ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە پێنج کەس

پارێزرێکی بەناوبانگی ئێرانی دەڵێت، جگە لە سینا قەنبەری، موحسن عادلی و وەحید حەیدەری کە ناویان بڵاوکراوەتەوە، دوو دەستگیرکراوی دیکەش لە زیندانی ئەویندا گیانیان لە دەستداوە، بەڵام ناوەکانی ئاشکرا نەکردوون.

 

نەسرین ستوودە، پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە بەشی فارسیی ڕادیۆ ئازدی ئەوروپا-ی ڕاگەیاند، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خانەوادەی دەستگیرکراوان بە دەستی گەیشتووە، ئاگادارە کە دوو دەستگیرکراوی دیکەش لە زیندانی ئەویندا گیانیان لە دەستداوە.

بەم شێوەیە ژمارەی ئەو دەستگیرکراوانەی گیانیان لە دەستداوە یان کوژراون لە زیندانەکانی ئێراندا دەگاتە پێنج کەس، کە سیانیان لە زیندانی ئەوینی تاران بوون و ئەو دووانەی دیکەش لە زیندانی دزفولی سەربە ئەهواز و زیندانی شاری ئەراک بوون.

جێگای ئاماژەیە، کە لە ئەنجامی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی سیاسی، ئابوری و سەربازیی حکومەرتی ئێران کە ماوەی دە ڕۆژی لە زیاتر لە ٧٠ شار و شارۆچکەی ئێران بەردەوام بوو، ٢١ خۆپیشاندەر کوژران، کە حکومەتی ئێڕان بانگەشەی ئەوەی کرد، کە ئەوانە لەلایەن خودی خۆپیشاندەرانەوە کوژراون، لە زیندانەکانیشدا تا ئێستا کوژرانی پێنج دەستگیرکراو ڕاگەیەندراوە، کە حکومەتی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات خۆیان کوشتووە