گاسپار میکلۆس فەیلەسوفى هەنگاری ئۆجالان دەشوبهێنێت بە ٥ رێبەرە مێژووییەکەى جیهان

پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس فەیلەسوفی هەنگاری ئۆجالانی شوبهاند بە بەنێش، مانیو، گاندی، ماندێلا و سون یات سن، کە رەوتى مێژوویان گۆڕیوە. پرۆفیسۆر تاماس وتى "ئیدی نابێت ئۆجالان لە زینداندا بێت".

یەکێک لە فەیلەسوفە بیلمەتەکانى داهاتووی ئەوروپا پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس-ی هەنگارییە و بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی دیلکردنى ئۆجالان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

گاسپار میکلۆس تاماس لە قسەکانیدا ئۆجالانى شوبهاندە هەر یەک لە بەنێش، مانیو، گاندی، ماندێلا و سون یات سن. ئەو ٥ لیدەرە رەوتی مێژوویان گۆڕیوە. تاماس وتی "نابێت ئیدی ئۆجالان لە زینداندا بێت".

پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاما یەکێکە لە پێشەنگەکانى ئۆپۆزسیۆن لە هەنگاریا دژ بە بەڕێوەبەریى ڤیکتۆر ئۆربان. دواى ئەوەى ئۆربان لە ساڵی ٢٠١١دا دەسەڵاتى گرتە دەست، پرۆفیسۆر تاماس لە کارەکەى لە بەڕێوەبەریى ئەکادیمیایى زانستیى هەنگاریا دوورخرایەوە. پرۆفیسۆر تاماس ئێستا لە زانکۆی ئەوروپا لە بوداپێست وانە دەڵێتەوە.

پرۆفیسۆر تاماس بە نووسراو وەڵامى پرسیارەکانمانى لەبارەى گۆشەگیریى قورسی سەر ئیمراڵی، رۆڵ و هاوکاریى ئۆجالان بۆ ئاشتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و چالاکیى مانگرتن بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە، دایەوە.

 پرۆفیسۆر تاماس، کە یەکێکە لە فەیلەسوف و بیرمەندە گرنگ و سەرەکییەکانى ئەوروپا، بە بۆنەى ٢٠هەمین ساڵیادی دیلکردنى ئۆجالانەوە بانگەوازێکى گرنگی بۆ ئەوروپا و وڵاتانى رۆژئاوا بڵاوکردەوە.

"تێناگەم بۆ تا ئێستا لە زینداندایە"

پرۆفیسۆر تاماس رایگەیاند، ئەو چالاکییانە، کە بۆ ئازادیى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام دەدرێن زۆر گرنگن و راشیگەیاند "عەبدوڵا ئۆجالان دەتوانێت کێشەى کورد چارەسەربکات، بەڵام لەوە تێناگەم بۆ تاوەکو ئێستا لە زینداندایە".

ئەو پرۆفیسۆرە هەنگارییە سەردەم و تێکۆشانی ئۆجالانى شوبهاندە ئەو لیدەرانە، کە رەوتی مێژوویان گۆڕیوە. پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس وتى، تێکۆشانی ئۆجالان هاوشێوەى تێکۆشانی ئێدوارد بەنێشی چکۆسلۆڤاکی، لولیو مانیوی رۆمانی، ماهاتما گاندیى هندستانی، نێڵسن ماندێلای ئەفریقاى باشوور و سون یات سنی چینە.

ئەو فەیلەسوفە هەنگارییە لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی "ئەوانەى کە بوونە یارمەتیدەری خوڵقاندنى نەتەوەى هاوچەرخ، ساڵانێکى دوور و درێژ لە زیندانەکاندا راگیراون، بەڵام بە بڕوای من بە پێچەوانەى هێزە گەورەکانى ئەم سەردمەوە، ئەوانەى پێشوو (هێز و دەسەڵاتەکان) ژیرتر بوون، چونکە وایانکرد ئەو لیدەرانە لە زیندانەکان ئازاد بکرێن و بە شێوازى ئاشتییانە دەست بە چاکسازی بکەن. هەمان دۆخیش دەبێت بۆ ئۆجالان پەیڕەو بکرێت. بە بڕوای من، هەر وەک رێبەرەکانى تر، ئازادکردنی دەبێتە یارمەتیدەر و توانایەکى بەهێز بۆ ئاشتی".

