گەریلاکانی حەفتانین: سوپای تورک لە هەموو شوێنێکدا لە ژێر گورزی بەرخودانی گەریلادایە

گەریلاکانی هەپەگە لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە حەفتانین بەشێوەیەکى بێ وێنە و بێ هاوتا بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن و رایانگەیاند، سوپای تورک لە هەموو شوێنەکاندا کەوتووەتە ژێر گورزی بەرخودانی گەریلا.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر حەفتانین، بەرخودانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستا لە دژی ئەو هێرشە داگیرکەرییانە بەردەوامییان هەیە. گەریلا فەرمان مەمیان و هەمزە ئۆغر لەبارەى بەرخودانی حەفتانینەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوان.

گەریلا فەرمان مەمیان رایگەیاند، "لە حەفتانین لە دژی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بەرخودانێکى گەورە هەیە و ئەو پڕوپاگەندانەى تاوەکو ئێستا دوژمن کردونی دوورن لە راستییەوە. لە حەفتانین لە هیچ دا سەرنەکەوتون، بە پێچەونەوە دۆڕان و زیانی زۆریان هەبووە.

لە هەر شوێنێکدا کە دەیانەوێت بەرەو پێش بچن دەکەونە ژێر گەورزی بەرخودانی مێژوویی گەریلا. با هەموو کەس ئەوە بزانێت، گەریلا تاوەکو ئێستا دەستبەرداری یەک شوێنیش نەبووە و دەستبەرداریش نابێت. هاتنە حەفتانین ئەوەندە ئاسان نییە. ئەم ناوچەیە وەک بەهەشتی کوردستانە و بۆ ئەوان دەبێتە دۆزەخ".

گەریلا فەرمان مەمیان راشیگەیاند، سەربازانی تورک تەنگاو بوون و لەبارەى دۆخی دەروونیی سەربازانى تورکەوە وتی "دەوڵەتى تورک سەرباری تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەردەستی، بەڵام دەرەقەتی رێ و رێبازەکانی گەریلا نایەت و ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئەو سەربازانەى لەم ناوچەیەدا جێگیرکراون ناتوانن بە ئاسانی جموجوڵ بکەن، هەموویان بوونەتە ئامانجی گەریلا. راستە لە هەندێک شوێن دابەزیون، بەڵام گەریلا هەر لەو ناوچانەدایە و نەکشاوەتەوە. گەریلا بە بەردەوامی لەو ناوچانەدا لە دژی سەربازانی تورک چالاکی ئەنجام دەدات. ئەوە بووەتە ترسێک و وەک مۆتەکە چووەتە دڵی دوژمنەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەى پێمان گەیشتون، ئەو سەربازانەى هێنراونەتە حەفتانین داواى کشانەوەیان کردووە".

لە هەموو شوێنێکى کوردستاندا تێکدەشکێن

هەمزە ئۆغریش بانگەوازی بۆ  هەموو گەلی کوردستان بە تایبەت بۆ گەلی باشوور هەبوو و وتی "بە تایبەتی گەلەکەمان لە باشوور دەبێت ناڕەزایەتیی بەهێز لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان نیشان بدەن. هەر چۆن گەریلا لە شاخەکان شەڕ دەکات، گەلیش بۆ پشتیوانیکردن لە گەریلا دەبێت لە دەشتەکاندا چالاکی بکات و تاوەکو کۆتایهاتن بە داگیرکەری بەرەنگاری و خۆڕاگری بکەن، چونکە کات کاتی شەڕی گەلی و شۆڕشگێڕییە.

گەلەکەمان باش شارەزای تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتی تورکن. دەوڵەتی تورک ساڵەهای ساڵە دوژمنایەتیی کوردان دەکات. لە هەر چوار پارچەى کوردستان هێرش دەکاتە سەر کوردان. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە دەوڵەتى تورک تەنها دوژمنی پەکەکە نییە، بەڵکو دوژمنی هەموو گەلی کوردە. بۆ ئێمەى گەریلای هەپەگە بەرژەوەندیی گەلەکەمان لەسەرو هەموو شتێکەوەیە. ئێمە نەک تەنها لە حەفتانین، بەڵکو لە سەرتارسەری کوردستان کۆتایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەهێنین".

ژ.ت