ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی؛ ئێران مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا باسی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکات

ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەشەممە/٢٣ی شوبات، ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ڕابردووشدا بەردەوام بووە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوەکەدا کە ڕۆژی هەینی بڵاو بۆتەوە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە گرینگی پێدراوە و راگەیەنراوەکە ساڵی ڕابردوو لە ئاستێکی زۆر بەرفرەواندا مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشل کراوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە: لە سێدارەدانی منداڵانی خوار ١٨ساڵ، پێشێل کردنی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادی دینی و مەزهەبی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، سزای نامرۆڤانەی وەک لێدان بە قامچی، پەڕاندنی دەست، کوێر کردنی چاو، گوشار و شکەنجە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، پێشێل کردنی مافی دەستبەسەرکراوان، ڕێگریکردن لە دەستپێڕاگەیشتنی گیراوانی سیاسی بە دوکتوور و دەرمان و دڕێژە پێدان بە دەیان کردەوەی نامرۆڤانەی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە ژنان، منداڵان، کەمینە ئایینی و ئەتنیکییەکان، بەشێکن لەو پێشێل کارییانەی کە لەلایەن لێپرسراوانی ئێرانییەوە بەڕێوە چوون.

لەبەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەییدا باسی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەوساڵ دەکات کە لە ئەنجامی ئەو ناڕەزایەتییانەدا ٢٥کەس لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە کوژراون و زیاتر لە ٢هەزار کەس دەستبەسەر کرابون.

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ژمارەی دەستبەسەرکراوانیان زیاتر لە ٣٧٠٠کەس ڕاگەیاندبوو و لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کوژرانی لاوانی ناڕازی لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا نەکراوە.