پەرلەمانتارێکى ئێران: لە ئێران ٥٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە مردوون

ئەحمەد ئەمیرئابادی فەراهانی نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانى ئێران لەبارەى تەشەنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم لە ماوەى ٣ هەفتەى رابردوودا وتی، ٥٠ کەس لە قوم بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەوڵەتی ئێران هەوڵی شاردنەوەى دەدات.

ئەحمەد ئەمیرئابادی فەراهانی نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانى ئێران ئەمڕۆ لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم رایگەیاند، نەخۆشییەکە درەنگ راگەیاندراوە و رێوشوێنیش ناگیرێتە بەر بۆ پێشگرتن لە نەخۆشییەکە.

فەراهانی راشیگەیاند، نزیکەى ٥٠ کەس لە شاری قوم بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە و وتی "شاری قوم بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە دۆخێکى خراپدایە و دەوڵەت ناتوانێت لەو رووەوە ئەرکەکانى خۆی جێبەجێ بکات. تەنانەت پەرستاران و کارمەندانی نەخۆشخانەکان جلوبەرگی شیاویان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە نییە. هەروەها تاقیگەکان زۆر کەمن. ئێمە ناتوانین وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت سەیری ئەو قەیرانە بکەین، کە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە دروستبووە. بە داخەوە ماوەى ٣ هەفتەیە کۆرۆنا گەیشتووەتە شاری قوم، بەڵام نەخۆشییەکە درەنگ راگەیاندراوە، بەڵام وەزیری تەندروستیی ئێران و راگەیاندنەکانى دەوڵەت پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە کۆرۆنا لە ماوەى ٣ رۆژدا بڵاوبووەتەوە. پێش هەڵبژاردن بە ئەنقەست بوونی ئەو ڤایرۆسەیان دەشاردەوە و خەڵکیان فریودا".

ژ.ت