٤ کچە خوێندکاری بەلوچ لە ئاگرکەوتنەوەى خوێندنگەکەیاندا سوتان

لە یەکێک لە پۆلەکانى خوێندنگەی کچانی ئوسوەى حەسەنە لە شاری زاهیدان لە ئێران ٤ خوێندکاری کچ سوتان.

بەپێى میدیاکانى بەلوچستان سۆپای خوێندنگەى کچانی ئوسوەى حەسەنە لە شەقامی مستەفا خومەینى ٢٣ی زاهیدان ئاگری گرتووە و بەو هۆیەوە ٤ کچە خوێندکار سوتان. ٣ لە کچە خوێندکارەکان گیانیان لە دەستداوە و باری تەندروستیى یەکێکى تریشیان ناجێگیرە.

هەر یەک لە سەبا عەرەبی، مونا خوسرەوپەرست و مریەم نۆکەندی لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا گیانیان لە دەستداوە و یەکتا میرشکاریش بەهۆی زۆریى سوتاوییەوە باری تەندروستیى ناجێگیرە.

بەرێوەبەرى ئاگرکوژێنەوەى زاهیدان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەى بۆ نەبوونی پێداویستى گونجاوى گەرمکەرەوە و بەکارهێنانى سۆپا لە پۆلەکانى خوێندندا گەڕاندووەتەوە.

دوابەدواى ئەو ئاگرکەوتنەوەیە مەلەک محەمەد سنجرانى بەڕێوەبەریى پەروەردەى ناوچەى ٢ی زاهیدان دەستى لەکارکێشاوەتەوە.

هاوکات داواکارى گشتی و شۆڕشی زاهیدان بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ بەڕێوەبەر و بەرپرسانى ئەو خوێندنگەیە دەرکردووە.

پێشتریش لە ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١ / ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ لە خوێندنگەى گوندی شیناوێ لە پیرانشار بەهۆی بەکارهێنانى سوپاوە ئاگرێک کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەیران یەگانە، سارینا رەسوڵ زادە گیانیان لە دەستدا و ١٢ خوێندکارى تری کچیش بە قورسی سوتان.

بەپێی ئامارەکانى دەوڵەتى ئێران لە ساڵی ١٣٧٦ی کۆچی هەتاوی / ١٩٩٧ تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٥٠ خوێندکار بەهۆی کەوتنەوەى ئاگر لە خوێندنگاکانى ئێران دا گیانیان لە دەستداوە.

ر.م