کۆمیتەى تەندروستیی کەجەکە داوای توندترکردنەوەى رێوشوێنەکانى دژ بە کۆرۆنای کرد

کۆمیتەى تەندروستیی کەجەکە رایگەیاند "بە گرتنەبەری رێوشوێنی کەم و خەمساردانە ناتوانین خۆمان و کۆمەڵگە لە بەرامبەر ئەو ڤایرۆسە بکوژەدا بپارێزین". راشیگەیاند، نابێت ڤایرۆسەکە بە سووک و لاواز سەیر بکرێت.

کۆمیتەى تەندروستیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (Covîd-19) کە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ سەریهەڵدا و بەسەرتاسەری جیهاندا بڵاوبوویەوە، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. کۆمیتەکە سەرنجی خستە سەر ئیمکانیەتى کەمی کوردستان و گەمارۆ و نیگەرانییەکانى خۆیان لەبارەى لێکەوتنەوەى ئەنجامێکى مەترسیدار، بۆیە داوای لەگەل کرد رێوشوێنەکان توند بکەنەوە و بۆ ئەوەش ١٢ خاڵی لەبارەى رێوشوێنەکان و چۆنیەتیی خۆپاراستن بە هاووڵاتییان پێشنیازکردووە.

لە راگەیاندراوەکەى کەجەکەدا هاتووە:

"بە ناوی کۆمیتەى تەندروستیی کەجەکەوە بە رێزەوە سڵاو لە زەحمەتکێشانی کەرتی تەندروستیی کوردستان، رێکخراو و هێزەکان دەکەین، کە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەکۆشن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن. رایدەگەیەنین، لە کاتی لەمشێوەیەدا هەر کەسێک بە کاری پاراستن و هۆشیارکردنەوەى گەل هەڵبسێت بە ئەرکی مێژوویی خۆی هەڵدەستێت. هەروەها ئەو زەحمەتکێشانەى کەرتی تەندروستی کە بۆ پاراستنی مرۆڤایەتى لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا گیانی خۆیان بەخشیوە بە رێزەوە یادیان بەرز رادەگرین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکانیان و کەسوکاریان دەکەین.

لە چوارپارچەى کوردستان بە تایبەتى لە رۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان ژمارەیەکى نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، سەرباری ئەوەى لە سوریادا چەند نەخۆشی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا لە رۆژئاواى کوردستان هیچ حاڵەتێکى تووشبوو بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە. ئەوە بەو مانایە نییە، کە مرۆڤەکان لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابن.

ئەگەری ئەوە هەیە لە کوردستان دۆخەکە بگاتە ئاستی مەترسیدار

لە هەر چوارپارچەى کوردستان گەلەکەمان هەندێک دەستکەوتیى بەدەستهێناوە، بەڵام دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و رژێمی ئێران لە چوارچێوەی کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییەدا لە بەرامبەر دەستپێشخەرییەکانى گەلەکەمان بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو نەخۆشییە بوونەتە رێگر، لە باکووری کوردستان لەم کاتەدا شارەوانییەکانى گەل لەلایەن قەیومەەکانی دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا گیرا. ئەگەر گەلەکەمان بۆ خۆی رێوشوێنی پێویست نەگرێتەبەر، ئەوا جوگرافیای کوردستان کە پارچە کراوە، تواناکانی زۆر کەمن، کە لەلایەن هێزەکانى دوژمنەوە گەمارۆدراوە، بۆیە ئەگەری زۆرە دۆخی مەترسیدار رووبدات.

لە زیندانەکانى دەوڵەتانى تورک و ئێراندا پاکوخاوێنى و ئیمکانیەتەکان زۆر کەمن، بۆیە دەبێت بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ و هەموو زیندانییە سیاسییەکان هەموو کەسێک بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە.

'ئێمە ناچارین بە دیسیپلین بین و ئاگاداری خۆمان بین'

ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەریش بە ئەنقەست لەلایەن هێزەکانى شەڕەوە لە دژی کۆمەڵگە دروستکرابێت، یان وەک کاردانەوەیەکى سروشتی لە دژی تاڵانکاریی سروشت لە دژی شەڕ سەریهەڵدابێت، بەو مانایە نییە کە لەلایەن جیهان و لەلایەن گەلی کوردەوە بە نەبوو بزانرێت.

