گیراوانی کرێکاری لە بەندیخانەکانی ئێران ئەشکەنجە دەدرێن

یەکێک لە کرێکارێکی هەفت تەپەی ئەهواز کە لە خۆپێشاندانە کرێکارییەکانی ئێران دەستگیرکرابوو باسی ئەوە کردووە کە لەکاتی دەستگیرکردنەکەیدا ئەشکەنجە کراوە.

چالاکی کرێکاری ئیسماعیل بەخشی، یەکێک لە نوێنەرانی کرێکارانی هەفت تەپەی ئەهواز بە بڵاوکرنەوەی بابەتێک لەسەرلاپەڕەی ئیستاگرامی خۆی باس لەوە دەکات، کە لە زیندانەکانی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئێران ئەشکەنجە دراوە، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ توانای هیچ جۆڵەیکی نەبووە، داواشی لە وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کردووە لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیی ڕاستەوخۆ لەسەر ئەشکەنجە لە زیندانەکان قسە بکەن.

بەخشی، هەروەها لە بەشێکی دیکەی بابەتەکەی باسی لەوە کردووە، کە وەزارەتی ئیتلاعات چاودێری نهێنی پەیوەندیەتایبەتە تەلەفۆنیەکانی لەگەڵ هاوسەرەکەی کردووە و دەڵێت دوای دەستگیرکردنی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕووبەڕووی قسەی نەشیاو، خراپ بووەتەوە و سووکایەتی پێکراوە.

بەخشی لە بابەتەکەیدا ڕوو لە مەحمود عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ئێران نووسیویەتی: بۆ بیستنی وەڵامەکانی، عەلەوی بانگهێشت دەکەم بۆ بەشداریی لە دیبەیتێکی ڕاستەوخۆ تەلفیزیۆنی.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە بابەتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە لە ماوەی زیندانەکەیدا ناخۆشیی و ڕەنج و ئازارێکی زۆرم چەشتووە کە بۆ ڕزگاربوون لێیان پەنام بردووەتە بەر خواردنی دەرمانی دەرونی، کەچی هێشتاش هەر ڕووبەڕووی هێرشی دەروونی دەبمەوە.

ئەمڕۆش هەواڵی دەستگیرکردنی کرێکارێکی دیکەی "پۆڵای ئەهواز" بڵاو بووەتەوە کە گوایە هێزە ئەمنیەکان شەوی ڕابردوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیکرێکارێک بەناوی 'محەمەدڕەزا نیعمەتپووڕ' و دەستگیریان کردوون.

دوابەدوای خۆپێشاندانەکانی چین و توێژەکانی ئێران و دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانانی کرێکاری و خوێندکاری، سەرەڕای بانگەشەکانی کاربەدەستانی ئیران لەسەر ئازاد بوونی هەموو کرێکارەکان بەڵام محەمەدعەلی جداری پارێزەری بەشێک لە کرێکارانی پۆڵای ئەهواز، دوێنی بە ئاژانسێکی ئێرانیی ڕاگەیاندووە کە هێشتاش ٨ کەس لە کرێکارەکانی پۆڵای ئەهواز لە زینداندان.

ک-ش