یۆنامی: نیگەرانین لەبەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ھەرێمی کوردستان

نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێڕاق (یۆنامی) ڕایگەیاند: نیگەرانین لە بەکارھێنانی توندوتیژی لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی ھەرێمەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران.

یۆنامی لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی دەربڕی، دەربارەی ئەو توندوتیژییانەی ھێزە ئەمنیەکانی ھەولێر و دھۆک بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاری دەھێنن.

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە "مافی دەربڕینی ناڕەزایی ئاشتییانە، لەلایەن ھاووڵاتییانەوە یەکێکە لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ. لەسەر دەسەڵاتدارانە کار بکەن بۆ فەراھەمکردنی ئەم مافە و پاراستنی ئەو کەسانەی لە ڕێگەی خۆپیشاندان و کۆبونەوەوە، ڕای ئازادی خۆیان دەردەبڕن".

یۆنامی دەڵێت "نیگەرانین لەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە بەکارھێنانی توندوتیژی دەکەن لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ھەرێمی کوردستان".

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا یۆنامی داوا لەحکومەتی ھەرێم کوردستان دەکات، دەستەبەری ئەو مافە بۆ ھاووڵاتیان بکەن لە ژینگەیەکی تەندروست و ئاسایشدا. ھەروەھا یۆنامی داوا لە ھاوڵاتیان دەکات لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا، دورکەونەوە لە زیان گەیاند بە دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان.

ئەم بەیاننامەیەی یونامی لە کاتێکدایە ماوەی ھەفتەیەکە لە ھەرێمی کوردستاندا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ھاوڵاتیان دژبە سیستەمی پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە بەردەوامە. ھێزە ئەمنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، بەو پەڕی توندوتیژییەوە بەرەنگاریی خۆپیشاندەران دەکەن و ھەمو ڕێگەیەکیان بۆ کۆتایھێنان بە خۆپیشاندانەکان گرتووەتەبەر.

دوێنێش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بە چەقۆ و دەمانچە ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران دەبنەوە گەر پێویست بکات.

ک.ع

ر.م