بۆ ئەوەى ئەنجامی مەترسیدار روو نەدەن، ئێمە ناچارین زۆر بە دیسیپلین بین و ئاگاداری خۆمان بین. دەبێت گەلەکەمان لە چوارچێوەى رێوشوێنە پێویستەکاندا، بەبێ ئەوەى چاوەڕێی هێزە دەوڵەتپەرستەکان بکات، رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنى خۆی بگرێتەبەر.

'نابێت کەس خۆی غافڵ بکات و ڤاپرۆسەکە بە کەم بزانێت'

دەبێت هیچ کەسێک بەرامبەر بە پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی غافڵ نەکات و ئەو دۆخەى ئێستا پێشتگوێ نەخات و دۆخەکە بە کەم بایەخی نەزانێت و بە وتنی 'ئێمە هیچمان لێ نایەت' رێوشوێنەکان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا سست نەکەن. دەبێت ئەوە بزانرێت، کە هۆشیارکردنەوەى کۆمەڵگە بۆ خۆپاراستن و ئامادەکاریی پێویست بۆ خزمەتکردنی چارەسەری، ژیانی هەزاران مرۆڤ رزگار دەکات.

دەبێت لە چوار پارچەى کوردستان و هەموو ناوچەکانی تردا، زەحمەتکێشانمان لە کەرتی تەندروستی، بەڕێوەبەرانی پەیوەندیدارمان و رێکخراوەکانمان تاوەکو ماوەیەک رێوشوێنەکانیان لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوەببەن و بەپێی گرتنەبەری رێوشوێنە پێویستەکان خۆیان و کاروباری خۆیان رێکبخەنەوە. گەلەکەمان لە هەر شوێنێک بێت، دەبێت بەشێوەى رێکخراو، بە پلان و بەبێ ئەوەى تووشی شڵەژان بێت، بە پشتوانییەکى بەهێز مەترسیی پەتای جیهانیی کۆرۆنا کەم بکەنەوە.

'بە گرتنەبەری رێوشوێنى لاواز، خۆمان و کۆمەڵگەکەمان دەخەینە مەترسیی گەورەوە'

بە داخەوە بە رێوشوێنی لاواز و کەم، نا ئامادەیی و گوێنەدان و کەمتەرخەمی، خۆمان و کۆمەڵگەکەمان دەخەینە مەترسیی گەورەوە، بۆیە هەر کاریک لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت گرنگە. لە رووی ژیانەوە ئیمە ناچارین رێوشوێن بگرینەبەر".

رێوشوێنەکان بۆ خۆپاراستن

لە راگەیاندراوەکەى کۆمیتەى تەندروستیی کەجەکەدا ئەم خاڵانەى خوارەوە بۆ رێوشوێن لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراوەنەتەڕوو:

١ – ئەگەرناچاری نەبێت، دەبێت هەموو جموجوڵێک بۆ دەرەوە کەم بکرێتەوە.

٢ – دەبێت مرۆڤ نەچێتە شوێنە قەرەباڵغەکان، بەلانیکەمەوە ١-٢ مەتر لە یەکترەوە دوور بن و کاتێکیش سڵاو لە یەکتر دەکەن، دەست لەگەڵ یەک مەدەنەوە.

٣ -  دەبێت لە شوێنە قەرەباڵغەکان کەمامە و دەستکێش بەکار بهێنین. ئەگەر کەمامەش دەستنەکەوت دەبێت هەمو کەسێک بەپێی تواناکانى خۆی کەمامەیەک دروست بکات، کە توانای شۆردنی هەبێت و هەموو جارێک دواى شۆردنی بەکار بهێنرێتەوە، تەنها دەتوانێت ئەوە بەکار بهێنێت و رێکارەکانى دژە ڤایرۆسی بگرێتەبەر و بە باشی پاکی بکاتەوە.

