"یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک ڕێگای تێکشکاندنی داگیرکەرییە بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد"

کۆمیتەى یۆتۆبۆریى پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) سیمینارێکى لە ژێر دروشمی "یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک ڕێگای تێکشکاندنی داگیرکەرییە بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی ئازاد" بەڕێوەبرد.

سیمینارەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر ئەھوەن چیاکۆ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەبارەى دۆخی سیاسیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران و کۆمەڵگای ڕۆژھەڵاتی کوردستان وتی: "یەکەم کێشەی گەلی کورد کوردستانێکی داگیرکراوە، کە دەبێت لە قۆناغی یەکەمیندا وڵات و نیشتمانی خۆمان ڕزگار بکەین لەبەر ئەوەی کاتێک وڵاتێک داگیر دەكرێت ھاوکات سەرجەم دەرفەتەکانی گەشەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، رێکخستنی و مافی ئازاد ژیان کردن و خۆبەڕێوەبردن  لەو کۆمەڵگا دەسەنرێتەوە".

وتیشی: "ھاوکات دەبێت لە کاتی تێکۆشان بۆ قۆناغی یەکەمین بیر لە فۆرمی قۆناغی دوای تێکشکاندنی داگیرکەری بکەینەوە، فۆرمێکی سیاسی دەستنیشان بکرێت، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی، ئازادیی ژنان و مافی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک و کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکات و بنەماکەی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک بێت. بەگشتی داگیرکەری لە لایەنی حقوقی و ساختار و زھنیەتدا لە گۆڕەپانەکەدا لابەرێت. بۆ ئەم تێکۆشانە دەبێت سەرجەم چین و توێژەکان ئاکادمیسیەن، ڕۆشنبیر، چالاکی مەدەن و سیاسی و ڕێکخراو و ئەحزابی سیاسی بە بێ تەوەھوم لە قۆناغی یەکەمیندا جێگە بگرن و شۆڕشگێڕانە چالاک بن".

چیاکۆ ئەوەشی وت: "دەبێت گەلی کورد لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرێت و لە مەترسییەکان خۆی بپاڕێزێت. دەرفەتەکان بۆ دروستکردنی یەکێتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بقۆزێتەوەو و مەترسییەکان بە سیاسەتێکی ژیر و عاقڵانە و سەنجیدە پوچەڵ بکاتەوە".

 لە کۆتایشدا چیاکۆ ڕۆڵی رۆژھەڵاتی کوردستان، کە بە ئازادکردنی دەتوانێت ببێتە هۆکار و پاڵنەری ئازادبوونی گەلانی دیکە لە وڵاتی ئێراندا بە گرینگ و ستراتژیک وەسف کرد.

ھەر لەم سیمینارەدا یادی "کاک فواد مستەفا سوڵتانی"، "ئارگەش کارزان"، "تۆڵھەڵدان سنە"، "دلۆڤان فەدا"، "ڕۆژھات شەڕ"، "زانیار مورادی"، "لۆقمان مورادی" و "رامین حۆسین پەناھی"، کە لە مانگی خەرماناندا گیانیان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد پێشکەشکردووە بەڕز ڕاگیرا.

ژ.ت