پەپولەی ئازادیی شیرین عەلەمهولی بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی پەپولەی ئازادیی، کە گێڕانەوەی ژیان و تێکۆشانی شیرین عەلەمهولیییە لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران، بڵاو کرایەوە.

ڕۆمانی 'پەپولەی ئازادیی شیرین عەلەمهولی' کە لە لایەن ئەحمەد بلۆکی بە شێوەزاری کرمانجی ژووروو نووسراوە و دواتر لە لایەن نەجیبە قەرەداغی بۆ شێوەزاری کرمانجی ناوەڕاست-سۆرانی وەرگێڕانی بۆ کراوە، بە تیراژی هەزار دانە بڵاو کرایەوە.

ڕۆمانەکە پێکدێت لە زیاتر لە ٢٤٠ لاپەڕە و باس لە تێکۆشانی شەهید شیرین عەلەمهولی دەکات لە زیندانەکانی دەوڵەتی ئێران و چۆنیەتی مامەڵەی کاربەدەستانی زیندانەکان لەگەڵیدا. بەشی کۆتایی کتێبەکەش بە کۆمەڵێک وێنەی شەهید شیرین عەلەهولی نەخشێندراوە.

ئەحمەد بلۆکی نووسەری ڕۆمانەکە، خەڵکی گوندی بلۆکی سەر بە پارێزگای مێردین-ی باکوری کوردستان-ە و بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لە بەندیخانەکانی دەوڵەتی تورک-دایە، لە پێشەکییەکەیدا باس ئامانجی نووسینی ئەم ڕۆمانە دەکات، کە 'لە مێژووی کورددا ژنە تێکۆشەر لەیلا قاسم لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە لە سێدارە درا، بەڵام تێکۆشان و ژیانی لەیلا قاسم نەبوو بە ڕۆمان و بڵاو نەبوویەوە، هەر بەو هۆیەوە ژیانی شیرینم نووسییەوە تا بۆ هەمیشە بمێنێت'.

شیرین عەلەمهولی، لە ڕۆژی ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨١، لە گوندی دیم قشڵاقی سەر بە شاری ماکۆی پارێزگای ورمێ-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبوو، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٨دا لە تاران لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکرا.

لە ڕۆژی ١٩ی ١٢/ ٢٠٠٩ دادگای شۆڕشی تاران بەتۆمەتی ئەندامبوونی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاند، سەرئەنجام لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ لەگەڵ هەڤاڵانی لە زیندانی ئەوینی تاران (فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلیی، عەلی حەیدەرییان و چالاکوانی شیرازیی مەهدی ئیسلامییان) سزای سێدارەکەی جێبەجێکرا.

ف.ق