ڕووسیا: فڕۆکەکانی ئیسرائیل مەترسیان لە سەر فڕۆکەیەکی مەدەنی دروست کردووە

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئاشکرایدەکات، ئیسرائیل لە بەرامبەر سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریا، سوود لە فڕۆکە مەدەنیەکان وەردەگرێت بۆ پاراستنی خۆی لەکاتی هێرشەکاندا.

ئیگور کوناشینکوف، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەرەبەیانی دوێنێ چوار فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئیسرائیلی بەبێ بەزاندنی سنوری ئاسمانی سوریا، بە هەشت موشەک بۆردومانی چەند ناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی دیمەشقی نێودەوڵەتییان کردووە و سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریاش وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.

بەپێی بەیاننامەکە، هێرشەکان لەکاتێکدا بووە، فڕۆکەیەکی مەدەنی لە جۆری ئێرباس ٣٢٠ کە ١٧٢ سەرنشینی هەڵگرتووە و لە دیمەشقەوە بەرەو تاران فڕیوە.

کوناشینکوف، ڕونیکردووەتەوە، بە هەوڵی ئامێری پێشکەوتووی چاودێری لە فڕۆکەخانەی دیمەشق، فڕۆکە مەدەنییەکە لە مەترسی و هێرشی فڕۆکەکە ئیسرائیلیەکان دوورخراوەتەوە و بە ناچاری لە فڕۆکەخانەی سەربازی ڕوسیا لە بنکە حومەیمە لە سوریا نیشتووەتەوە.

وتەبێژی بەرگری ڕوسیا باسی لەوەشکردووە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل سوود لە فڕۆکە مەدەنیەکان وەردەگرێت بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر سیستمی بەرگری ئاسمانی سوریا و دانانی لەمپەر لەبەردەمیداو خەمساردە لە گیانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی بێتاوان.