بانگەواز بۆ دەستبەکاربوونی ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا

پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس بە تایبەتى داوا لە حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا کرد، کە بەشداریی ئەو پرۆسەیە ببن و وتى "گرینگە ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا لە چوارچێوەى یەکسانی، ئاشتی و دیموکراسی دا دەستبەکار ببن تاوەکو ئۆجالان ئازاد بکرێت. هەروەها دەبێت ئەو هێزانە لەگەڵ ئازادیى ئۆجالان دا، پشتیوانى لە دروستکردنى ئۆتۆنۆمیى کورد بکەن".

پرۆفیسۆر تاماس ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دۆخە تەنها سوودی بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو هاوکات سوودی بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باشووری ئەوروپاش دەبێت.

پرۆفیسۆر تاماس سیاسەتەکانى دەوڵەتى ئەڵمانیا بۆ قەدەغەکردن و دژایەتیکردنى بزووتنەوەى  ئازادیى کورد رەخنە کرد و لەوبارەیەوە بانگەوازى لە ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا کرد و وتى "تێناگەم بۆ رێکخراوە دیموکراتیکەکانى کورد لە ئەڵمانیا و وڵاتانى تری ئەوروپا قەدەغە دەکرێن و دەخرێنە پەراوێزەوە. ئەوە لە کاتێکدایە ئەو رێکخراوانە بۆ ئەوەى گوشاری سیاسی دروست بکەن کار دەکەن و هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ حیزبە سۆسیالیستە یاساییەکانى رۆژئاواى ئەوروپادا نییە. ئەگەر ئەو رێکخراوانە قەدەغە دەکرێن، ئەوا دەبێت ئەو حیزبانەش قەدەغە بکرێن. ئەگەر هەڵە نەبم، بەڕێز ئەردۆغان ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا بەڕێوە نابات. باشە ئەگەر وایە بۆ ئەڵمانیا و یەکێتیى ئەوروپا بەپێى فەرمانەکانى ئەردۆغان دەجوڵێنەوە؟".

پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس سەرباری گوشارەکانى رژێمى ئۆربان لە شاری بوداپێستى پایتەختى هەنگاریادایە. ئەو لیدەرانەى کە ئۆجالانى پێ شوبهاندن لە مێژوودا بەم رۆڵانە هەستاون و ئەم کارانەیان ئەنجامداوە:

ئێدوارد بەنێش: بەنێش لیدەر و سەرکردەى بزووتنەوەى سەربەخۆیى چکۆسلۆڤاکیایە. لەو سەردەمەدا کە ئەڵمانیاى نازی ئامادەکاریى دەکرد بۆ ئەوەى وڵاتەکەى داگیربکات، سەرکردایەتیى بزووتنەوەى سەربەخۆیى وڵاتەکەى کرد. وەزیری دەرەوەش بوو.

بەنێش سەری بۆ داگیرکەریى سوپاى نازییەکان نەنەواند و ساڵی ١٩٣٨ چووە دەرەوەى چکۆسلۆڤاکیا و دواتر لە شەڕی جیهانیى دووەمدا گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەى و ساڵی ١٩٤٥ بووە دووەمین سەرۆک کۆماری چکۆسلۆڤاکیا.

لولیو مانیو: مانیوی رۆمانی، هەرێمى ترانسیلڤانیاى دێرین و مێژوویى رۆمانیایى کردەوە بە بەشێک لە رۆمانیا و لە ساڵانى ١٩٢٨ و ١٩٣٣دا بۆ دوو جار بۆ سەرۆکایەتیى کۆماری رۆمانیا هەڵبژێردرا.

