ژنانی کورد لە بروکسەل لە دژی توندوتیژی رێپێوانێکیان سازکرد

ژنانی کورد کە لە چەندین وڵاتی ئەورۆپاوە لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە، داگیرکەریی دەوڵەتی تورک و توندوتیژی دژی ژنانیان شەرمەزار کرد. داواشیان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد لە دژی داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

بە سەدان ژنی کورد کە لە چەندین وڵاتی ئەورۆپاوە لە بروکسەلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە، سەرەتا لە بەردەم ستادیۆمی ناوەندی ترێن-ی شارەکە گرد بوونەوەو بە ئاڵاکانی یەپەگەو یەپەژە بەرەو گۆڕەپانی لۆکسەمبۆرگ کە دەکەوێتە نزیک پارلەمەنی ئەورۆپاوە، بەڕێکەوتن.

لە رێپێوانەکەدا پانکارتی "توندوتیژی شێوازێکی فاشیزمە، خۆپاراستن مافی ئێمەیە" بەرز کرانەوە.

چالاکانی ژنان، پشتیوانییان بۆ ژنانی وڵاتی چیلی دەربڕی و وەک هێمایەک بۆ پشتیوانییەکە، چاوەکانیان بە پەڕۆی رەش بەست و گۆرانی فێمینیست (Un violador en tu camino) یان وتەوە.

ژنان هەروەها داگیرکەریی دەوڵەتی تورکیان لە رۆژئاوای کوردستان، شەرمەزار کرد و بانگێکیان ئاڕاستەی رێکخرە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لە دژی داگیرکەری، بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن. چالاکانی ژنان هەروەها داوایان کرد کە لە رۆژئاوای کوردستان ناوچەی دژەفڕین رابگەیێنرێت و فڕینی فڕۆکەی سوپای تورک قەدەغە بکرێت.

بزوتنەوەی ژنانی کورد-ی ئەورۆپا کە رێکخەری چالاکییەکە بوو، بەیاننامەیەکی بڵاو کردوەوە کە تێیدا هاتووە:

"بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشە قڕکەر و داگیرکەرییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان بهێنرێت، پێویستە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەموو هەوڵەکانییان بخەنە گەڕ.

بە تایبەت لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لە دژی ژنان و منداڵان لە رۆژئاوای کوردستان تاوانی دڕندانە ئەنجام دراون. بەرپرسیاری یەکەمی ئەم تاوانانە خودی ئەردۆغانە. ئەردۆغان دوژمنی ژنانە. هەموو ئەو ژن و منداڵانەی کوژراون، بە بڕیاری ئەردۆغان بووە، بۆیە پێویستە ئەردۆغان لە دادگایەکی نێودەوڵەتی دادگایی بکرێت.

پێویستە ناوچەی دژە فڕین لە رۆژئاوا راگەیێنرێت.

هێرشە قڕکەر و داگیرکەرییەکان  کە لە بەر چاوی تەواوی جیهان ئەنجام  دەدرێت، پێویستە بە زووترین کات بوەستێنرێن."

چالاکییەکە کە لە بەردەم پارلەمانی ئەورۆپا رێکخرابوو، بە دانسی (Koreografi) وەک هێمایەک بۆ وەستان لە دژی (توندوتیژی و لاقەکردن) لە لایەن فێمینیستانی وڵاتی چیلی-یەوە پێشکێش کرا و لە کاتژمێر ١٤:٠٠ بە کاتی ئەورۆپا کۆتایی پێهات.

ز.ش