فەلسەفەی ئۆجالان چارەسەرییە بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی قەیرانێکی جدی بووەتەوە هەر لە قەیرانی ئابووری، ئایینی، سیاسی و سەربازی و دەوڵەتانی ناوچەکەش لە پڕۆژەی چارەسەری بێ چارە ماونەتەوە، بەردەوام ناوچەکە لە قەیراندایە و ئاڵۆزییەکانی نێوان زلهێزەکانیش لە ناوچەکە کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە.

 پێشێلکردنی مافی نەتەوە جیاوازەکان لە ناوچەکە وایکردووە سیستمی دەوڵەت نەتەوە بکەوێتە ژێر پرسیارەوە کە ئایا بەڕاستیش ئەم پڕۆژەیە وڵامدەرەوەیە؟ لەم نێوەندەدا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە بارەی ئەم کێشانەوە پڕۆژەیەکی چارەسەریی پێشکەش بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە ئەمەش باس و خواسێکی بەهێزی لێکەوتەوە لە نێو شڕۆڤەکاران و چالاکوانان. ئاژانسەکەمان لەو چوارچێوەیەدا بۆچوونی هەر یەک لە چالاکوانان و رۆژنامەنووسان و پارێزەران و لێکۆڵەران سمکۆ سابیر، سروشت هەڵەبجەیى، نیاز حامد، محەمەد حوسێن دەخاتەڕوو.

سەبارەت بە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکاری هەبونی ئەم کێشانە سمکۆ سابیر چالاکوان لە بواری ئەنفال و جێگری سەرنووسەری ئەنفالستان لەوبارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "گومانی تێدا نییە یەکێک لە هۆکاری چارەسەری ئاریشە و گرفتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین ئایین و باوەڕییە کە زۆرێک لە نەتەوەکان و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی جینۆسایدکردوە و لە ناویبردون. هەندێک لەو گروپانە دەتوانین بڵێین، بە ڕێژەیەکی زۆر ترسناک سڕاونەتەوە نمونەی چەرکەس و کورد و ئەرمەنییەکان لە سایەی دەسەڵاتی تورک و عوسمانییەکان. بە شێوەیەکی سەرەکی ئایین ڕەهایی داوە بەو هەمو کوشتارگە مێژووییانە، بۆیە ڕێگە بەخۆم دەدەم کە دەتوانم بڵێم، بۆ خوێندنەوەی ئەم مێژوووە قێزەونەی ئەم دەسەڵاتە، هیچ کەسێک بە ئاستی ئۆجالان درکی بەم ئاریشەیە نەکردوە و هاوکات چارەسەری بنەڕەتیی پێشکەش بە گەل و دەسەڵاتی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە".

سەبارەت بە پڕۆژەی چارەسەری بۆ ناوچەکە ڕایگەیاند: "ئۆجالان ڕاشکاوانە دەڵێت، دەبێت بە دوربین لە ڕێگەی توندوتیژی و توند ڕەفتاری و سڕینەوەی شوناسی یەکتر، بە پێچەوانە لەگەڵ یەکتریدا بژین لەسەر بنەمای مرۆڤ و مرۆڤبون. چونکە لە سایەی توندوتیژی سیستمە تۆتالیتارەکان هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ و بەیەکەوە ژیانیان نەماوەتەوە. ئۆجالان لە چەند ساڵی دواییدا ڕاستەوخۆ درکی بەوە کردوە و قسەی جدی لەسەر کردووە. بۆ پڕاکتیزە کردنیشی دەسەڵات و ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا. ئەزمونی ڕۆژئاوا پێمانی وت، ئۆجالان هەموو چارەسەرێکی لە هزری خۆیدا بۆ گەلانی ناوچەکە بەرجەستە کردوە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها کارکردنێکی ئازایانە و بەجەرگانەیە لەسەر هزری ئایینی بۆ پێکەوە ژیان و کاڵکردنەوەی ئەم چەپاندنە بە ناوی ئایین و ئایینزاکانەوە کە مرۆڤ دەکەن بە کۆیلە و دواتر بۆ دڕندە و سەرچاوەی ئاشووب. گومانی تێدا نییە ڕێگاکردنەوەی زیاتر لەبەردەم ئەم ڕەوتە ترسناکە، خۆرهەڵاتی ناوین بەرەو عەقارێک دەبات کە چیتر پێکهاتەکان تاکو دەیان ساڵی تر نەتوانن بەیەکەوە بژێن. تاکە چارەسەر گوێگرتنە لە ڕێگاچارەکانی ئۆجالان. گەڕانەوە بۆ تێزە گرینگەکانی سەبارەت بە پێکەوە ژیان".

