پەرلەمانی ئێران سوپای ئەمریکای بە گشتی وەک سوپایەکی تیرۆریستی ناساند

پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی خۆیدا پێشنیاریکی دژی ئەمریکا پەسەند کرد کە بەپێی ئەو پێشنیارە، لەمەودوا، سوپای ئەمریکا بە گشتی وەک سوپایەکی تیرۆریستی لەلایەن ئێرانەوە دەناسرێت، ٢٠٠ ملیۆن یورۆش بودجەی زیادە بۆ فەیلەقی قودس تەرخان کرا.

بەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان)ی ئێران، لە دانیشتنێکدا پێشنیارێکی پەسەند کرد کە جگە لە تەرخان کردنی بودجەیەکی زیادی بۆ فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، هەموو سوپای ئەمریکاشی وەک سوپایەکی تیرۆریستی ناساند.

بەپێی پیشنیارە پەسەندکراوەکە، کە هەمواری پێشنیارێکی پێشووی پەرلەمانی ئێرانە و بۆ 'کاردانەوە بەرامبەر کردەوەکەی ئەمریکا'ـیە، هەموو ئەندامانی پنتاگون (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا) و ڕێکخراوەکانی گرێدراوی و فەرماندەکان سوپای ئەمریکا و ئەوانەی فەرمانی کوشتنی قاسم سولەیمانییان داوە، زیادکراون بۆ لیستی پێشوو کە تەنیا هێزەکانی سنتکام (فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئاسیا و کەنداو)ی دەگرتەوە.

پەرلەمانی ئێران هەروەها بڕی ٢٠٠ ملیۆن یورۆ لە سندوقی گەشەپێدانی نیشتمانی ئێران، وەک بودجەی زیادی بۆ هێزەکانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران تەرخان کردووە، کە بە وتەی عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران پێدانی ئەو بڕە پارەیەی بە فەیلەقی قودس پەسەند کردووە.

جێگای ئاماژەیە کە فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، باسکێکی سوپای پاسدارانە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران چالاکییەکانی ئەنجامدەدات و ئەو بڕە پارەیە جگە لەو بودجەیەی کە ئەمساڵ پێدراوە، زیاتر لە ڕابردوو دەستی دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکە.

ف.ق