٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئێرانیی بێلانە لە سنووری گۆڕستانەکاندا دەژین

محەمەد رەزا مەحبوب فەڕ ئەندامی ئەنجوومەنی پلان و چارەسەر لە ئێران رایگەیاند، ٧ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار ئێرانیی بێلانە لە سنووری گۆڕستانەکاندا دەژین.

محەمەد رەزا مەحبوب فەڕ ئەندامی ئەنجوومەنى پلان و چارەسەر لە ئێران رایگەیاند، رێژەى ئەو کەسانەى لە ئێران بێلانەن و لە قەراغی شارەکاندا دەژین سەدا ٤٥ زیادیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ هەڵاوسان و بێکاری لە ئێران دەگەڕێتەوە.

بەرپرسانی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، ١٩ ملیۆن کەس لە ئێران بێلانەن و لە قەراغی شارەکاندا دەژین، بەڵام مەحبوب فەڕ رایگەیاند، ئەوە ئاماری ٢ ساڵ لەوە پیشە و ئێستا رێژەى بێلانەکان و ئەو کەسانەى لە قەراغی شارەکاندا دەژین سەدا ٤٥ ە، واتە لە ئێران ٣٨ ملیۆن کەس بیڵانەن و بەهۆی هەژاری و بێکارییەوە لە قەارغی شارەکاندا دەژین.

ئاماژەى بەوەشکردووە، خۆنیشتەجێکردنی بێلانەکان و ژیانیان لە قەراغی شارەکان و سنووری گۆڕستانەکان بووەتە "دیاردەیەکى مەترسیدار" و راشیگەیاند، "سەدا ٢٠ی ئەو بێلانانەی لە قەراغی شارەکاندان، لە سنووری گۆڕستانەکاندا ژیان بەسەر دەبن و بەشێوەى نارەسمی سنووری گۆڕستانەکانیان کردووەتە شوێنی ژیانی خۆیان".

بە وتەى ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، بەرزبوونەوەى بەهای کاڵاکان و هەڵاوسان و بەرزبوونەوەى نرخی خانوبەرە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەى ژمارەى بێلانەکانە، کە بە ناچار لە قەراغی شارەکاندا و لە سنووری گۆڕستانەکاندا دەژین و ئەوەشی وت، سیاسەتە هەڵەکانى دەوڵەت و دۆخی خراپی ئابووی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەى ژمارەى ئەو کەسانەى لە قەراغی شارەکاندا دەژین.

ناوەندی ئاماری ئێران رایگەیاندووە، کرێی خانو و کرێی شوێنەکانى نیشتەجێبوون بە گشتی سەدا ٣١.٦ زیادیکردووە و لە مانگی گوڵاندا لە تاران بەهای یەک مەتر چوارگۆشە بۆ شوێنی نیشتەجێبوون گەیشتبووە ١٧ ملیۆن تمەن، کە ئەوەش بە بەراورد بە مانگی رابردوو ٢ ملیۆن تمەن زیادیکردووە.

بەرزبوونەوەى بەهای خانوبەرە و هەڵاوسان و گرانیی کاڵاکان و هاوکات راگرتنی مووچە و داهات لە یەک ئاستدا، کە بەرزبوونەوەیەکى زۆر کەم تیایدا روویداوە، بووەتە هۆی ئەوەى ژمارەی هەژاران و بێکاران و بێلانەکان زیاد بکات و بەناچار خەڵک روو لەو ناوچانە دەکەن، کە لە قەراغی شارەکاندان و پێداویستی و ئیمکانیەتى ژیان تیایاندا زۆر کەمە.

ئەو توێژەرە ئێرانییە راشیگەیاند "لە شارەکانى تاران، مەشهەد و قوم نیشتەجبێوون لە قەراغی شارەکاندا زیادیکردووە و تەنانەت دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتووە، کە شوێنە گەشتیارییەکان، شوێنە مێژووییەکان، شوێنە ئاینییەکانى وەک گۆڕی شێخ  و ئیمامازادەکان، گۆڕەکان و تەکییەکان و.... بووەتە شوێنی بێلانەکان".

ئاماژەى بەوەشکرد، شارەوانییەکان لەو دۆخە بەرپرسن، بەڵام بەهۆی کەمیی بودجە و قەیرانی داراییەوە ناتوانن ئەو خەڵکە بێلانەیە رێکبخەنەوە.

ژ.ت