سەبارەت بە ئەزمونی خۆی لە ناسینی سیاسەتی ڕۆژئاوای کوردستاندا وتی: "هەرگیز ئەو دیمەنەم لەبیر ناچێتەوە کاتێک لە مانگی حەوتی ئەمساڵ بە مەبەستی بەشداربوون لە کۆنگرەیەک سەبارەت بە داعش لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەشداربوین، دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە سەردانی شاری کۆبانیمان کرد و بینیمان لە دەستەی سەرۆکایەتی دا پێکهاتەی ئەرمەن هەیە لە کاتێکدا هەموو شارەکە تەنها سێ خێزانی ئەرمەنی تێدابوو. ئەم سەرنجە نابێت هەروا بە ئاسانی بەسەرماندا تێپەڕێت و هەڵوەستەی لەسەر نەکەین کە هزری ئۆجالان بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی ڕۆژهاڵاتی ناوین لە چ ئاستێکدایە. بۆیە ئەوەی شەڕ و مەترسی لەناو دەبات، گەڕانەوەیە بۆ چارەسەر. هەموو چارەسەریەکانیش لە دەستی ئۆجالاندایە، ئەگەر وڵاتان بە عەقڵ و مەنتقێکی گونجاو بیر بکەنەوە و دانوستان بکەن و بە کردار بڕوایان هەبێت و بێنە سەر مێزی گفتوگۆ، نەک سڕینەوە و پاکتاوی نەژادیی و کلتوری ببێت بە شوناس بۆ بەردەوام بوون بە شۆڤینییەت".

هەروەها سروشت هەڵەبجەیی پارێزەر و ڕۆژنامەوان سەبارەت بە کێشەکانی ناوچەکە و ڕۆڵی ژن لە گۆڕانکارییەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و عێراق و سوریاش بەردەوام لە ڕوبەڕوی ئەم گۆڕانکارییانەدان و لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدان. ئێران و ئەمریکاش کێشەکانیان لە نێوەندی یەکتردا لە ڕوبەڕوبونەوەیەکی زۆر قوڵدان، ئەگەر ئێمە باسی عێراق بکەین وەک دەزانین عێراق و سوریا پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە لە نێوانیاندا، پەیوەندییەکی شارستانی و برایەتی و یەکبون هەیە. ئەو هاووڵاتییانەی لە عێراق و سوریادا دەژین پەیوەندییەکی خزمایەتی، دۆستایەتی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە دەبینین ئەم دو وڵاتە پابەندی جوگرافی، کۆمەڵایەتی و ئابووری بەیەکەوەی بەستونێتیەوە بە تایبەتی پابەندیی ئیکۆنۆمی".

سروشت هەڵەبجەیی سەبارەت بە چارەسەری بۆ ناوچەکە وتی: "بە هۆی ئەم نزیکایەتییەوە و لێکچونی کێشەکانی سوریا و عێراق دەتوانرێت ڕێگە چارەیەکی هاوبەشیان هەبێت. بۆ نمونە عێراق فرە ئایین و فرە نەتەوە و فرە زمانە، جیاوازی هەیە لە ڕووی کەسایەتی و لە ڕووی زمان و لە ڕوی ئایین، بە هەمان شێوە سوریاش هەمان مێژووی خۆی هەیە و لە ڕوی سیستمیشدا عێراق و سوریا نیزامێکی بەعسیان هەبوە. وەک دەبینین بەشە ئازادەکەی سوریا کە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە بە ڕۆژئاوای کوردستان ناسراوە دوور لە سیستمە کلاسیکەکانی ناوچەکە، پەیڕەوی سیستمێکی جیاواز دەکەن. مۆدێلێکی نوێ هەیە لەو ناوچەیەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە. ئەوەی کە ئێمە بینیمان لە ڕۆژئاوا پێویستە ئەم مۆدێلە نەک تەنها لە عێراق بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبێتەوە، لەو مۆدێلەدا هەمو کەس بەشی خۆی هەیە و هەمو نەتەوە جیاوازەکان بە زمان و کلتور و ئایینی خۆیانەوە بەشدارن لە بەڕێوە بردن. بۆیە ئەم مۆدێلە پێویستە بگوازرێتەوە بۆ تەواوی سوریا و عێراق و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

