چوار بومەلەرزە لە نزیک بنکەیەکی ئەتۆمی ئێران ڕوویاندا

چوار بومەلەرزە لە نزیک بنکەی ئەتۆمی بوشێهر لە باشوری ئێران ڕوویاندا، کە بەهێزترینیان بەگوڕی ٤.٧ پلەی ڕیختەر بوو.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک بنکەی ئەتۆمی بوشێهر چوار بومەلەرزەی یەک لە دوای یەک ڕوویاندا، کە برینداری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی ئێران، یەکەم بومەلەرزە کاتژمێر ٠٥:٥٠ خولەک بە کاتی ئێران و بە گوڕی ٤.٧ پلەی ڕێختەر ڕوویداوە و بوومەلەرزەکانی دیکە بەهێزییان لەوە کەمتر بووە.

جەهانگیر دهقانی بەڕێوبەری ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگای بوشێهر ڕایگەیاند: هێزەکانی فریاکەوتن لە ئێستادا لە ناوچەکەن و بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان حەوت کەس لە ئەنجامیدا برینداربوون.

کاربەدەستانی ئێرانی تا ئێستا باسیان لەوە نەکردووە، کە لە ئەنجامی ئەو بومەلەرزەیە هێچ زیانێک بەر بنکە ئەتۆمییەکەیان کەوتووە یاخود نا.

ف.ق