چەتەکانی داعش لە دەشتاییەکانی عێراق خۆیان ڕێکدەخەنەوە

بەپێی دوو ڕاپۆرتی پەنتاگۆن و نەتەوەیەکگرتوەکان، چەتەکانی داعش لە سووریا وعێراق خەریکن زیندوو دەبنەوە. دەوترێت، تیمی چەتەکان بە تایبەتی لە دەشتاییەکانی عێراقدا خۆیان ڕێکدەخەنەوە.

لە دوو ڕاپۆرتدا کە ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوکراوەنەتەوە ڕاگەیاندراوە، داعش بە ٣٠ هەزار ئەندامی بیانی هێشتا هەڕەشە دەکات. ڕاپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە ئەو داعشەی تێکشابوو، لە نوێوە گەڕاوەتەوە.

ئەو پسپۆرانەی کە بۆ رۆژنامەی (L'Echo)ی بەلجیکی قسەیان کردووە ڕایانگەیاندووە، ئەوە هەڕەشەیەکی جدییە.

دوایین مۆڵگەی داعش لە ئازاری ٢٠١٩ لە لایەن قەسەدەوە تێکشکێندرابوو. هەرچەندە بشوترێت کە تێکۆشان لەدژی داعش کۆتایی هاتووە، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاشکرای دەکەن کە دۆخەکە جیاوازە. سەرچاوەیەکی دیبلۆماسی بەلجیکی دەڵێت، "ئەوە دۆخێکی سورپرایز نییە".

چەتەکانی داعش هێشتا لە ئەفریقا و رۆژئاوا چالاکن. چەندین دەستە و تیم بەیعەتیان بە داعش داوە و بەوشێوەیە کاری تیرۆریستی دەکەن.

رەسولۆف گلەنن، سەرپشکنەری ئۆپەراسیۆنی ئینهەرنت کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە تێکۆشانە لە دژی داعش لە عێراق و سوریا، لە ٢ی ئابی ٢٠١٩/١١ی گەلاوێژدا راپۆرتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند، چەتەکانی داعش لە عێراق هێرشی خۆکوژیی دەکەن، خەڵک دەڕفێنن و زەوییەکان دەسووتێنن. لە هەمان ڕاپۆرتدا هاتووە: "هەروەها لە سوریا بنکەی ژیانەوەیان دروست کرد هێزی فەرماندەییان لە عێراق بەرفراون کردووە".

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی پەنتاگۆن ١٤- ١٨ هەزار ئەندامی داعش لە سوریا  و عێراق هەیە.

جۆنەتان سپایەر، لێکۆڵەری و پسپۆری داعش لە ئەنستیتۆی (Jerusalem Institute of Strategy and Security 'JISS') ڕایگەیاند، کاتێک چەند مانگێک لەمەوبەر چووە عێراق بینیویەتی لە دەشتەکانی عێراق داعش خۆی رێکدەخاتەوە. بەبۆچوونی سپایەر دۆخەکە لە باکور و باشوری سوریاش هەمان شێوەیە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ١٥ی تەمووزی ٢٠١٩/ ٢٤ی پووشپەڕ ڕاپۆرتێکی بە هەمان شێوە بڵاو کردبوەوە.

ک-ش