'٣٤ ساڵی تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشان تەرخانکرد و لە دژی داعش شەڕی کرد'

ئەڤین گۆیی ڕەنج و تێکۆشانێکی زۆری لەگەشەپێدانی هێڵی ئازادیی ژنان لەشۆڕشی ڕۆژئاوادا، کە ببنە بە خاوەنی ئیرادە هەیە. ئەڤین شەڕی کرد و ژیانی خۆی بۆ تێکۆشان تەرخان کرد. لە دژی دڕندەیی داعش پێداگریی لەسەر هێڵی ژنی ئازاد دەکرەوە.

ئەڤین گۆیی ساڵی ١٩٧٧ لەگوندی حەلال لە ناوچەی قلەبانی سەر بە هەرێمی بۆتانی باکووری کوردستان لەدایکبوو. ئەڤین گۆیی ساڵی ١٩٨٨ چووە ناو ڕیزەکانی پەکەکەوە و پێشەنگایەتیی بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و دژی داعش شەڕی کرد و شکۆی تێکشکاندنی داعشی بۆی خۆی سەلماند. لەشەڕی دژ بە داعش دا بریندار بوو.

لە کۆمەڵکوژیی ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، هونەرمەند میر پەروەر و هاووڵاتییەکی نیشتمانپەروەر بە ناوی عەبدوڕەحمان قزل تیرۆر کران. جاهید حەسەن هەڤاڵی خەبات و تێکۆشانی ئەڤین گۆیی و وڵاتپارێزانی ڕۆژئاوای کوردستان لەبارەی ژیانی ئەڤین گۆیی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.

'کار و خەباتی کۆمۆنەکان و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوە دەبرد'

جاهید حەسەن لەساڵی ٢٠١١دا شەهید ئەڤین گۆیی لەباشوری کوردستان دەناسێت و باس لە پڕۆسەی ناسینی ئەڤین گۆیی کرد و وتی: "لە ساڵی ٢٠١١دا، ئەگەر کورتیش بێت، دەرفەت م شانسم بۆ ڕەخسا، کە هەڤاڵ ئەڤین ببینم. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦شدا لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێمە پێکەوە لە یەک گۆڕەپاندا بووین و لە یەک بەڕێوەبەرایدا بووین. بێگومان ڕەنج و خەبات و ڕۆڵی هەڤاڵ ئەڤین لە شۆڕشی ڕۆژئاوا - باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا مەزن و پێشەنگانە بوو. کار و خەباتەکانی تەڤدەم، کۆمۆنەکان و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەدەبرد".

'چووبووە دڵی عەرەب و پێکهاتەکانی تر'

حەسەن وتیشی، لەبەر ئەوەی هاوڕێیەکی کۆمەڵایەتی بوو و لە ماوەیەکی کورتدا جێگەی خۆی لە دڵی خەڵکی ڕۆژئاوادا کردەوە و ئەوەشی وت: "نەک تەنها لەناو گەلی کورد، بەڵکو لەنێو عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەشدا لەڕۆژئاوای کوردستان، لەگوندەکانەوە تا شارەکان ڕۆڵی پێشەنگی بینی و بە دەستی خۆی کۆمۆن و ئەنجومەنەکانی دروستکرد. لەهەمان کاتدا لە رێکخستنکردندا کارێکی گەورەی کرد. ڕۆڵی پێشەنگی هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتیشی گێڕا. ئەڤین گۆیی بە خاکیبوونی خۆی دەناسراو. هاوڕێ ئەڤین پێشەنگێک بوو. کەسێکی پاک بوو و لەگەڵ هیچ کەسدا کێشەی نەبوو، هەمیشە گوێی دەگرت و هەوڵی دەدا لە کەسی بەردەمی تێبگات".

'ڕەنج و تێکۆشانی بۆ دروستکردنی بناغەیەکی دیموکراتیک لە سوریا دا'

جاهید حەسەن لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: "ئەڤین گۆیی زۆر بیری لە بەرەوپێشردن و پەرەسەندنی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکردەوە تاوەکو ببێتە نموونە و بتوانێت بەشدارییەکی زیاتر لە بنیاتنانی بناغەی دیموکراتیک لە سوریا بکات، هەوڵ و کۆششەکانی لەو ئاڕاستەیەدا بوون. هەتا دوا ساتی خۆی بەخوێنگەرمی، پەرۆشی و دڵخۆشیی گەورەوە هەنگاوی نا".