 سروشت هەڵەبجەیی دەربارەی پڕۆژەی چارەسەری بۆ عێراق وتی: "عێراق لەو دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و ئازادبونی باکوری عێراق تا ئێستا نەتوانیوە پێوەرێکی سیاسی دامەزرێنی کە مافەکانی کۆمەڵگا بپارێزێ و نەیتوانیوە چەترێک بێت بۆ گەل، ئەوەشی لە باشووری عێراقدا ڕوو دەدات کە لایەنە شیعەکان سونەکانیان بێبەش کردووە لە دەسەڵات و ئێستاش دەبینین کە دەیانەوێت سوپای حەشدی شەعبی بکەن بە سوپای گەل، ئەمەش ئاشکرای دەکات کە سیاسەتێکی دیکتاتۆری بەڕێوە دەبەن. چارەسەر کردنی ئەم کێشانەش بە بۆچونی من پەیڕەوکردنی سیستمی خۆبەڕێوە بردنە، هاوشێوەی ڕۆژئاوای کوردستان کە دەتوانێت هەمو مافەکان بێ جیاوازی بپارێزێت".

سروشت هەڵەبجەیی وتیشی: "جگە لەوەی مۆدێلی ڕۆژئاوای کوردستان مۆدێلێکی نوێ و چارەسەرییە، لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزێکی سوپایی بە ناوی هێزی پاراستنی گەل کە سەر بە هیچ حزبێک نییە بۆ پاراستنی گەل دروست بوە بێ جیاوازی لە دێرکەوە تا دەگاتە منبج و ڕەقە گەل دەپارێزن. ئەگەر هێزێکی لەم شێوەیە دروست ببێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ هێزێکی بیانی ناتوانێت ئەم ناوچانە بکاتە سەنگەرێک بۆ بەرژەوەندییوکانی خۆی، بەڵام چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزێکی لەم شێوەیەی نییە دەوڵەتە زلهێزەکان وەک گۆڕەپانێک بەکاری دەهێنن بۆ بەرژەوەندێکانی خۆیان".

سەبارەت بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی ژن لە ناوچەکە و هەوڵدان بۆ چارەسەری سروشت هەڵەبجەیی پێی وابو "لەم نێوەندەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی ژن لە ناوچەکەدا وەک دەبینین لە عێراق بە باشووری کوردستاندا کۆمەڵێک ژن بونیان هەیە لە ناو سیاسەتدا بەڵام ڕۆڵی شەتڕەنج دەبینن بۆ حزبەکانیان بەداخەوە هەوڵ و تێکۆشان ناکەن لە پێناو یەک خستنەوەی ژن. لە ڕۆژئاوای کوردستاندا لە پاسەوانێکی سنوورییەوە هەتاکو سەرکردەیەک یاخود هاوسەرۆکێک ژن ڕۆڵی گەورەی هەیە و خاوەن هزر و بەرپرسیارێتیی خۆیەتی. پێویستە ژنان بۆ چارەسەری هەوڵی گەڕانەوەی خۆیان بدەن کە لە مێژوودا و لەسەردەمی عەشتارا ژن خاوەن ڕۆڵێکی گرینگ بوە و بەڕێوبەر بووە، ژنی کوردیش بەتایبەتی کە مێژوونوسان باسیان لێوە کردووە ڕۆڵێکی گرینگی هەبوە لە بەرخۆدان و ڕوبەڕوبونەوەدا".

