عەبدوڵا پەشێو: گیراوانی بادینان دارستانێک دەست و مەچەکیان لە پشتە

عەبدوڵا پەشێو شاعیری ناسراو و بە هەڵوێستی کوردستان بابەتێکی بۆ پشتیوانیکردن لە دەستگیرکراوانی بادینان نووسیوە و بە توندی رەخنە لە دەسەڵات و ئەو تۆمەتانە گرتووە، کە خراونەتە پاڵ دەستگیرکراوەکان و دەڵێت، ئێوە خۆتان سیخوڕن و خەڵک داوای داد دەکات.

عەبدوڵا پەشێو لە نووسینەکەیدا باس لە کار و تاوان و پارچەکردنی کۆمەڵگەى کوردستان و ناوچەکانی کوردستان لە ژێر سایەی پارتخێڵەکاندا دەکات و رایدەگەیەنێت، تاکە کاری باش و چاکی دەسەڵات و پارتخێڵەکانی کوردستان ئەوەیە هیچ مەودا و پنتێکیان بۆ سیخوڕیکردنی هیچ کەسێک نەهێشتوەتەوە و خۆیان بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو توانا و هێزیانەوە سیخوڕی بۆ وڵاتان بە تایبەتی ئێران و تورکیا دەکەن.

پەشێو لە نووسینەکەیدا شیعرێکی ناوەڕاستی هەشتاکانی هێناوەتەوە، کە لەو کاتەدا بۆ دەستگیرکراوانی کورد لە زیندانەکانی بەعس دا نووسیویەتی.

دەقی نووسینەکەى عەبدوڵا پەشێو

گەواهی

منیش گەواهی دەدەم، پڵنگەکانی بادینان، نەک هەر دەستێک، دارستانێک دەست و مەچەکیان لەپشتە. بەدرێژایی زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و تورووس، ملیۆنان دەست گوڵەباخی کۆڵەمستیان گرتووە و لەبەر کزەبای ئازادی دەشنێنەوە.

چ بەدبەخت و چارەڕەشن ئەوانەی، لەجێی سەد ملیۆن دەستی هاوخوێنەکانی خۆیان، دەستی میت و ئیتتیلاعات و موخابەرات و دامودەزگەکانی دیکەیان لە پشتە و نیشتمان پڕ دەکەن لە تخووب: تخووبی سۆران و بادینان، ئەم بەرەباب و ئەو بەرەباب، ئەم پارتخێڵ و ئەو پارتخێڵ، هەولێر و سلێمانی، دهۆک و زاخۆ، ڕەنگی ئەم جامانە و ئەویتر...

ئەو هەموو لەمپەر و دیوارانەی، لە ماوەی دەیان ساڵی کاولکاریدا، پارتخێڵەکان لە ڕیزەکانی گەلی کوردستاندا هەڵیانچنیوە بە خۆڕاگریی کوڕگەلی بادینان خەریکە دەرەزی تێ دەکەوێ. هەنووکە بادینان و سۆران، کوێستان و گەرمیان زێتر لە جاران هەست بە هاوچارەنووسی دەکەن و بەمەش خەریکن ڕەنجی دەیان ساڵەی بەرەبابە مەلعوونەکان بە با دەدەن.

سەیرە! سەرانی پارتخێڵەکان ڕۆژێ بە تەنەکە و بەرمیل درۆ دەکەن، کەچی هێندە دەبەنگن، دوای سی ساڵ فەرمانڕەوایی، هەر فێر نابن چوار درۆی ماقووڵ بکەن بۆ پینەکردنی تاوان و کەتنەکانی خۆیان. هەر کەسێک باسی نان و داد و ئازادی بکا، ئەوان تەماشایەکی ئاوێنە دەکەن، خۆیان دەبینن و قەوانە شڕەی بەعسییەکان لێ دەدەن: سیخوڕە، دەستی لە پشتە!!!!

تا ئێستا وام دەزانی ئەگەر بە میکرۆسکۆپیش چاو لە چاکەیەکی حوکمڕانە وەحشی و نەخوێندەوارەکان بگێڕم نایدۆزمەوە، بەڵام ماوەیەکە هاتوومەتە سەر ئەو باوەڕەی کە، نەخێر، چاکەیەکیان هەیە، چاکەیەکی گەورە: هیچ ڕووبەرێکی جاشایەتی و سیخوڕییان بۆ کەسانی خوار خۆیان بەجێ نەهێشتووە، چونکە تا سیخوڕی گەورە وەستابن، کەس بە کەچەلیرەیەکی ئەردۆگانیش سیخوڕ و جاشی ڕەشۆکی ڕاناگرێ. لە سەردەمی ئینتەرنێت و گووگلی دەمشڕ و دڕۆنی هەزارچاو  و مانگی دەستکردی نەهەنگەکان کێ کاری بە خەفیە و جاشی برسی و لاتولەوار ماوە؟!

ئەمڕۆ مۆدەی سوپەرسیخوڕانە، سیخوڕی وا، بە فڕۆکە هاتوچۆ بکا، بەتالیۆنێک پاسەوان و کاروانێک جامڕەشی لە دووبێ، بتوانێ بە فەرمانێک سەرزەوی و بنزەوی بۆ ماخۆکانی دابدۆشێ، فەرهەنگ و زمانی نەتەوەیەک ئاوەڕووت بکا، جوگرافیای وڵاتێک بگۆڕێ، بە بەرات و مووچەی حەرامی بندیوار سەدان هەزار هاونیشتمان بکاتە بەرتیلخۆر و دایانتەپێنێ، شارەکانی کوردستان بەعسیڕێژ بکا، هەستی خێڵەکی و شارچییەتی و دیالێکتبازی بڕسکێنێ، وەک بزمار داچەقێ و سی ساڵی ڕەبەق ڕێگە نەدا بەشێکی وڵات، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، دەستوورێک، لەشکرێک، پەرلەمانێک، سیستەمێکی دادوەریی هەبێ، نەک چەند چەقەنەخانەیەک بۆ دەستپێداهێنان و خەساندن و زمانبڕین..

سڵاو لە پڵنگەکانی زیندان

ئازادی بۆ پێشەنگەکانی بادینان

عەبدوڵڵا پەشێو

هێلسنکی ٣/٣/٢٠٢١

****

لە ساڵی ١٩٨٤دا ئەم هۆنراوەیەی خوارەوەم بۆ قارەمانانی ناو زیندانەکانی داگیرکەران  نووسی. ئێستاش، دوای ئەو هەموو ساڵانە ، زیندان و زیندانی هەمانن، ئەوەی گۆڕاوە زمانی زیندانەوانەکانە...

پێلێنان

"كێت له‌گه‌ڵدایه‌، ته‌ره‌س؟"

"كێت له‌گه‌ڵدایه‌، سه‌گباب؟"

ئێستا دانی پیا ده‌نێم،

به‌سه،‌ لێم مه‌ده‌ جه‌ناب:

ئاوی چه‌م و ڕووباران،

داری شیو و كه‌ناران،

دڕنده‌ی ده‌شت و شاخان،

فڕنده‌ی ڕه‌ز و باخان،

ته‌می دۆڵ، كوچكی به‌ستان،

بای گه‌رمێن، به‌فری كوێستان،

ملیۆنان دیلی زیندان،

زیندانی شار و گوندان،

ئه‌ندامی شانه‌كه‌من،

هه‌موویان له‌گه‌ڵ مندان.

                             28/6/1984 – مۆسكۆ

ژ.ت