"کشانەوەی سوپای ئەمەریکا بە بڕیاری عێڕاق دەبێت"

عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی کاتی عێڕاق لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە نایانەوێت عێڕاق ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاییکردنەوەی هیچ شەڕێک.

سەرۆک وەزیرانی کاتی عێڕاق لە ڕاگەیێنراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەی ناوبراوەوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرینگ دەدات سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێڕاق، دەربارەی کشانەوەی سوپای ئەمەریکاش ڕایگەیاند:" ئەمەریکا بە بڕیاری عێڕاق هێزەکانی لێرە ماونەتەوە و کشانەوەی هێزەکانیشی بە بڕیاری عێڕاق دەبێت".

عادل عەبدولمەهدی لە راگەیێنراوەکە باسی لەوەش کرد کە ئەمەریکا هاوکاری عێڕاقی کردوە بۆ لەناوبردنی داعش، بۆیە عێڕاق نایەوێت هیچ لایەنێک بگرێت لەم شەڕەدا و ڕازیش نین عێڕاق ببێت بە گۆڕەپانی شەڕی هیچ لایەنێک.

هەروها عەبدولمەهدی ڕونیشی کردەوە کە عێڕاق سوپاسگوزاری وڵاتی چینە و ڕێکەوتن لەگەڵ وڵاتی چین لە ئێستادا جێی باسی هەمو لایەنەکانە و بە گرینگیشی دەزانن، بۆیە بێ دوو دڵی ئەو ڕێکەوتنە لە پێناو گەلەکەیان جێبەجێ دەکەن و چینش وەک هەمیشە دۆستێکی نزیکی عێڕاق دەبێت. هەروەها لە لایەن نێردراوی چینەوە دڵنیایی بە عێڕاق دراوە کە هەمیشە پاڵپشت دەبن و لە هەوڵی بونیادنانەوەی عێڕاقێکی نوێدا دەبن.

ز.ش