ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ HRW، داوای لە ئێران کرد سزای لەسێداره‌دانی منداڵان ڕابگرێت

ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ - HRW لە بەیاننامه‌یه‌كدا ڕه‌خنەی تووند ئاراستەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كات به‌هۆی جێبه‌جێ كردنی سزای لەسێدارەدانی ٣ كه‌س كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ژێر ١٨ ساڵییه‌.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانی سێ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە زیندانه‌كانی ئێران، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە بەیاننامه‌یه‌كدا ئەم کردەوەیه‌ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شەرمەزار کرد و داوای ڕاگرتنی سزای له‌سێداره‌دانی منداڵانی كرد.

ڕێكخراوه‌كه‌ ڕایگه‌یاند؛ «ئەمیرحوسەین پوورجەعفەر - تەمەن ١٦ ساڵ» بە تاوانی کوشتن لە ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار/٤ی کانوونی دووه‌م لە به‌ندیخانه‌ی کەرەج لەسێدارە دراوە. هەروەها «عەلی کازمی - ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ» بە تاوانی کوشتن لە ڕێكه‌وتی ١٠ی ڕێبەندان/٣٠ی کانوونی دووه‌م لە به‌ندیخانه‌ی بوشەهر لەسێدارە دراوە. لە هەمان ڕێكه‌وتدا ژنێک بەناوی «مەحبووبە موفیدی - ته‌مه‌ن ١٧ ساڵ» بە تاوانی کوشتنی مێردەکەی لە به‌ندیخانه‌ی هەمەدان لەسێدارە دراوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزبه‌ندی سزای لەسێدارەداندا، له‌دوای وه‌ڵاتی چین له‌ پلەی دووه‌مین دایه‌ و له‌ ڕیزی وه‌ڵاتانی عەره‌بستانی سعوودیه‌، پاکستان، یەمەن و غەزە دایه‌ كه‌ سزای له‌سێداره‌دانی منداڵان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.

 

ش. م