٤هەمین کۆنگرەى هەدەپە دەستی بەکارەکانى کرد

٤هەمین کۆنگرەى ئاسایى هەدەپە لە هۆڵی وەرزشیی ئەنقەرە دەستیپێکرد. هاوسەرۆکی دیوانى کۆنگرە تولای هاتیم ئۆگیولاری وتی "سڵاو لە بەرخودانى ئیمراڵی، کاندریا، ئەدیرنە و هەموو زیندانەکانى ئەم وڵاتە، کە بەرخودانیان تیادا دەکرێت".

٤هەمین کۆنگرەى ئاسایى پارتی دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) لە هۆڵی وەزرشیی ئەنقەرە دەستیپێکرد. پێش هەڵبژاردنى دیوانى کۆنگرە، ئازاد بارش جێگری هاوسەرۆکانى هەدەپە بە وتەیەک کارەکانى کۆنگرەکەى دەسپێکرد.

بارش وتی "ئێمە ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکى زۆر مانادار بەڕێوەدەبەین. ئەمە دەبێتە هەنگاوێکی بەهێز و وەڵامی هەموو کەس دەداتەوە. لەم سەردەمە مێژووییەدا ئێمە لە سەرحەدەوە تاوەکو ئامەد، لە دەریای رەش تاوەکو ئەوروپا، ئوستورالیا و هەموو کوردستان سڵاوی خۆمانتان پێشکەش دەکەین. ئێمە جارێکیتریش سڵاو بۆ هەموو هەڤاڵان و هاوڕێیانمان دەنێرین. بەڵێنمان ئەوەیە، هەدەپە سەر بکەوێت، گەل سەردەکەوێت".

دوای پێشکەشکردنى ئەو وتانە دیوانى کۆنگرە هەڵبژێردرا. بۆ هاوسەرۆکی دیوانی کۆنگرە پەرلەمانتار تولای هاتیم ئۆگیولاری و محەمەد روشتو تیریاکی هەڵبژێردران. تولای هاتیم ئۆگیولاری بە ناوی دیوانی کۆنگرەوە وتەیەکى پێشکەشکرد و وتی "ئێمە کۆنگرەکەمان لە کاتێکدا بەڕێوەدەبەین، کە لە وڵاتەکەماندا کێشەى قورس لەسەر ئازادی و مافەکانى مرۆڤ هەیە. هەژاری زیادیکردووە, توندوتیژی لە دژی ژنان زیادیکردووە. ئەو عەقڵیەتەى بە توندوتیژی ناچاسەرکردنى کێشەى کورد دەسەپێنێت و لە عێراق و سوریا توندوتیژی بەسەر گەلاندا دەسەپێنێت. ئێمەی گەل و بندەستانى ئەم وڵاتە بێچارە نین. چارە لە هێزی دیموکراتیکدایە".

هاتیم ئۆگیولاری وتى "سڵاو لە بەرخودانى ئیمراڵی، کاندریا، ئەدیرنە و هەموو زیندانەکانى ئەم وڵاتە، کە بەرخودان و خۆڕاگرییان تیادا دەکرێت".

محەمەد تیریاکیش رایگەیاند، کۆنگرەکە دەبووە کۆنگرەى ئومێد و یەکگرتن.

لە کۆنگرەکەدا بۆ گیان بەختکردونانى تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی خولەکێک بێدەنگی و رێز راگەیاندرا و کۆنگرەکە بە پیشکەشکردنی وتەکانى هاوسەرۆکاى گشتیى هەدەپە بەردەوامە لە کارەکانی.

هەزاران کەس لە شارەکانى کوردستان و تورکیاوە لە هۆڵی ٤هەمین کۆنگرەى گەورەی هەدەپە کۆبوونەتەوە. ٣٠ هەزار کەس لە کوردستان و تورکیا و ٢٦ وڵات و هەرێمەوە و نوێنەرانی ٣٠ حیزب و دەیان رێکخراوی مەدەنی بەشداری کۆنگرەکەن.

ژ.ت