پێشبینى دەکرێت قەیرانى ئاو کۆچ بە ٢٠ ملیۆن کەس لە باشووری ئێران بکات

سەرباری باران بارینى باش و پێویست، بەڵام دەوڵەتى ئێران لاوازە لە ئیدارەدان و چارەسەرکردنی قەیرانى ئاودا. لافاوەکان لە وەرزی باران بارین و وشکەساڵیش لە هاویندا دەرەنجامی سیاسەتى هەڵەى بەرپرسانى کۆماری ئیسلامییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانى کەمیى ئاو.

عەلی ئەسەدی نوێنەری خەڵکى شاری بابەک-ی پارێزگاى کرمان، لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاند، باشووری ئێران رووبەڕووی کەمیى ئاو و قەیرانی ئاو بووەتەوە. ئەگەر ئەو قەیرانە بەردەوامیى هەبێت، دەبێت ٢٠ ملیۆن کەس لە دانیشتوانى ناوچەکانى باشووری ئێرن بگوێزرێنەوە و ئەوەش کێشەى زۆری کۆمەڵایەتى لێدەکەوێتەوە.

بە وتەى ئەو پەرلەمانتارەى ئێران، زۆرترین ئاوی پارێزگاى کرمان لە بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دابین دەکرێت. سەرباری ئەوەش ئاوی پاک بۆ کارگەى مسی سەرچەشمە و کارگەکانى تر بەکاردەهێنرێت، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە ئاستى ئاو کەم بکات و قەیرانى کەمیى ئاو روو لە زیادبوون بکات.

ر.م