چەکدارانی تالیبان سەربازێکی ئەمریکیان کوشت

لە کاتێکدا کە ئەمریکا و تالیبان چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن، چەکدارانی تالیبان سەربازێکی ئەمریکیان کوشت.

هێزەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، ڕۆژی دووشەممە سەربازێکیان کوژراوە، بەڵام زانیاری زیاتریان بڵاونەکردەوە.

زەبیهوڵلا موجاهید وتەبێژی تالیبان بە AFP ڕایگەیاند، لە ناوچەی چار دارای هەرێمی کوندوز ئۆتۆمبێڵیکی ئەمریکی لە لایەن تالیبانەوە تەقێنراوەتەوە.

دەوترێت، کوشتنی سەربازی ئەمریکی کاریگەری گەورە لە سەر کۆبوونەوەکانی نیوان واشنتن و تالیبان دروست دەکات. دانوستانەکانی هەردوولا دوو ساڵە بەردەوامە.

لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە دوای ئەوەی ١٢ کەس کوژران کە یەکێکیان سەربازێکی ئەمریکی بوو، دۆناڵد تڕەمۆ سەرۆکی ئەمریکا دانوستانەکانی لەگەڵ تالیبان ڕاگرت. تا لێدوانەکەی تڕەمپ زەمینەیەک خوڵقابوو کە هەردوولا زۆر لەیەکەوە نزیک ببوونەوە.

تڕەمپ لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان لەگەڵ تالیبان سەرلەنوێ دەستپێدەکەنەوە. بە پێی پڕۆژەی دانوستانەکان، لە جیاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تالیبان گەرەنتی ئارامی دەدات و لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان دەست بە دیالۆگ دەکات.

لە مانگی کانونی یەکەم دا دوای هێرشی سەر نەخۆشخانەیەک نزیک بارەگایەکی سەربازی ئەمریکا لە باگرام لە باکوری کابول، دانوستانەکان جارێکیتر ڕاگیران.

باسی ئەوە دەکرێت، لە ساڵی ٢٠١١ەوە زیاتر لە ٢٤٠٠ سەربازی ئەمریکی لە لایەن تالیبانەوە کوژراون.

ف.ق