ماوەی ٣٤ ساڵ پێشەنگی تێکۆشانی ژنان بوو

جاهید باسی لە ٣٤ ساڵ تێکۆشانی ئەڤین گۆیی کرد و وتی: "خۆی بۆ تێکۆشانی ئازادی تەرخانکردبوو. تێکۆشانێکی نەپساوە.  بێگومان پێشەنگایەتیی شۆڕشی ڕۆژئاوا و تێکۆشانی ئازادی ژنانی دەکرد. پێشەنگێکی مەزن بوو. هەرچەندە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا باری تەندرووستیی باش نەبوو، بەڵام ڕۆژێک لە خەبات و تێکۆشان دوا نەکەوت، هەمیشە لە پێشەوە بوو و گرفتە تەندروستییەکانی ڕێگر نەبوون لە کار و خەباتەکەی. هەڤاڵ ئەڤین لە ٤ پارچەی کوردستان پێشەنگایەتیی تێکۆشانی کرد. لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نمونەیەک بوو بۆ ژنان و بوو بە سیمبولی بەرخۆدان".

'ئەگەر فەڕەنسا کۆمەڵکوژیەکە ڕوون نەکاتەوە، ئەوە هاوبەشە لە کۆمەڵکوژییەکەدا'

جاهید حەسەن تیشکی خستە سەر کۆمەڵکوژیی ٢هەمی پاریس و لە بەردەوامیدا وتی: "نابێت فەرەنسا کۆمەڵکوژییەکە پەردەپۆش بکات و ڕاستییەکان ڕوون نەکاتەوە، هەر چۆن لە کۆمەڵکوژیی شەهید سارا، فیدان و لەیلادا بوو بە هاوبەشی دەوڵەتی تورک و میت، لە کۆمەڵکوژیی ٢٣ی کانوونی یەکەمیشدا دەبێتە هاوبەش. ئەگەر کۆمەڵکوژییەکە پەردەپۆش بکات، فەرەنسا لەلایەن گەلی کوردەوە وەک هاوبەشی کۆمەڵکوژییەکە ناودەبرێت. ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژییەک پەردەپۆش نەکرێت".

'خاوەنی هێزێک بوو، کە ڕاستی و هەڵەی لە یەک جیادەکردەوە'

 وڵاتپارێز کەلسوم ئەبوب ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەڤین گۆیی لە دەربەسیە ناسیوە و وتی: "هەمیشە کۆبوونەوەی ڕێکدەخست، دانیشتوانی ناوچەکە ئۆگری هەڤاڵ ئەڤین ببوون. هاوڕێیەکی بەنرخ بوو. هاوڕێیەکی خۆشەویست و ڕێزدار بوو. کەسێک بوو، کە دەیتوانی لەگەڵ گەورەکان دا گەورە ببێت، لەگەڵ منداڵ دا ببێت بە منداڵ و لەگەڵ گەنج دا گەنج بێت. ڕێگای نیشان دەدا، هاوڕێ ئەڤین دەم بە بەخەندە و ڕووخۆش بوو. بۆ ئەوەی ئێمە لە ڕێگەی ڕاست لانەدەین، هەوڵی دەدا و خاوەنی هێزێک بوو، کە ڕاستی و هەڵەی لە یەک جیا دەکردەوە.

