لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا کوژرانی ١٤٣ کەسی پشتڕاست کردەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە ئامارەکان زۆر زیاتر لەوەیە و ئەوان بەردەوام دەبن لە لێکۆڵێنەوەکانیان.

ف.ق