ژمارەی کوژراوانی بەیروت گەیشتە ١٥٤ کەس

بە پێی دوایین ئامارەکان، ئەو کەسانەى بەهۆی تەقینەوەکەى رۆژی سێشەممەی بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە کوژراون، گەیشتووەتە ١٥٤ کەس.

تەقینەوەکە رۆژی ٤ی ئاب لە بەندەرگەیەکى بەیروتی پایتەختی لوبنان روویدا و بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر بە بەشێکى زۆری شارەکە گەیشت.

وەزیری تەندروستیی لوبنان حەمەد حەسەن رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە ١٥٤ کەس. نیگەرانیی ئەوەش هەیە ئامارەکە زیاتر بکات، چونکە تاوەکو ئێستا هەندێک کەس بێسەروشوێنن.

حەمەد حەسەن راشیگەیاند، نزیکەى ٥ هەزار کەسی تریش بریندار بوون و سەدا ٢٠ی بریندارەکان بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە ناچارن لە نەخۆشخانەکان دا بمێننەوە و چارەسەرییان بۆ بکرێت و باری تەندروستیی ١٢٠ کەسیشیان قورسە.

دەوترێت تەقینەوەکە لە عەمبارێک دا روویداوە، کە هەزاران تۆن ئامۆنیومی نیتراتی تیادا بووە.

دواى تەقینەوەکە گەل رژایە سەر شەقامەکان و توڕەیی خۆی نیشاندا.

لە شەوی پێنجشەممە و هەینی دا لە بەیروتی پایتەختی لوبنان چالاکی و ناڕەزایەتی ئەنجامدران.

پۆلیسیش بۆ بۆمبی گازی دەستوەردانی لە خۆپیشاندانەکاندا کرد.

ژ.ت