ژمارەی قوربانیانی ڕاپەرینی گەل لە ئێران لە زیادبووندایە

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە توندوتیژی و بەکارهێنانی گولـلەی جەنگی دژی خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، دۆخی ئێران بە شێوەیەکی لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە.

ڕابرت کلویل وتەبێژی نووسینگەی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران قسەیکرد و نیگەرانی خۆی لە بەکارهێنانی "گولـلەی جەنگی دژی خۆپیشاندەران" دەربڕی.

کلویل ڕایگەیاند: توندوتیژییەکانی دەوڵەتی ئێران کە لەگەڵ پێوانە جیهانییەکان ناگونجێت، لە ڕادەبەدەر نیگەرانی کردوین، بە تایبەت لە بەکارهێنانی گولـلەی جەنگی دژی خۆپیشاندەران.

کلویل هەروەها وتی: ژمارەی کوژراوەکان بێگومان لە ١٠٠ کەس زیاترە، بۆیە پێویستە دیمەنێکی ڕوونترمان بێتە بەر دەست، بەهۆی ئەو ناڕوونییەوە، دۆخی ئێران لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە.

کلویل داوای لە کاربەدەستانی ئەمنی ئێران کردووە، کە دەست لە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بپارێزن و پابەندی پێوانە جیهانییەکان بن، هەروەها داواشی لە خۆپیشاندەران کردووە خۆیان لە توندوتیژی دوور بگرن و زیان بە سامانە گشتییەکان نەگەینن.

بە پێی بانگەشەی ڕژێم ئەوانەی کە کوژراون سەر بە هێزە ئەمنیەکانن

میدیای فەرمی ئێران بانگەشەی ئەوەدەکات، لەماوەی ٤ ڕۆژی ڕابردوودا لە ئەنجامی خۆپیشاندانەکاندا بە تەنها ٥ کەس کوژراون. هەروەها دەڵێن ٣ کەس لە کوژراوەکان ئەندامی هێزە ئەمنیەکانن.

هەروەها هیزێکی زۆر بۆ گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانی تارانی پایتەخت جوولەیان پێکراوە. لە تاران ڕۆژ بە ڕۆژ خۆپیشاندانەکان فراوان دەبن.

ف.ق