بۆ بەرزڕاگرتنی ٨ی مارس، ڕەژاک لە کەرکوک ژمارەیەک چالاکی ئەنجامدا

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان، بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان ژمارەیەک چالاکی ئەنجامدا بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو رۆژە.

لەگەڵ هاتنی رۆژی ٨ی مارس ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەبۆنەی هاتن و پئرۆزکردنی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان ژمارەیەک چالاکی ئەنجامدا بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو رۆژە، چالاکییەکان کە پێکهاتبوون لە سیمینار و ڕێکخستنی چالاکی هاوبەش لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کارکردن لە بواری مافەکانی ژنان و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ ژنان و چالاکوانانی شارەکە.

 ڕەژاک سیمیناری بۆ ژنانی کەرکوک ڕێکخست

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی خوازی کوردستان (ڕەژاک) لە پێناو گەیشتنی سیمینار و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەکانیان بۆ گوندەکانی کەرکوکیش، لە گوندی چیمەن لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، سیمیارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنانیان ڕێکخست، سیمارەکە لەلایەن هەرمێ ئیبراهیم چالاکوانی بواری ژنانەوە پێشکەش کرا،

 باس لە گرنگی و مێژووی ٨ی مارس کرا

لە سیمینارەکەدا، ژنە چالاکوان هەرمێ ئیبراهیم  باسی لە گرنگی و تیكۆشانی و مێژووی رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانی کرد و تیدا باسی ئەوەی کرد کە چۆن بەرزڕاگرتنی ئەو رۆژە گرنگە وە دەبێت ژنان هیچ کات واز لە داکۆکی لەمافەکانی خۆیان نەهێنن و دەبێت بەردەوام تێکۆشانی لەپێناودا بکەن، وە ژنان پێویستە تواناکانی خۆیان کەم نەبینن کە ئیستاش دەبینین شۆرشی (ژن ژیان ئازادی) بە تەواوی جیهاندا بڵاوبۆتەوە،

 گۆڤاری تروسکا خوێندرایەوە لەلایەن ژنانەوە

هەروەها پاش پێشکەش کردنی سیمینارەکە لەلایەن هەرێمی ئیبراهیم-ەوە، گۆڤاری تروسکا لەلایەن ژنانی ئامادەبوو لە چالاکییەکە خوێندرایەوە کە گۆڤاری تروسکا گۆڤارێکی (کلتوری، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و هونەری تایبەت بە ژنانە، کە لەلایەن ڕەژاکەوە بەرەهم دەهێنرێت بۆسەر تیشک کردنە سەر بابەتەکانی ژنان، لە میانەی خوێندنەوەی گۆڤاری تروسکا تیشکخرایە سەر بابەتەکانی تایبەت بە رۆژی جیهانی ژنان و تێکۆشانی ژنان.

 ڕەژاک گفتوگۆیەکی کراوەی لە نێوان ژنانی کەرکوک ئەنجامدا

  پاش خوێندنەوە لەلایەن ژنانی ئامادەبوونی سیمینارەکە، گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان ژنان دروستبوو، وە هەروەها ژنانی بەشداربوونی سیمینارەکە دەربارەی ژیان و تێکۆشانی خۆیان قسەیان کرد و ئەزموون و ڕووداوەکانی ژیانیان باس کرد، لە کۆتایشدا بە ئاهەنگ گێران بەبۆنەی هەشتی مارس کۆتایی بە چالاکییەکە هات.

 چالاکییەکی هاوبەشیان ڕێکخست لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کەرکوک

 هەروەها ڕەژاک لە رۆژی هەشتی مارسدا، بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافەکانی ژنان، لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی کاروبار و چاودێری كۆمەڵایەتی لە شاری کەرکوک چالاکییەکی هاوبەشیان ڕێکخست، لە چالاکییەکدا دروشمەکانی(ژن ژیان ئازادی) و (مافی ژنان مافی مرۆڤە) (ژن ئاشتی و خۆشەویستییە) ووترایەوە

لە چالاکییەکدا ئەهەنگ ئەنوەر پارێزەر و ژنە چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بەناوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تیدا هاتبوو: " رۆژی ٨ی مارس بۆ ژنان و ئاهەنگێكە بۆ دەستكەوت و بەشداری كرندیان لە كۆمەڵگادا و ئەم ڕۆژە وەکو دەرفەتێك دادەنرێت بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان ببیستن، تاوەکو داوای مافەکانی خۆیان بکەن وەکو مافەکانی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی"،

هەروەها ئاهەنگ ئەنوەر تیشکی خستەسەر پێشکەووتنەکانی ژنان لەماوەی دەیەکانی ساڵانی ڕابردوو ڕایگەیاند: "لە دەیان ساڵی ڕابردوودا شاهێدی پێشكەوتن و گەشەسەندنی بەرچاو بووین بۆ پێشكەوتنی ژنان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاشتی و ئاسایشدا، کە ئەوانەش بە توخمێكی جەوهەری لە گۆڕانكاری و گەشەسەندنی كۆمەڵگا دادەنرێن".

هەروەها ئەو ژنە چالاکوانە ووتیشی پاراستنی مافە مرۆییەكانمان دووپات دەكەینەوە و لە پێناو بونیادنانى دەوڵەتێكی یەكسان، وە ژمارەیەکی داواکاری ئاڕاستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە تیدا، داواکرا خێرا پەناگەی تایبەت بەو ژنانەی لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە بکرێتە بواری جێبەجێ کرد و تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ بەڕێوەبردنی پەناگەکە لە چوارچێوەی ڕۆڵی دەوڵەت و پاڵپشتیكردنی ڕزگاربووان بۆ چاكسازی و تێكەڵ بوونیان بە كۆمەڵگا، وە تەرخانكردنی كادری ژنی لێهاتوو بۆ لایەنی دەروونی، یاسایی، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كارگێڕی و ئەمنی لە شارەکە".