شەهید ئەڤین چەندین جار لەماڵی ئێمەدا مایەوە. ئەو وەک ئەوەی لە ماڵی خۆیدا بێت هەڵسوکەوتی دەکرد. ئێمە ماڵەکەمان و دڵی خۆمان بۆ ئەڤین کردەوە. خانووەکەمان لە خشت دروستکرابوو. زۆر حەزی لەو جۆرە خانووانە بوو. ئەو هەمیشە دەیوت هەناسەی دەدا و پشووی بۆ دێت و باسی گوندەکانی دەکرد. منداڵەکانم لەو کاتەدا زۆر بچووک بوون و پەیوەندیی لەگەڵ منداڵەکان دا زۆر باش بوو. ٥ منداڵم کەوتبوونە ژێر کاریگەریی هەڤاڵ ئەڤین. ئەوان هەمیشە پرسیاریان لێ دەکرد، کە کەی دەگەڕێتەوە. لە ماوەیەکی کورتدا تۆ شوێنی خۆت لە دڵی خەڵکدا دروست کرد. ئێمە بە شەهیدبوونی ئەو خەمبار بووین. ئێمە خاوەنداری لە ڕەنج و تێکۆشانەکەی دەکەین. ئێمە درێژەپێدەری تێکۆشانەکەی دەبین".

'ئازایەتیی هاوڕێ ئەڤین بوێریی بە ئێمە دەدا'

 ئەڤین سەیدۆش لە بارەی ئەڤین گۆییەوە وتی، لە ساڵی ٢٠١٧دا و کاتێک ئەڤین گۆیی چووە بۆ ماڵەکەیان ئەوی ناسیوە و لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: "قسەکانی سروشتی بوون، هەمیشە پێدەکەنی. تەنانەت کاتێکیش نەدەهات بۆ ماڵمان ئەو لە کوێ بوایە و بڕۆشتایە بۆ کام ماڵ ئێمە دەچووین بۆ لای. چونکە ئێمە حەزمان دەکرد گوێ لە هەڤاڵ ئەڤین بگرین، چونکا هێز و ورەی بە مرۆڤ دەدا. ئەگەر ژنان ئێستا بەهێزن، بەرگری و بەرەنگاری و پێشەنگایەتی دەکەن، ئەوە پەیوەندییەکی زۆری بە ڕۆڵ و خەبات و تێکۆشانی هەڤاڵ ئەڤینەوە هەیە. ئازایەتیی هەڤاڵ ئەڤین بوێریی بە ئێمە دەبەخشی. قسەکردنی ئەو بەهێز بوو، کاریگەری لەسەر گەل دروست دەکرد و گەلی دەخستە جوڵە. ئێمە بەڵێنمان دا، کە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانەکەی. ئێمە منداڵەکانمان بە تێکۆشانی ئەو پەروەردە و گەورە دەکەین. ئەو ئێمەی خۆشدەویست، ئێمە لە باوەش دەگرت و خۆشەویستییەکەی چووەتە ناخی دڵمانەوە. ئێمە بەو خۆشەویستییەی ئەو منداڵەکانمان بۆ داهاتوو ئامادە دەکەین".

'بە بێدەنگبوونیشی ئێمەی پەروەردە دەکرد'

 محەمەد خەلەف ڕایگەیاند، ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ شەهید ئەڤیندا بووە و وتی: "ئەو قسەی زۆری نەدوکرد، بە بە بێدەنگیی خۆی ئێمە پەروەردە دەکرد. بێدەنگییەکەی فێرکەرانە و پەروەردەیی بوو. هەڵگری ئەو تایبەتمەندییە بوو، کە مرۆڤی دەکرد بە ئۆگر و پەرۆشی حیزب. ژنان پێشەنگایەتییان بۆ شۆڕشی رۆژئاوا کرد. یەکێک لەو پێشەنگانە هاوڕێ ئەڤین بوو. دیسانەوە ژنێکی پێشەنگ کرایە ئامانج. بێدەنگی هێزە نێونەتەوەییەکان ئاماژە بە کۆمەڵکوژی و هاوکاری دەکات. بانگەوازی ئێمە بۆ هێزە نێونەتەوەییەکان، بۆ گەلانی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی ئەوەیە، نابێت کەس لە بەرامبەر ئەو کەسانەدا، کە سارا و ئەڤینیان شەهید کرد بێدەنگ بێت، ئەوانەی دەڵێن، ئێمە بۆ دیموکراسی تێدەکۆشین نابێت لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا بێدەنگ بن و ئەگەر بن ئەوە سەرەی ئەوانیش دێت".

ژ.ت