١٤ سەربازی ڕژیمی ئێران لەسەر سنووری پاکستان ڕفێندران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن گروپێکی نەناسراو ١٤ سەربازی هێزەکانی ڕژیمی ئێران لەسەر سنوورەکانی ئێران وپاکستان ڕفێندران.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی ئیرنا هەوالنێری فەرمی ڕژیمی ئێران ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنوورەکانی شارۆچکەی میرجاوەی سەربە بەلوچستان حەوت ئەندامی بەسیج، پێنج پاسەوانی سنوور و دوو ئەندامی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕفێندراون.

چەند هەواڵنێرییەکی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەو ١٤ سەربازە لەلایەن گروپی جەیشی عەدلەوە ڕفێندراون.

ڕاگەیاندنەکانی سەر بەڕژیمی ئێران زانیاری زیاتریان بڵاونەکردووەتەوە و تا ئێستاش هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی ئەوکردەوەیەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

تائیستا بەرپرسانی باڵای ئێران هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە .

ئەو هێزە سەربازییانەی ئێران لە خاڵی سفری سنووری ناوچەی لولکەدان-ی ڕیگ مەلەکی شاری میرجاوەی سەربە بەلوچستان ڕفێندراون.

بە پێی هەواڵی ئاژانسەکانی ناوخۆی ئێران ٧ کەس لە ڕفێندراوەکان ئەندامی بەسیج، ٥ کەس ئەندامی هێزی سەرسنوور و٢ کەسی دیکەیان ئەندامی دەزگەی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێرانن.

ک-ش