چۆن پارتی کەیسی دادگایی هوقەبازی کردە دیاری بۆ تورکیا؟

ساڵی پار لە شاری هەولێر لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ریستورانتی هوقەباز بەرپرسێکی باڵای میتی تورک کوژرا. پەدەکە لە دادگایەکی ڕووکەشییانەدا دوو گەنجی کوردی بەرەو پەتی سێدارەبرد و ئەو کەیسەی کردە دیاری بۆ تورکیا.

ساڵی پار لە شاری هەولێر لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ریستورانتی هوقەباز بەرپرسێکی باڵای میتی تورک کوژرا. پەدەکە لە دادگایەکی ڕووکەشییانەدا دوو گەنجی کوردی بەرەو پەتی سێدارەبرد و ئەو کەیسەی کردە دیاری بۆ تورکیا، بەڵام کۆمەڵیک پرسیار لەسەر ئەو دادگایە سەر لەبەری دادگاییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە رۆژی چوارشەممە ١٧-٧-٢٠١٩ لە رووداوێکی تەقەکردن لە رێستورانتی هوقەباز لە شاری هەولێر ئەندامێکی دەزگای سیخوڕی تورکیا (میت)  لە هەولێر بە ناوی (عوسمان کۆسە) کوژرا، دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ٢٦-٧-٢٠١٩ لە ڕاگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری بڵاوکردوە، کە دوو کەسیان هاووڵاتیی باکوری کوردستان بوون بە ناوەکانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، هەروەها سێ هاوڵاتیی باشووری کوردستان. دوا ماوەیەکی کورت لە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە بە پەلەپەل دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە مەزڵوم داغ عەبدولڕەحمان ئەر دەرکرد.

ئەو بڕیارەی دادگای تاوانەکانی هەوڵیر لە کاتێکدایە هیچ کەسێک نازانی ڕێکارەکانی دادگایکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە چۆن بەرێوە چووە و پارێزریشیان نەبوو. بەپێی وتەی بنەماڵەی ئەو دوو تۆمەتبارە ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگای نەداوە لە کاتی دادگایکردنەکەدا کوڕەکانیان پارێزەریان هەبێت و ئاسایش پێی ڕاگەیاندبوون، "خۆمان پارێزەریان بۆ دەگرین"، بەڵام  تا ئێستا نازانرێت ئایە پارێزەریان هەبووە یاخود نا، ئەگەر هەیان بوە پارێزەرەکانیان کێن؟

دەربارەی ڕەهەندە یاسای و سیاسییەکانی ئەو دادگاییە لەگەڵ هەریەک لە ئارام حاجی یاساناس و مافپروەر و قادر نادر چالاکی سیاسی گفتو گۆمان کرد، تێڕاونین و سەرنجی خۆیان دەربارەی ئەو دادگا ڕووکەشییەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەربڕی، کە گەنجانی کورد بەرەو سێدارە دەبات.

لەسەرەتا ئارام حاجی یاساناس و مافپەرور ڕایگەیاند: "بەر لە دروستبوونی ڕووداوەکە دەبێت بڵێین، هەبوونی ئەم کارەکتەرانە لەسەر چ بنەمایەکە؟ ئایە هەبوونی ئەم کەسانە هەبوونێکی یاساییە؟ ئایە هەواڵ و ئاگاداری پێش وەختی دەزگا تایبەتەکانی تایبەت بە هاتنە ناوەوەی بیانی لەسەرە یان نا؟.

بۆ نمونە ئەو کەسەی کە کوژراوە لە چوارچێوەی شاندی کونسوڵییە و دیبلۆماسی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا ناسێنراوە؟ وەزارەتی دەرەوە ئەم هەبونەی بە شێوەیەکی یاسایی ناساندووە؟.