 ئەوەشی: "لە ئێستادا بە هۆی ئایینی جیاواز و داگیرکەریی ئیسلامی بۆ ناوچەکانی کوردستان ژن بێ ڕۆڵ کرا و ژن کرایە کاڵایەک بۆ حەزەکانی پیاو، بۆیە پێویستە ژنان بەرخۆدان بکەن و هێزی خواوەندی بۆ خۆیان بگەڕێننەوە و هێزیان هەبێت. وەک چۆن گەریلاکانی چیا و شەڕڤانانی یەپەژە خاوەن ڕۆڵێکی گرینگن لە بەڕێوەبردن، پێویستە لەم ناوچەیە هەمو ژنان خۆیان بەڕێکخستن بکەن و خاوەن ڕۆڵ بن لە ناوچەکە. ژنێک، کە بتوانێت ڕوحێک ببەخشێ بە مناڵێک و پەروەردەی بکات، بۆچی نەتوانێت وڵاتێک بەڕێوە ببات. ژنێک وەک سەرۆکی بەڕیتانیا کە نیوەی جیهانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆچی ژنی کورد نەتوانێت ئەوە بکات، بۆیە پێویستە ژنان هێزی خۆیان یەک بخەن بۆ پاراستنی خۆیان و خاک و سروشتی خۆیان و نەهێڵن جارێکی دیکە بەکاڵا بکرێن و لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالاریدا ژیان بکەن".

نیاز حامد شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزا لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەربارەی ئەم کێشانە و پڕۆژەی چارەسەری بۆ ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی دەوڵەتی نەتەوەیی یاخود دەوڵەتی تائیفی لە ناوچەکە تورکیا و ئێران بەڕێوەی دەبەن و بۆ ئەم مەبەستەش خاوەن پڕۆژەن، دەیانەوێت ئیمپراتۆڕییەتی خۆیان سەر لە نوێ دابڕێژنەوە. تورکیا دەیەوێت لە ڕێگای ئیخوان موسلمینەوە داکشێ بۆ باشوور و دەوڵەتە عەرەبییەکان و ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی بوە و داگیری بکاتەوە. لە هەمان کاتدا دەوڵەتی ئێران دەیەوێت لە ڕێگای پڕۆژەی هیلالی شیعەوە ئیمپراتۆڕیەتێک بۆخۆی ئاوا بکات، چونکە دەسەڵاتیان لەوە دەبیننەوە کە هەمیشە لەشەڕدا بن بۆ ئەوەی شەڕ لە ناوخۆی خۆیدا دوور بکاتەوە. هەمیشە بەدوای سەرچاوەی وزە و فراوانکردنی سنوورەکانیان دەگەڕێن".

نیاز حامد دەربارەی هەوڵەکانی ئێران و تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد "ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی نەتەوەیی تائیفی سیاسی داگیرکەرن و دەیانەوێت کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن. ئێران لە ڕێگای میلیشیا شیعەکانەوە کە لە سوریا، عێراق، لوبنان و یەمەن بونیان هەیە، تورکیاش لە ڕێگای گروپە تیرۆریستێکانی وەک ئەلقاعیدە، داعش، سوپای ئازاد و چەندین گروپی تیرۆریستی دیکە. ئێران و تورکیا لە ناوخۆشدا دو هێزی میلیشیاتی لەگەڵ سوپای وڵاتەکە دروست دەکەن، ئێران لە چوارچێوەی پاسداران و تورکیاش هێزی هاوشێوەی داعش بە ناوی سادات دروست کردوە. دەیانەوێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناوەندی لە ڕێگای پاسداران و سادات و میلیشیاتەکانی ناوخۆ وڵاتەکەیان بپارێزن و پەل بهاون بەو هێزانە بۆ دەرەی وڵات و داگیرکردنی ناوچەکانی دیکە. بۆ نمونە سوپای قودس پەل دەکێشێت بۆ ناو عێراق و هەروەها سوریا و لوبنان و یەمەن. تورکیاش لە ڕێگای داعش و ئەلقاعیدە پەلدەکێشێت بۆ دەرەوەی سنوورەکان تەنانەت بەکاریان دەهێنێت لە ئەروپا و ئەمەریکاش، کاری تیرۆریستیان پێ ئەنجام دەدات".

