کۆمکاری عەرەبی داواى لە تورکیا کرد هێزەکانى لە عیراق بکشێنێتەوە

ئەنجوومەنى کۆمکاری عەرەبی لە ١٥٠هەمین کۆبوونەوەیەدا داواى لە تورکیا کرد هێزەکانى لە عێراق بکشێنێتەوە و دەست لەکاروبارى ناوخۆیى عێراق وەرنەدات.

وەزیرانى دەرەوەى ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی ١٥٠هەمین کۆبوونەوەی لە قاهیرەى پایتەختى میسر و بە سەرۆکایەتیى محەمەد ئەحمەد وەزیرى دەرەوەى سودان و بە بەشداریى ١٧ وەزیرى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبیى، سودان، سعودییە، میسر، فەلەستین، ئیمارات، جەزایر، ئوردن، عێراق، یەمەن، لیبیا، کوێت و بەحرەین بەڕێوەچوو.

ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی پشتبەستبوو بە بڕیارى ژمارە ٧٩٧٨ی کانوونی یەکەەمی ٢٠١٥ی کۆمکارەکە داوای لە تورکیا کرد هێزە سەربازییەکانى لە عیراق بکشێنێتەوە.

ئەندامانى ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبی داواشیان  لە تورکیا کرد "دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆیى عێراق نەکات، چونکە ئەو دۆخە زیان بە ئاسایش و ئارامیى ناوچەکە دەگەیەنێت".

هەروەها راشیانگەیاندووە، لە چوارچێوەى یاسا نێودەوڵەتییەکاندا پشتیوانى لە هەڵوێستى بەغدا دژ بە تورکیا دەکەن.

لە دژى ئیسرائیل "دەوڵەتێکى نەژادپەرستە"

یەکێکى تر لە باسەکانى دانیشتنى ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبى بابەتى فەلەستین – ئیسرائیل بوو. ئەنجوومەنى کۆمکارى عەرەبى ناڕەزایەتیى بەرامبەر بڕینى هاوکارییە مرۆییەکانى ئەمریکا بۆ فەلەستین نیشاندا.

راشیانگەیاند، لەبەر ئەوەى ئیسرائیل خۆى بە ناوی "دەوڵەتى جووەکان" (دەوڵەتى یەهود) پێناسە دەکات، ئەوە کارێکى "نەژادپەرستانەیە".

 ئەحمەد ئەبو غیت سکرتێری گشتیى کۆمکارى عەرەبى وتى "پێشتر ئیسرائیل بەخۆی دەوت دەوڵەتى دیموکراتیک، بەڵام نیتانیاهوی سەرۆک وەزیران بە پەسەندکردنى یاسایەک (یاساى پەسەندکردنى ئیسرائیل وەک دەوڵەتى نەتەوەی یەهود) ئاپارتایدى ئیسرائیلی وەک دەوڵەتێکى نەژادپەرست خستەڕوو".

ر.م