٤٠هەمین ساڵیادى فتواکەى خومەینى لە دژى رۆژهەڵاتى کوردستان

ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر فتواکەى خومەینى دامەزرێنەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیى ئێران، بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتى کوردستان و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان تێدەپەڕێت.

رۆژی ١٩ى ئابی ١٩٧٩ / ٢٨ى گەلاوێژی ١٣٥٨ى کۆچی هەتاوی و هاوکات لەگەڵ گەشەى بزووتنەوەى گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان و یەک ساڵ لە دواى هاتنە سەر کاری رژێمى کۆمارى ئیسلامیى ئێران، خومەینى دامەزرێنەرى ئەو رژێمە فتوایەکى لە دژى گەلی کورد لە رۆژهەڵاتى کودستان دەرکرد.

روحوڵا خومەینى دامەزرێنەری کۆمارى ئیسلامیى ئێران وەڵامى داوا رەواکانى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان، کە خۆى لە دیموکراسی و مافى خۆبەڕێوەبەری بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان دا دەبینیەوە، بە ئەنجامدانى هێرشى سەربازی، لەسێدارەدان و کوشتاری بە کۆمەڵ و فتوا دەرکردن لە دژى گەلی کورد دایەوە.

لە دواى فتواکەى خومەینى لە دژى خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان ئەرتەش و سوپاى پاسدارانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران دەستیانکرد بە لەشکرکێشی بۆ سەر رۆژهەڵاتى کوردستان. هاوکات سادق خەڵخاڵی وەک حاکم شەرع رەوانەى کوردستان کرد. لەبەر ئەوەى فتوا لە دژى کورد دەرکرابوو، ئەو هێزانە هەموو کوردیان بە کافر دەزانی و کوشتنى کوردیان بە رەوا دەزانی، لەبەر ئەوەش سڵیان لە کوشتنى هیچ کەسێک نەکردەوە و سەدان هاووڵاتیى مەدەنییان کوشت.

جگە لە ئەنجامدانى هێرشى سەربازیى ئەرتەش و سوپاى پاسداران، سەدان کەس لە گەنجان، کە وەک دەستەبژێرانى رۆژهەڵاتى کوردستان بوون دەستگیرکران و لەو دادگایانەدا کە سادق خەڵخاڵى بەڕێوەى دەبردن لە ماوەى یەک خولەکدا بە خێرایى سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنرا و لە سێدارە دەدران.

سەربارى هێرشی توند و دڕندانەى رژێمى خومەینى لە دژى گەلی کورد، گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتى کوردستان خۆى بە دەستەوە نەدا و لە شارەکانى سنە، سەقز، بانە و پاوە و چەندین شوێنى تر خۆڕاگری و بەرخۆدانى مێژووییان لە دژى رژێمى ئێران تۆمار کرد.

نمونەى بەرچاوى ئەو بەرخۆدانە، خۆڕاگریى ٢٤ى رۆژەى شارى سنە بوو لە دژى هێرشەکەى رژێمى خومەینى. لەگەڵ ئەوەى سنە لە هەر چوار لاوە گەمارۆ درابوو و بە چڕى لەلایەن فڕۆکە و کۆپتەرە جەنگییەکان و تۆپخانە و تانکەکانەوە بۆردومان دەکرا، بەڵام هێزى گەل لە سنە بۆ ماوەى ٢٤ رۆژ بەرخۆدانى کرد و ریگاى لە پێشڕەویى هێزە چەکدارەکانى ئێران گرت.

هەر لەو کاتەدا ئەبولحەسەن بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئەو کاتى رژێمى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە وتەیەکیدا بۆ هێزە چەکدارەکانى رژێمەکەى وتى: "نابێت هێزەکانى ئەرتەش قەیتانى پۆستاڵەکانیان بکەنەوە تا ئەو کاتەى ئاژاوەى کوردستان لەناو دەبەن و یاخیبووەکان دەکوژن".

ئێستاش لە ٤٠هەمین ساڵیادى فتواکەى خومەینى بۆ کوشتاری خەڵکى رۆژهەڵاتىت کوردستان، دەسەڵاتى ئێران درێژە بە پێشێلکردنى مافە رەواکانى گەلی کورد دەدات. کۆمارى ئیسلامى لە ماوەى ٤١ ساڵى رابردوودا بەردەوام بووە لە تاڵانکردن، چەوساندنەوەى کوردەکان، تێکدانى ژینگەى کوردستان، دروستکردنى دووبەرەکى لە نێوان هاووڵاتییانی کوردستاندا، برەودان بە ماددە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی، برەودان بە بێکاری، برەودان بە دروستکردنى گروپى بەسیج لە دژى کۆمەڵگە، دەستگیرکردن و لەسێدارەدان و بڕینەوەى سزاى زیندانیى درێژخایەن. بە چاوى هاووڵاتى پلە نزم سەیری هاووڵاتییانى کوردستان لە شیعەوە بۆ سونە، هەموو پێکهاتە ئایینی و زمانییە جیاوازەکانى کوردستان لە ٧ پارێزگای زاگرۆس و باکوورى خوراسان دەکات.

سەربارى ئەوەى ڕژیمی کۆمارى ئیسلامیى ئێران وەڵامی داوا رەواکانى گەلی کورد و گەلانى ترى ئێرانى بە سەرکوتکردن و کوشتار داوەتەوە، بەڵام گەنجان و ژنانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەسەر بنەماى نەتەوەى دیموکراتیک و رامان و فەلسەفەى عەبدوڵا ئۆجالان، رۆڵی پێشەنگ لە تێکۆشانیان لە ئەستۆ گرتووە و ئەمڕۆ رێکخراوترین هێزى کۆمەڵایەتى، سیاسی، رۆشنبیری و سەربازییان هەیە، کە بووەتە هۆی دڵەڕاوکێى و ترسی حکومەتى ئێران و گروپە مەیلەو ئۆپۆزسیۆنە دەسەڵاتخوازەکانی دەرەوەى ئێران.

ک-ش