 وە ناوبراو داواشی کرد کە ڕێگە بە ڕێخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بدەن بۆ پشتگیریكردنی پەناگە و ڕزگاربووان، وە پاراستنی پێویست دابینبکرێت بۆ شوێنی حەوانەوە و پاراستنی ئەو ژنانەی لە پەناگەکە هەن.

  سەبارەت بەلایەنی یاسایش ئاهەنگ ئەنوەر پارێزەر و ژنە چالاکوان ووتی: " خێراكردن لە ڕێگاكانی دەركردنی یاسای دژ بە توندوتیژی خێزانی، وە داواکارین، جێندەر لە پارێزگای كەركوك بە دامەزراوەیی بكرێت بە بەهێزكردنی كارەكان بۆ بەدیهێنانی یەكسانی جێندەریی و تێكەڵكردنی بە سیاسەت و پلان و بەرنامە و دروستكردنی پێكهاتە و میكانیزم و دەركردنی یاسا و دابینكردنی سەرچاوە و هەموو ڕێكارەكان بە ئامانجی دروستكردنی یەكسانی و دادپەروەری لە نێوان ڕەگەزەكاندا،

لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە لایەنی یاسایی و دەستوری ئەو ژنە چالاکوانە ئاشکراشی کرد کە: "دەستوری عێراق لە چوار بڕگەی ماددەی ٢٩ دووپاتی كردۆەتەوە خێزان بنەمای كۆمەڵگایە و ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژییەك دەكات لە خێزان و كۆمەڵگادا و دەوڵەتیش گرنتی پاراستنی دایكایەتی و منداڵی دەكات و سەرەڕای ئەمەش ژنان هێشتا ڕووبەڕوى ئاستەنگ دەبنەوە لە بوارەكانی بەشداریكردن و پاراستن و دەركردنی یاسا و سیاسەتەكان، كە مافە مرۆییەكانیان گەرەنتی دەكات".

توندوتیژی کەمی کردووە بەڵام هەر ماوە

هەروەها لەلایەکی دیکەوە، نەجلە سەڵاح ژنە پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، باسی لە توندوتیژی دژی ژنان و لایەنی یاسایی پاراستنی مافەکانی ژنانی کرد لە عێراق،

نەجلە سەڵاح بەم شیوەیە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا: "ئەگەر ڕابردوو لەگەڵ ئیستادا بەراورد بکەین لەلایەن توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەبینین گۆڕانکاری ڕوویداوە و بەراورد بە ڕابردوو توندوتیژی کەمی کردووە بەڵام هەر ماوە، ئێمە وەکو چالاکوانن ئەگەر بتوانین تەنانەت هەنگاوێکی بچوکیش بنین بەرەوە باشترکردنی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگادا ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە، ئەوە لە ئیستادا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەیکەین گۆڕانکارییە لەپێناو گۆڕانکارییەکی باشتر".

ڕێکخراوەکانی ژنان بەردەوامن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا

 دەربارەی ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، نەجلە سەڵاح ووتی: "ڕاستە توندوتیژی لە تەواوی جیهان بەرامبەر ژنان هەیە بەڵام دەتوانین بلین ڕوو لە کەمبوونە بەراورد بە ڕابردوو، کەم بوونەوەی توندوتیژییەکانیش دەگەڕیتەوە بۆ فراوان بوونی مێشک و بیرکردنەوەی کۆمەڵگا بەهۆی هەوڵەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان کە بەردەوام هەوڵی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا دەدەن".

 هیچ چاکسازییەک لە یاساکان نەکراوە لەپێناو باشکردنی دۆخی ژنان

سەبارەت بە یاساکانی عێراق سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ئەو ژنە پارێزەرە ووتی: "من یەکێکم لەو کەسانەی کە داواکارم گۆڕانکاری لە یاساکانی عێراق بکرێت، بەڵام گۆڕانکارییەکان بەشیوەیەکی باشتر بکرێت لە یاساکاندا، نەوەک یاسایەک بهێنن وەکو بڕیاری ١٣-٢٥ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەوکاتە ژنان مافەکانیان لە ئیستا زیاتر فەرامۆش دەکرێت، تائیستا لە عێراق یاسا کۆنەکان کاری پێدەکرێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکان نەکراوە لەپێناو باشکردنی دۆخی ژنان، وە هیوادارم لە ڕێگای تاکەکانی کۆمەڵگ  و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی فشار بکرێت بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە یاساکانی عێراق بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی".

 پێویستە ژن سنورێک بۆ بێ دەنگی دابنێت و دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە

 لە کۆتایدا نەجلە سەڵاح ژنە پارێزەر و چالاکوانی ژنان بۆ ئاژانسی هەوالی فورات ووتی: "هیوادارم هەموو تاکێکی کۆمەڵگا و هەموو ژنێک بتوانێت داوای مافەکانی خۆی بکات، وە بتوانێت سنورێک بۆ بێ دەنگی دابنێت و دەنگی خۆی بەرز بکاتەوە، پێویستە هیچ کچێک لەماڵەوە بەبێ خوێندن دانەنیشێت، وە داواکارم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی زیاتر هەوڵبدەن لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان لە پێناو پێشکەوتنی زیاتری عەقڵیەت و بیرکردنەویە کۆمەڵگا".

هـ . ب