"ڕێکارەکان ئەشێت بەلاڕێدا چوبێتن"

هەروەها دەربارەی گرتنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی ئەندامەکەی دەزگای سیخوڕی تورکیا (میت) ناوبراو وتی: "لە ناو ئەم ڕوداوەدا کەسانێک، کە هاونیشتمانیی هەرێمن و کەسانێک کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین دەستگیرکراون، ماوەیەکی زۆر هیچ دادگایی کردنێکی ئاشکرا ڕووینەدا و ئەو ڕێکارانەی، کە دادگاییکردنەکە پێویستە لە ڕوی دادگاییەوە بە خۆییەوە بیبینێت دیار نین لەبەرچاو نین، ئەمە جۆرێکە لە تەم و مژ و گومان دەخاتە سەر ئەوەی، کە ڕێکارەکان ئەشێت بەلاڕێدا چوبێتن و ئەشێ پرسیاریان لەسەر دابنرێت و لە هەمانکاتیشدا ئێمە نازانین لایەنەکانی ناو کردەی ڕووداوەکە چۆن بە چی میکانزمێک لە ڕوی یاساییە و یاخود لە ڕوی دادگایی کردنەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە."

نازانرێت مافی داکۆکیکردنی تۆمەتبار لە چ ئاستێکدا بوە؟

ئەو یاساناسە ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسای عێراقی و یاسای دادگاییکردن، کە باس لە شێوەی دادگایکردن دەکات، هەموو ڕێکارەکانی پەیوەند بە دادگایکردنەکە بوونی هەبووە یان نا؟ و لەوبارەیەوە وتیشی: "لەبەر ئەوەی شتێک لە بارەی ئەم ڕێکارەوە و چۆنیەتیی دادگایکردنەکە نەخراوەتەڕوو، پاشان نازانین مافی داکۆکیکردنی تۆمەتبار لە چ ئاستێکدا بووە، تەنانەت ڕەتکردنەوەی دادگای تایبەت بە ڕوداوەکە لەسەر چ بنەمایەک بوووە؟. کاتێک من داکۆکی لە مافی خۆم ئەکەم و ئەم داکۆکییەم لە ڕوی دادگاییەوە ڕەت دەکرێتەوە، دەبێت ڕێکار بەندی هەبێت بۆ ڕەتکردنەوە لە ڕوی یاساییەوە. دادگا کاتێک داکۆکی من ڕەت دەکاتەوە پێم دەڵێت، لەسەر ئەم بنەما یاساییانە ئەم داکۆکیەی تۆ ڕەت دەکەینەوە. پرسەکە ئەو مافەیە کە ئایە ڕەوایەتیی خۆی وەرگرتوە یاخود پێشێل کراوە. ئەگەر پارێزەری ئەم تۆمەتبارانە ڕێگریان لێکرابێت لە پێشکەشکردنی بەڵگەنامە یاخود بۆ نمونە ڕێگریان لێکرابێت لە هەبونی ئەوان لە دادگاییکردنەکە، هەمو ئەمانە جێگای پرسیارن لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ناڕۆشنییە ئەوە دروست دەبێت، کە نازانین دادگایی کردنەکە چۆن بەڕێوەچووە. نازانین قەناعەتی دادگا چۆن بوە لە کاتی بڕیاردان لەسەر لەسێدارەدانی دوو هاونیشتمانیی بیانی، هەروەها ئازادکردنەکەی دوو هاونیشتیمانییە عێراقییەش بە هەمان شێوە کتوپڕ ڕوویدا، نازانین دادگا لەسەر چ بنەمایەک بڕیاریداوە. کەواتە ئەمانە هەمویان ئەو ڕێچکەی لێکۆڵینەوەیەی دادگایکردنە دەخەنە ژێر پرسیار. لەمەش گرینگتر ئەوەیە ئایە لە ناوەڕاستی دادگایی کردنەکەدا بەپێی ئەوەی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە نەتەوەیی و سیاسییەکان، کە مافی هاووڵاتیی بیانی دەپارێزێت لە کاتی بەڕێوەچونی دادگاییدا و کۆمەڵێک مافی هەیە جیاوازە لە مافی هاووڵاتییەکی نیشتمانی. بۆ نمونە بیانی لێبوردنی قبوڵە ئەگەر ئاگای لە یاسا ناوخۆییەکان نەبێت، بەڵام هاونیشتمانی لێبوردنی قبوڵ نییە ئەگەر ئاگای لە یاسا ناوخۆییەکان نەبێت. حیکمەت لەم بنەمایانەدا ئەوەیە، کە دەسەڵات تەقدیری قەزا ئەخاتە بەر مەوقفێکی عادیلانەوە، کە بتوانێت کار لەسەر سەپاندنی دادپەروەری بکات، ئیش لەسەربەڕێوەچونی دادگایەکی دادپەروەرانە بکات. بەڵام ئێمە لەبەر ئەوەی کۆی ڕوداوەکە زیاتر لە کردەیەکی تاوانکاری، لە کردەیەکی هەواڵگری و سیخوڕی ئەچێت نازانین چۆنە.