هەروەها وتیشی:" ئەو هێزە پاشڤەڕۆیانەی هەیە لە ناوچەکە و دەوڵەتە عەرەبییەکان کە کەوتونەتە ژێر کاریگەریی دەوڵەتی نەتەوەیی شۆڤێنی ئەوانش بێ چارەسەر ماونەتەوە و دەبینین هیچ گۆڕانکاریی جدی بۆ ناخۆی خۆیان ئەنجام نادەن و هەمیشە لە حاڵەتی شەڕدان. لەسەر ئاستی جیهانیشدا ئەمەریکا و ڕوسیا و چینش دەیانەوێت بەهەر شێوازێک بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە و ئەو ئاستەنگییانەی لەبەردەمیانە لایبەرن، ئەمەریکا دەوڵەتی ئێران و تورکیا وەک بەربەست دەبینێ لەبەردەم خۆیدا. جۆزێف نای لە کتێبی ئایندەی دەسەڵات باس لەوە دەکات ئەمەریکا ئەو هێزە پاشڤەڕۆییانە بە ئاستەنگ لەبەردەم خۆی دەبینێ، بۆیە لە دژی ئەو هێزانە دەجەنگێ و هێرشیان دەکاتە سەر. ڕوسیا دەیەوێت لە ڕێگای ڕێککەوتنی ژێر بە ژێر و ڕێککەوتنی کورتخایەن هەژمونی خۆی لەسەر ئەو وڵاتانە دروست بکات. ئەمریکا لە ڕێگای ڕوبەڕوبونەوە، بەڵام ڕوسیا لە ڕێگای ئیحتیوای سیاسی سەربازی دەیەوێت ئەو ناوچانە بکاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، وەک لە ناوچەکانی سوریا و عێراق و تورکیا دەبینین لە ڕێگای چەند پڕۆژەیەکی ئابووری سەربازی بیانخاتە ژێر هەژمونی خۆیەوە. چینش بێبەش نییە لە ئاڵۆزییەکە، چونکە وەک دەزانین لە سەدا بیستی داهاتی نەتەوەیی پێک دێنێ، چین دەیەوێت بە هێزی نەرم، هێزی ئیقتیسادی لە ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەوە لە چینەوە بەرەو پاکستان، ئێران، عێراق، کوردستان و تورکیا لەوێشەوە بازاڕەکانی ئەوروپا کۆنتڕۆڵ بکات".

نیاز حامد دەربارەی پڕۆژەی چارەسەری بۆ ناوچەکە ئەوەشی وت: "کێشەکان بەرەو قوڵبونەوە دەڕوا و نەبونی پڕۆژەی چارەسەریش بۆ گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەکان قورستر دەکات. لێرەدا بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری پڕۆژەیەکی کردووە لەسەر ناوی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، کە لەسەر ئەساسی دیموکراسیەتە، پڕۆژەکە پێچەوانەی سیستمی هەرێمەیە و لە خوارەوە بۆ سەرەوەیە، لە بچووکترین خانەی کۆمەڵگا لە گوندەوە بۆ قەزا و لە ناحیەوە بۆ شار و دواتر تەواوی وڵات. پێویستە کێشەکان بەم شێوەیە چارەسەر بکرێن دوور لە توندوتیژی و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی، پێویستە لە چوارچێوەی پێکەوە ژیان بێت".

هەروەها وتیشی: "نمونەی ئەو مۆدێلەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە وەک نۆبەرەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بە دیار دەکەوێت، زۆربەی ئەو کەسانەی سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن ئەو ستاتۆیەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەست بەوە دەکەن کە مۆدێلێکی گونجاوە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کاتێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە قەیران و کێشمەکێشی ئایینی و نەتەوەیی، تاکە پڕۆژە کە چارەسەری بهێنێت پڕۆژەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانە. جگە لەو پڕۆژەیەش من وەک خۆم چارەسەرێکی دیکە نابینم، بۆیە بە نەمانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەیی، مەزهەبی و سیاسییە لە ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئارامی دەچێت و ئەو ترس و داگیرکەری و تاریکاییە کە سەدان ساڵە لە ناوچەکە هەیە کۆتایی پێ دێت".  

