کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئۆپڕاسیۆنەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئۆپڕاسیۆنەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکی ئیدانە کرد و رایگەیاند، رژێمی ئاکەپە/مەهەپە و ئەرگەنەکۆن، لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادی لاواز بووە و دەیەوێت بەم ئۆپەراسیۆنە تەمەنی خۆی درێژتر بکات. بەڵام ئەنجام لەناوچوونیەتی.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بارەی ئۆپڕاسیۆنەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورک راگەیێنراوێکی بڵاو کردەوە و جەختی کردەوە، رژێمی ئاکەپە - مەهەپە و ئەرگەنەکۆن، لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلی کورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر لاواز بووە. هەروەها رژێم تا دێ لە ناوەوە و دەرەوە پەراوێز و بێکاریگەر دەبێت. دەیەوێ بەم ئۆپەراسیۆنە تەمەنی خۆی درێژتر بکات. بەڵام هەرچییەک بکەن با بیکەن، ئەنجام هەر ئەوەیە کە رووخانیان نزیک بۆتەوە.

لە راگەیێنراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە:

"بۆ ڕای گشتیی

ئۆپڕاسیۆنی دەوڵەتی تورکیا دژی هەدەپە و سیاسەتمەدانی کورد شەرمەزار ئەکەین!

سەرلەبایانی ئەمڕۆ ٢٥/٠٩/٢٠٢٠، لە تورکیا و باکوری کوردستان، رێبەرانی هەدەپە، پەرلەمانتار و سەرۆکشارەوانییەکان و دەیان سیاسەتمەداری کورد دەستبەسەر کران. دەوڵەت ئەڵێت شەش ساڵ پێش ئێستا کە داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، ئێوە پشتگیریی بەرخۆدانی کۆبانێتان کردووە. ئەمەش وەک تاوانێکی مەزن دێتە ئەژمار. کە لە راستیدا ئەمە بیانوویەکە بۆئەوەی سیاسەتمەدارانی کورد بگرن و لە کۆڕی خەبات دووریان بخەنەوە.

ئەمە ئۆپڕاسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسییە. وەک هەمان ئۆپەراسیۆنی ساڵی ٢٠٠٩ یە کە دژی کەجەکە بەڕێوەچوو. ئەیانەوێت لە مەیدانی سیاسەتیشدا کوردان بگرن و نەهێڵن نوێنەرانی کورد بەشداریی سیاسەت ببن. ئەیانەوێت کوردان بێ نوێنەر و رێبەر بهێڵن، هەتا بتوانن پیلان و پڕۆژەکانی خۆیان باشتر جێبەجێ بکەن. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە پڕۆسەی گشتیی لەناوبردنی کورد.

لە لایەکی تریشەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە تۆڵەێ تێکشکاندنی داعشدایە. ئەو رۆژانە ئەردۆگان دەیوت، " ئێستا نا ئێستا، کۆبانێ دەکەوێت". بەڵام خواست و قسەی ئەو بەدی نەهات. داعشی هاوکاری ئەردۆگان تێکشکا. ئێستاش ئەردۆگان و هاوکارەکانی ئەیانەوێ تۆڵەی ئەو تێکشکانە بکەنەوە.

رژێمی ئاکەپە - مەهەپە و ئەرگەنەکۆن، لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلی کورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر لاواز بووە. هەروەها رژێم تا دێ لە ناوەوە و دەرەوە پەراوێز و بێکاریگەر ئەبێت. ئەیەوێت بەم ئۆپەراسیۆنە تەمەنی خۆی درێژتر بکات. بەڵام هەرچییەک بکەن با بیکەن، ئەنجام هەر ئەوەیە کە رووخانیان نزیک بۆتەوە.

لەو بارەیەوە ئێمە داوا لەگەلی خۆمان دەکەین کە تێکۆشان بەهێزتر وفراوانتر بکەن. رێک کاتی ئەوەیە کە گەلی ئێمە و دۆستانی دۆزی کوردستان، بەدەنگ بانگەوازەکەی کەجەکەوە " کات کاتی ئازادییە " بچن. لەو رووەشەوە پێویستە وەڵامی ئێمە وەک بەرخۆدانی کۆبانێ بێت.

هەروەها ئێمە داوا لە ڕای گشتیی جیهانیی دەکەین، راستینەی رژێمی ئەردۆگان – باخچەلی – ئەرگەنەکۆن ببینن. لەدژی کردەوەکانی ئەوان پشتگیریی گەلی کوردستان و نەیارانی ئەو رژێمە بکەن."

ز.ش