"دەبێت دادگا وەڵام بداتەوە"

ئارام حاجی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵیت: "عقوبەی ئیعدام یەکێکە لە سزا ئەسڵییەکان لە سزای عێراقیدا. لەبەر ئەوە بڕیاردان بە سێدارەدان بۆ دوو تۆمەتباری بیانی لە کردەیەکی تاوانکاری تەمومژاویدا، کە ڕەهەندە یاسایی و لێکۆڵینەوەکانی وەکو پێویست تاکو ئێستا ڕونن نەبونەتەوە و لەبار چاودا نییە و نازانین چۆنە. پاشان مافی تەمیزکردنەوەی بڕیارەکە لەسەر چ بنەمایەکە؟ لە ماوەی یاسایی خۆیدا جێبەجێ کراوە؟ ڕێگریی لێنەکراوە؟. بۆ نموونە وەڵامی مەحکەمەی تەمیز لەسەر ئەم مەسەلەیە چی بووە؟ و داوای گۆڕینی مادەکەی کردوە یاخود سەر لە نوێ داوای ئیجرائاتی مەحکەمەی کردووە؟ ئەمانە ئێمە نایزانین، چونکە سەر لە بەری ئەم ڕێکارانە هەر لە سەرەتای ڕوودانی ڕوداوەکەوە تاکو دەرچونی بڕیاری دادگا و دواجار ئەو تەعنە تەمیزەی کە پێویستە لەسەر ئەو بڕیارە هەبێت لەلایەن مەحکەمەی تایبەتەوە، دواجار وەڵامی مەحکەمەی تەمیزیش بەرامبەر بەو تانەی تەمیزیە لە زۆربەی ئەگەرەکان مەحکەمەی تەمیز وەڵامی بداتەوە قابیلی تەعن نییە. ئەم بابەتانە نە لە ڕێگەی پارێزگارەکانی ئەم دوو تۆمەتبارەوە ئاشکرا کراوە نە لە ڕێگەی شیکردنەوەی ماددە یاساییەکەی کە پێی تاوانبار کراون نازانین چ مادەیەکە. دەبێت دادگا وەڵامی ئەمانە بداتەوە، چونکە کاتێک بڕیارێکی دادگایی دەرەچێت لەلایەن دادگایەکی تایبەتمەندەوە، ئەبێت بڕیاری قەزاییەکی کە دەرەچێت لەسەری و ئەو بڕیاری حوکمە دەبێت ئاشکرا بکرێت، ئێمە نایزانین تاکو ئیستا بەیان نەکراوە، نازانین پارێزەرەکان لەو بارەیەوە چی ئەڵێن. ئەو ئیجرائاتانەی لەسەر بڕیار بە حوکمەکە و بڕیاری قەزاییەکەش کە کراوە چی لەسەر بینا کراوە و تا ئێستا ئێمە نایزانین.

"ئەم دادگاییکردنە لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵیک مامەڵەی هەواڵگری و سیاسیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەزگای میتی تورکی بەرێوەچوە"