محەمەد حوسێن پسپۆری ئابووری و سیاسی و بەڕێوبەری ناوەندی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارە سیاسییەکان دەربارەی کێشە و قەیرانەکان لە ناوچەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند :"لە سەد ساڵی ڕابردو هەتا ئێستا کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، بە تایبەتی لەم بیست ساڵەی ڕابردودا گەیشتووەتە ئاستێک و بووەتە موسیبەت و نەگبەتی بۆ هەمو کۆمەڵگای  نێودەوڵەتی. مەبەست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ئەو ناوچانەیە کە کوردستانیان داگیرکردووە وەکو عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران ئەم وڵاتانە بەردەوام بوون لەسەر سەرکوتکردنی کورد لە ناوچەکە. کێشەی کورد یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نەیهێشتووە ئەم وڵاتانە گەشە بکەن لە ڕووی ئابووری و سیاسی و دیموکراتییەوە، لەهەر وڵاتێکی دنیا گەشەی سیاسی و ئابووری نەبێت ئەوا بەردەوام لە ناو قەیران و ئاڵۆزیدا دەبێت. ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێت مەحاڵە ئەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانن سەقامگیری لە ناوچەکە دروست بکەن، بۆیە پڕۆژەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لەم کێشانەوە سەرچاوەی گرتوە".

محەمەد حوسێن دەربارەی بۆچونەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ئەوەی خستەڕوو: "ئەگەر لە دیدی تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالانەوە تەماشای ئەم قەیرانانە بکەین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، دەبینین تێگەیشتنەکانی ئەو نرخاندن و شیکردنەوەکانی بۆ کێشە سیاسی، ئابووری، ئایینی و کلتورییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی باڵادا زۆر قوڵترە لەم عەقڵیەتە سیاسییەی کە زاڵە لە کۆی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کورد وەک چارەسەرێکی تەواوکاری دەبینێ، بە پێچەوانەی ئەو شێوازە تەقلیدیەی ناسیونالیستەی کورد و سەرکردەکانی پێشوی کورد کە هەمیشە تەرکیزیان لەسەر ئەوە بوە کە دەوڵەتێکی ناسیونالیستی دروست بکەن لە دژی دەوڵەتی نەتەوەیی تورک و فارس و عەرەب. بە پێچەوانەوە عەبدوڵا ئۆجالان ئازادی کوردستان و ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلانی ناوچەکە لە پڕۆژەیەکی تەواوکاری دەبینێ، ئەم لۆژیکە پێی وایە هەتاکو ئازادی و دیموکراسی بەرقەرار نەبێ لە گشت ناوچەکە، مەحاڵە کورد بەتەنها بتوانێت شتێکی باشتر بۆ خۆی دروست بکات لەوەی کە ئێستا هەیە".

محەمەد حوسێن ڕاشیگەیاند : "سیستمی دەوڵەت نەتەوەیی لە تەواوی ناوچەکە تووشی قەیران و تێکشکان بووە و بەسەرچووە، سیستمی دەوڵەت نەتەوە ئەتاتورک لە تورکیاوە دەستی پێکرد و ڕژێمەکانی ئێران و سوریا و عێراق دەستیان پێکرد چیتر ناتوانێت ئەو سیستمە کار بکات بە کەڵکی ئەوە نایەت وڵامی گەلانی ناوچەکە بداتەوە لە سەدەی بیست و یەکدا. هیچ پێویستییەکی کۆمەڵایەتی تێدا نییە لە دیموکراسی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ کۆمەڵگا، جگە لەوەش ئەم سیستمە سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بووەتە سەرچاوەی هەناردەکردنی توندڕەوی و کۆچبەریی نایاسایی و نائارامی بۆ تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بۆ ئەمەریکا و ئەوروپاش".