٤ – خۆپاراستن بەبێ پاوکوخاوێنیی دەورووبەر، پاکوخاوێنیی ناوماڵ، پاکوخاوێنیی کەسی و پاکوخاوێنیی شوێنە هاوبەشەکانی ژیان بەدی نایەت. دەبێت ئێمە ئەوە بکەینە خوویەک بۆ خۆمان کە بە بەردەوامی دەستمان بە سابوون بشۆرین و هەموو کەسێک کەسانى دەورووبەری خۆی هان بدات بۆ پاکوخاوێنی. ڤایرۆسەکە لە پلەى گەرمیی ٦٠-٩٠ دا، یان لەو شوێنانەدا کە پاکوخاوێنن و شۆردراون و کاتێک بە کلۆر پاکوخاوێن بکرێنەوە، لەناو دەچێت و کاریگەریی نامێنێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کات پاکوخاوێنی کەسی و دەوورووبەر رەچاو بکرێت.

٥ – هەر کەلوپەلێک کە لە دەرەوە دهێنرێن بۆ ماڵەوە یان کڕدراون، لەبەر ئەوەى مەترسیی بوونی ڤایرۆسیان لەسەر هەیە دەبێت بە باشی پاکبکرێنەوە و رێوشوێنی پاکوخاوێنییان بۆ بگیرێتەبەر.

٦ – پێویستە مرۆڤە بە تەمەن و تووشبوانی نەخۆشییە قورسەکان تاوەکو ئەو شوێنەى دەکرێت نابێت بچنە دەرەوە، خواردنی پڕ لە ڤیتامین و پڕۆتوین بخۆن، ئەو مرۆڤانەى لە دەرەوە دێن تاوەکو ئەو شوێنەى دەکرێت خۆیان لە کەسە بە تەمەن و نەخۆشەکان نزیک نەکەنەوە.

٧ – دەبێت مرۆڤەکان ئاو زۆر بخۆنەوە و قورسایی بخەنە سەر خواردنی میوە و سەوزە، کە ڤیتامینی سی یان تێدایە.

٨ – ئەگەر لە شوێنى داخراویش بێت دەبێت مرۆڤ وەرزش بکات و سیستمی بەرگریی جەستەى بەهێز بکات.

٩ – ئەگەر شوێنێک گومانی ڤایرۆسی کۆرۆنای لەسەرە و کەسێک گومانی تووشبونی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت، بۆ پاراستنی خۆی و کۆمەڵگە دەبێت رێوشوێنەکان بە باشی بگیرێنەبەر، بە هەڵوێستی بەرپرسیارانە رێگا نەدەن ڤایرۆسەکە بگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤەکانى تر. ئەگەر لە گوندێک، گەڕەکێک، لە ماڵێک نیشانەى ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبێت، دەبێت هەموو کەسەکانى ئەو شوێنە خۆیان کەرەنتینە بکەن.

١٠ – لەم کاتەدا دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە زەحمەتکێشانى تەندروستی بکەن و هۆشیارانە بجوڵێنەوە و پشتیوانیان لێ بکەن.

١١ – لە دۆخێکی قەیراوانى لەمشێوەیەدا دەبێت رێکخراوەکان، حیزەبکان و کەسایەتیەکان، کە نوێنەرایەتیى گەلەکەمان دەکەن بە هۆشمەندییەکى نەتەوەیی هاوبەش بجوڵێنەوە و لە هەر پارچەیەکى کوردستان بەبێ جیاوازیی بۆچۆنی سیاسی و ئیتنیکی، مافی ژیانی مرۆڤەکان بپارێزن و ورە و ئامانج  و پێویستیی خۆپاراستن بەرزتر بکەنەوە.

١٢ – کۆمەڵگەیەک کە بەپێی شڵەژانى سیستمەکە رێوشوێن بگرێتە بەر، ئەوا رێوشوێنەکانى لە ئاستێکى کاڵ و کرچدا دەبن و دواى ماوەیەک کەمتەرخەمانە دەجوڵێنەوە و رێوشوێنەکان سست دەکەن و بەو هۆیانەوە دەکەونە دۆخێکى مەترسیداراەوە. دەبێت کۆمەڵگەکەمان نەشڵەژێت و خۆی بۆ هەموو بارودۆخێکى خراپ ئامادە باکات و رەوتی رووداوە چاوەڕوانکراوەکان بە شێوەیەکى کۆنترۆڵکراو بەڕێوەببات.

نزیکایەتى و هەڵوێستی لەو جۆرە بۆ گەلێک کە هەموو کات هێرش دەکرێتە سەر مافەکانى ژیانی، بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناشڵەژێت و نەشڵەژانیش هەموو کاتێک پێویستە".

ژ.ت