ئەو یاساناسە کۆی پرۆسەی دادگایکردنەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێت: "من وای دەبینم ئەم دادگاییکردنە لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵیک مامەڵەی هەواڵگری و سیاسیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەزگای میتی تورکی بەڕێوچووە. بە جۆرێک دیزە بە دەرخۆنەیەکی یاسایی کرابێت و شێوازێک لە بەڕێوەچونی دادگاییەکی کارتۆنی نا شەفاف ڕێکخرابێت، ئەگینا بەپێی یاسا بنەما دادبینییە جەزاییەکان ئەکرا نوێنەرانی لایەنەکانی دیکە حزوریان هەبێت یاخود ئەگەر موجیباتێک هەیە، کە دەبێت دادگاییکردنەکە داخراو بێت دەبوایە ئاشکرا بکرایە و باسیان بکردایە. بۆ نمونە دەبوو بوترایە لەبەر ئەم هۆکارانەی لای خوارەوە ئەم تاوانە پەیوەندی بە بابەتی ئاسایشی هەرێمەوە هەیە، بۆیە بە شێوەی کراوە بەرێوەناچێت. هیچ شتێک لەمانە نەخراونەتەڕوو و تەنها ئەوە نەبێت، کە ڕوداوێک ڕوویداوە و چەند کەسێکی تیاداگیراوە، یەک دوانێکی تیا بەردەبێت و یەک دوانێکی تری سزای لە سێدارەدان ئەدرێن، چۆن؟ بۆ؟ لەسەر چ بنەمایەک؟ تاکو ئێستا هیچ ئاشکرا نییە. بە کۆی گشتی یەک پرسیاری گەورە لەسەر شێوەی بەڕێوەچونی ئەم دادگایکردنە دادەنێت.

"پێویستە قەزای عێراقی لەم بابەتە ئاگادار بکرێتەوە"

مەحکەمەی تایبەت دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام دەسەڵاتێکی یاساییانە نەک دەسەڵاتێکی ژێر بە ژیر و نا ڕۆشن و تەم و مژاوی. لەهەمان کاتدا لەسەر بنەمای ئەنجامی مەحکەمە پێویستە قەزای عێراقی لەم بابەتە ئاگادار بکرێتەوە، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار  ئاگادار بکرێتەوە لەبەر ئەوەی ئەم کەسانە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین، چونکە جاری وا هەیە هەندێک بابەت حوکم دەکات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی، ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەیا، دەبێت دادگای تایبەت وێنەیەک لە پەڕاوەکانی بنێرێت بۆ دادگای فیدراڵ و لەوێوە هەڵسەنگاندنێک بۆ بڕیارە قەزاییەکە بکرێت یاخود ڕەنگە پێویست بەوە بکات لە دەسەڵاتەکانی ئەو دادگاییە وەربگیرێتەوە و بدرێتە دادگای فیدراڵی. لەبەر ئەوەی ناڕۆشنییەک هەیە لە بەڕێوەچونی دادگاییەکە ئێمە نازانین ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ دادگای فیدراڵی هەبووە یان نا.

"پەلەپەلی پارتی لە کەیسەکەى هوقەبازدا دیارییەکی سیاسییە بۆ تورکیا"

دەربارەی ڕەهەندە سیاسییەکەی ئەو دۆسیەیە قادر نارد چاودیری سیاسی بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند: "دیارە ئەو کەیسە کەیسێکی سیاسییە، بۆیە هەر زوو دادگا ڕێچکەی خۆی وەرگرت و هەم بڕیای بۆ دەرکرد، ئەگەر نا ئێمە ئاگادارین بە هەزاران کەیس هەیە بە ساڵانە یەکلایی نەکراوەتەوە، خەڵکانێک هەیە بە ساڵانە لە زینداندان تا ئێستا نە دراونەتە دادگا، ئەو پەلە پەلەی پارتی لە کەیسەکەی هوقەباز دیارییەکی سیاسییە بۆ تورکیا و تۆڵکردنەوەیەکی سیاسییە لە لایکی تر".

ئەو چاودێرە سیاسیە پێشیوایە: "ئەو بڕیاری لە سێدارەدانە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک شانازی ڕایگەیاند، بڕیارێکی شەرم هێنەرە نەک شانازی، ساڵانە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ یاسای لە سێدارەدان شەرمەزار دەکەن."

قادر نادر ئەوەشی وت: "ئێمە  ئەو دادگاییەمان پێ دادگایەکی سیاسییە و گاڵتەکردنە بە دادگاکانی کوردستانیش، ئەو دادگایە هیچ ڕەوایەتییکی نییە."

ژ.ت