دەربارەی پڕۆژەکەی عەبدوڵا ئۆجالان باسی لەوە کرد: "پڕۆژەی بەڕێز ئۆجالان وەک پڕۆژەیەکی بەرپرسیارانە دەبینم، کە کێشەی کوردی گرێداوە بە کۆی گشتیی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لە بنەڕەتەوە ئەم چوار دەوڵەتەی کوردستانیان داگیرکردوە سەنتەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لەو چوار دەوڵەتەوە نا ئارامییەکان دروست بوون. لە کێشەکانی سوریاوە داعش سەری هەڵداوە لە ئێرانەوە هەڕەشەی سەرچاوەی وزە لە تەواوی جیهان دەکرێت و بووەتە هەڕەشە بۆ ناوچەکە، ئەگەر باسی تورکیا بکەین دەبینین دەوڵەتی تورکیا بووەتە کێشە نەک بەس بۆ کورد و هاووڵاتییانی تورکیا بەڵکو بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش".

هەروەها وتیشی: "ئەگەر ساڵانە تەماشای دەوڵەتە تێکشکاوەکان بکەین دەبینین سوریا و عێراق لە پێشی پێشەوەن، داڕزاوترین و تێکشکاوترین دەوڵەتانی جیهانن، لە هەمان کاتدا ئێران و تورکیا جگە لەوەی بونەتە نا ئارامی و نا سەقامگیری بۆ هەمو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لە ناوخۆی خۆشیاندا نادادپەروەری دەبینرێت و مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێت و بوونەتە زیندان بۆ چالاکوانە سیاسییەکان و چالاکوانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسان. کێشەی کورد وایکردوە دەوڵەتە سەرکوتکارەکانی وەک سوریا و تورکیا و ئێران و عێراق بەشی زۆری ئەو بودجەیە، کە دەبێت لە گەشەی مرۆییدا خەرجی بکەن، دەچن لە سیستمی سەربازی و دام و دەزگا داپلۆسێنەرەکان خەرجی دەکەن. ڕۆڵی ئەم دەزگایانەش بە دەرەجە یەک بۆ سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی خۆیانە و و دواتر سەرکوتکرنی کورد و چالاکوانانی سیاسی".

محەمەد حوسێن دەربارەی پڕۆژەی چارەسەری و هەوڵی کورد لە ناوچەکەدا ڕایگەیاند: "پێویستە کورد هۆشیارانە مامەڵە بکات و خۆ ڕێکخستنەوەی سەربازی و سیاسی دەست پێ بکات. کورد هێزێکی مرۆیی گەورەی هەیە و ناوچەیەکی هەیە کە سەنتەری کۆی گشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەبونی سەرکردایەتییەکی سیاسیی زیرەک و خاوەن ڕوئیا دەرفەتی ئەوە بە کورد دەدا هەم دۆخی خۆی باشتر بکات و هەمیش خۆی ڕێکخستن بکاتەوە".

هەروەها نمونەی ڕۆژئاوای کوردستانی هێنایەوە و وتی: "لە ڕۆژئاوا پەرەسەندنێکی سیاسیی باشمان هەیە دام و دەزگای کارا و باشمان هەیە، ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەگەر کورد سەرکردایەتیەکی باشی هەبێت دەتوانێت دۆزی ڕەوای میلەتی خۆی پێش بخات هەمیشەش دەتوانێت پەیوەندییەکی ئاسایی و هاوسەنگیش لەگەڵ گەلانی ناوچەکە دروست بکات. لێرەدا دوبارە دەگەڕێمەوە سەر ئەو پڕۆژەیەی عەبدوڵا ئۆجالان، کە کێشەی کورد و کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرێداوە بەیەکەوە و پێی وایە بەم نوێ بوونەوەیە یەکتری بەهێز دەکەن، پڕۆژەیەکی قوڵ و واقیعانەیە بۆ هەمو ئەو کێشە و نەهامەتیییانەی ئەمڕۆ باڵیان کێشاوەتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ژ.ت