مانیو یەکێکە لە پێشەنگەکانى بەرخودان لە دژی ئەڵمانیاى نازی. ساڵی ١٩٤٧ و دواى ئەوەى کۆماری گەلی رۆمانیا دامەزرا، دەستگیرکرا و سزای زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا سەپێنرا. مانیو ساڵی ١٩٥٣ لە زینداندا ژیانى لە دەستدا.  

ماهاتما گاندی: گاندی لە ساڵانی ١٨٦٩ بۆ ١٩٤٨ ژیاوە. وەک پێشەنگ و سەرکردەى بزووتنەوەى سەربەخۆیى هندستان ناوی لە مێژوودا تۆمار کراوە.

گاندی بە پێشەنگی فەلسەفی ناتوندوتیژی و سەرکێشى مەدەنی دەناسرێت. ئەوەش بەرخودانێکى چالاکانە و رادیکاڵی مەدەنییە بەدوور لە توندوتیژی لە دژی خراپەکارییەکان. گاندی بەو رێبازەى خۆی هندستانى لە داگیرکەریى بەریتانییەکان رزگار کرد.

نێڵسن ماندێلا: ماندێلا لە ساڵی ١٩١٨ بۆ ٢٠١٣ ژیاوە. بووە پێشەنگی بەرخودان لە دژی رژێمى ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور.

ماندێلا ساڵی ١٩٦٢ زیندانیکرا و دواى ٢٧ ساڵ و بەهۆی هەڵمەت و کەمپیەنێکى نێودەوڵەتییەوە ئازاد کرا. ماندێلا بوو بە سەرۆکی ئەفریقای باشوور و بەوەش بووە یەکەم کەسی رەشپێست، کە بووەتە سەرۆک کۆماری ئەفریقای باشوور.

سون یات سن: یات سن بە یەکێک لە دامەزرێنەرانى چینی مۆدێڕن دەناسرێت و لە ساڵانى ١٨٦٦ بۆ ١٩٢٥ ژیاوە. لە بەرخودانى ١٩١١دا رێگاى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئیمپراتۆریى تەمەن ٢٠٠٠ هەزار ساڵی چینی خۆشکرد و رۆڵیکى گرنگی لە هەڵوەشاندنەوەى ئەو ئیمپراتۆرە لاوازبووەدا گێڕا، کە چەندین ناوچەى چین لەلایەن ژاپۆنییەکان و فەرەنسییەکان و بەریتانییەکانەوە داگیرکرابوو.

سون یات سن لە دوای هەڵوەشاندنەوەى ئیمپراتۆریای چین و دامەزراندنى کۆماری چین، لە ساڵی ١٩٢٣ بە شێوەی کاتى ئەرکی سەرۆکایەتیى کۆماری چینى لە ئەستۆ گرت. لە مێژووی چین دا بووە یەکەم سەرۆک کۆمار، کە لە بنەماڵەى ئیمپراتۆریى چین نەبوو.

پرۆفیسۆر گاسپار میکلۆس تاماس کێیە؟

گاسپار میکلۆس تاماس ساڵی ١٩٤٨ لە شاری کۆلۆزسڤار لە رۆمانیا لە دایکبووە. ساڵی ١٩٧٢ خوێندنى فەلسەفەی لە زانکۆی (Babeș-Bolyai University) تەواو کرد.

ساڵی ١٩٧٨ بەهۆکاری سیاسی ناچار بوو کۆچ بکات بۆ هەنگاریا و لە زانکۆی بوداپێست دا دەستی بە وانە وتنەوەکرد.

لە ساڵانى ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٤ بووە پەرلەمانتار و دواتر لە زانکۆکانى ئۆکسفۆرد، شیکاگۆ، کۆلۆمبیا، جۆرج تاوان و یالە وانەى وتەوە.

بۆ لیکۆڵینەوەى زانستى و فەلسەفی و خوێندنى زیاتر ماوەیەک لە پاریس، ڤییەنا، واشنتۆن و بەرلین ژیاوە.

ساڵی ٢٠١٠ بووە سەرۆکى دامەزرێنەری پارتی چەپ – سەوز لە هەنگاریا.

ر.م