شاندی ك.ن.ك لە بەردەوامی هەوڵدانەكانی بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە گەڵ پژاك كۆبونەوە

شاندێكی KNK لە بەردەوامی هەوڵدانەكانی سەبارەت بە پێكهێنانی یەکێتی نەتەوەیی له‌ رۆژی 12ی ئه‌م مانگه‌دا سەردانی شاندی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان پژاك-ی كرد.

شاندەكه‌ی KNK پێكاتبوو له‌ ئەحمەد قەرەمۆس هاوسەرۆكی KNK، شەهلا حەفید جێگیری هاوسەرۆكایەتی KNK، دوكتور شێركۆ ئه‌ندامی ك.ن.ك و فەرهاد دوسكی ئەندامی ك.ن.ك. هه‌روه‌ها شاندی پژاك بریتی بوو له‌ زیلان وەژین هاوسەرۆكی پژاك، سەرهەڵدان چیا ئەندامی مەجلیسی پژاك، ئەوین نەژدەت ئەندامی مەجلیسی پژاك و مەزڵووم هەفتەن ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایه‌تی كودار.

لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانیدا هاوسەرۆكانی هەردوو لایەن؛ زیلان وەژین و ئەحمەد قەرەمۆس سەبارەت بە ئامانجەكان و ئەنجامی ئەم چاوپێكەوتنە قسەیان كرد.

سەرەتا زیلان وەژین هاوسەرۆكی پژاك وتی” ئێمە لەم چاوپێكەوتنەدا لەسەر چه‌ندین خاڵی گرنگ قسەمان كرد. ئێمە وەكو پژاك هەموو كاتێك لە گەڵ KNK سەبارەت بە هەڵوێستێكی یەكدەست و سیاسەتێكی نەتەوەیی و دیمۆكراتیك هاوڕا بووین.

وەژین لە بەردەوامی قسەكانیدا وتی: ” ئێمە وەكوو پژاك سەبارەت بە یەكگرتوویی لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە رابردوودا نەخشەرێگامان پێشكەشی رای گشتی كردووە. ئێمە سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی چەند خاڵمان دیاركرد و لە سەر ئەم خاڵانە كار و خەباتمان بەڕێوەبرد و لەمەو بەدوایش هەوڵدانمان بۆ یەكگرتوویی لە ئەم چوارچێوەدا زۆرتر دەكەین.

هاوسەرۆكی پژاك لە كۆتایی قسەكانی جه‌ختی لەسەر یەکێتی نەتەوەیی سەبارەت بە پاراستنی دەستكه‌وته‌كانی گەلی كورد كرد و وتی:” لە قۆناخێكی هەستیاردا دەژین. لە هەر چوار پارچەی كوردستان هێرشی داگیركەران فراوانتر بووە و مەترسی لە سەر ده‌ستكه‌وته‌كانی گەلی كورد هەیە. خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و یەكگرتوویی ماڵی كورد دەتوانێت پاراستنی ئەم ده‌ستكه‌وتانه‌ بكات. ئەم خەباتە لەم كاتەدا گرنگیه‌كی تایبەتی بۆ روژهەڵاتی كوردستان هەیە بە تایبەت كە گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان خوازیاری گۆڕانكاری بنەڕەتی و دیمۆكراتیكن. لە ئەم دۆخەدا پێویستی بە سیاسەتی نەتەوەیی و دیمۆكراتیك لە رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە. ئێمەیش لە گەل هەلوێست و خەباتی KNK سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی هاوڕا و هاوهەڵوێستین.

ف.ق