کۆدار: تێکۆشانی خۆپیشاندەران زیندووکەرەوەی ژیانی ئازاد و دیموکرات

کۆدار ئاماژەی بە دەستپێکردنی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و تێکۆشانی خۆپیشاندەرانی بە زیندووکردنەوەی ژیانی ئازاد و دیموکراتی ناو بردووە و پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان ڕاگەیاندووە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و سەرەڕای پشتیوانی خۆی لە خۆپیشاندانەکان، سەرەخۆشی لە خانەوادەی گیانبەخت کردووان لە هەموو شارەکان کردووە و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان خواستووە، هەروەها کردەوە توندڕەوەکانی دەوڵەتی ئیران لەژێر ناونیشانی خەڵک خەڵەتێنی "ئاژاوەگێڕ" بە توندی ئیدانە کردووە.

کۆدار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستپێکردنی خۆپیشاندانی ڕەوا و سەربەخۆیانەی گەلانی سەرتاسەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو شوێنێکی ئێران، لە پاڵ زنجیرە سەرهەڵدانەکانی بەهاری گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوار بەشی کوردستان، عێراق و لوبنان مژدەدەری گەیشتنی بەهاری گەلان دوای زستانێکی سەختەوە هاتووە"دابەزاندنی ئاستی خۆپیشاندانەکان بە ناڕەزایەتی دەربرین بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کردەوەیەکی دژە سیاسی و ئەخلاقی‌یە، چونکە ڕژێم خۆی خولقێنەری هەژاری گەلە، کۆمەڵگای گەلانی ئێران لەم چەند ڕۆژەدا بە پێشکەشکردنی دەیان شەهید، داوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هەیکەلی وڵات دەکەن، کۆماری ئیسلامی وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی بە "ئاژاوەگێڕ" ناونانی خۆپیشاندەران، خەڵک دەخەڵەتێنێت کە ئەمە لە ناخی خۆیدا شەرمەزارە.

لە بەشێکی دیکەدا هاتووە: وەک کۆدار لەگەڵ تێگەیشتن لە پێویستییەکانی کۆمەڵگای قەیراناوی کە لەژێر فشار دایە و بینینی خۆپیشاندانەکان و بیستنی پەیامی ناڕازییان، پشتیوانی تەوای خۆمان ڕادەگەینین و جەخت دەکەینەوە کە قەیرانی هەنووکەیی، زیاتر لە قەیرانێکی ئابوری، قەیرانێکی زیهنییەتی تێکدەرە، ڕژێم و سوپای پاسداران بە توندوتیژییەکی بێسنوور و کوشتنی بێبەزەییانە وەڵامی خۆپیشاندەرانیان داوەتەوە.

کۆدارجەخت لە نەبوونی دەستی دەرەکی لە خۆپیشاندانەکان دەکاتەوەو دەڵیت: بێگومان ئەم سەرهەڵدانە دوورە لە دەستێوەردانی هەر چەشنە دەستێکی دەرەکی و ئاژاوەگێڕی، ئەم سەرهەڵدانە دیموکراتییە بۆ ئەوەی بە سەروەری تەواوی گەل بەردەوام بێت، پێویستە "کۆمیتەکانی ڕێکخستنی گەل" لە هەموو شارەکان دامەزرێت تا بە بڕیاری دروست و بەجێی خواستەکانی خەڵک ڕابگەیەنێت و بگاتە ئەنجامی خوازراو، سەروەری دیموکراتی ئەم کۆمیتانە مەرجی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی پێش لە دەستی تێکدەری جاش و هەواڵی درۆی ڕژێم بگرێت، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی جیاواز لە سەرهەڵدانەکانی ڕابردوو وەرگرێت، بێگومان لەم ڕێگایەدا کۆدار شوێنی داواکارییەکانی گەل دەکەوێت، بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی یەکجاری، بەردەوامکردنی ڕۆژانەی خۆپیشاندانەکان لەلایەن ژنان و گەنجان و توێژەکانی ستەملێکراوی دیکەی کۆمەڵگاوە پێویستە.

لە کۆتاییشدا هاتووە: داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای کۆڵنەدەر دەکەین بێنە شەقامەکان، گرانی ئەم سەرهەڵدانە لەسەر شانی گەنجان و ژنان وەک کۆڵەکەی بەرچاوی توێژەکانە، ئەم سەرهەڵدانە دیموکراتییە، هیوابەخشی گۆڕانکارییەکی ئازادیبەخش لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و وەک کۆدار پشتیوانی لێی بە ئەرکی مرۆڤی خۆمان دەزانین، دامەزراندنی حکومەتی دیموکراتی، سەقامگیر و گەشاوە، مافی ڕەوای هەموو گەلانی ئێرانە، هەر بزوتنەوەیەکی گەل بێگومان سەردەکەوێت.

ف.ق