فەتحیە عەلی یەكێك لە دایكانی ئاشتیە و زۆر پەڕۆشی داهاتووی گەل و وڵاتەكەیەتی. دایە فەتحیە هێرشە داگیركاریەكانی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەبەرامبەر باشوری كوردستان ریسوا و شەرمەزار دەكات و داوا لەدەسەڵاتدارانی باشوری كوردستان دەكات كە لەمە زیاتر وڵاتەكەمان تاڵان نەكەن و نەیفرۆشن و رێگە بەهاتنە ناوەوەی داگیركەران بۆ نێوكوردستان نەدەن.
دایە فەتحیە لەوتووێژێكدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ژنها ئاماژەی بەهەوڵە داگیركاریەكان لەدژی خاكی كوردستان دەكات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دۆژمنان چاویان لەخاكی كوردستان بڕیووە و هەركاتەش هەندێ خۆفرۆشیش هەبوونە كە هاوكاری دۆژمنیان كردوە بۆ شكاندنی سنورەكان و داگیركردنی خاكی كوردستان.
دایە فەتحیە ئاماژەی بەو كردوە كە لەمانگی گۆڵاندا چەندین كۆمەڵكۆژی لەوانە؛ ئەنفاڵ، كۆمەڵكۆژی هەڵەبجە و بارزان پێكهاتوون و بەزۆربوونی هەوڵە داگیركاریەكان لەدووبارەبوونەوەی ئەم كۆمەڵكۆژیانە دەترسن. تا ئێستاكە برینەكانمان ساڕێژ نەبوون، بەڵام ئێستاكەش چاومان لێیە كە دەیانەوێت وڵات و گەلەكەمان لەناو ببەن. بەدەیان شۆڕشمان كردوە و شەهیدی زۆرمان داوە، تا ئەم نیمچە ئازادیەی ئێستا بەدەست بخەین، بەڵام بەهۆی پەدەكەوە ئەو نیمچە ئازادیەش لەمەترسیدایە.
دایە فەتحیە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و پشتیوانیەكانی پەدەكە لەو داگیركاریانە ریسوا و شەرمەزار دەكات و دەڵێت:"پەدەكە بەم كارەی خەیانەتێكی نیشتیمانی دەكات و دەبێت هێز و لایەنە كوردیەكانی تریش لەبەرامبەر بەم داگیركاریانەی ئێستا خاوەن هەڵوێستی جددی بن".
دایە فەتحیە ئاماژەی بەو گەریلایانەش كرد كە لەباشوری كوردستانەوە بەشداری ریزەكانی بەرخۆدان بوونە دەكات و جەخت لەسەر پێویستی كاردانەوەی و بەرخۆدانی هاوڵاتیانی باشوری كوردستان دەكات و دەڵێت:"هەرچەندەش بەدرێژایی مێژوو دۆژمنان و داگیركەران هەوڵیانداوە گەلی كورد لەناو ببەن، بەڵام هەوڵەكانیان بێ ئەنجام بووە، لەبەر ئەوەی كە گەلەكەمان خاوەن ئێرادەیەكی بەهێزە. بەڵام لەئێستاكە باشوری كوردستان بەهۆی ئەم حكومەتە بەرژەوەندیخواز و پاڵپشتیكەرەی داگیركەران، گەنجانی كورد هەموو بێكارن و بەقووڵكردنەوەی رێژەی فەقیری هەوڵیانداوە هەستی نەتەوەیی گەنجان لەناو بەرن.
'شەڕی ناوخۆ لەبەرژەوەندی دۆژمنە'
كاتێك داعش هێرشی كردە سەر هەرێمی كەركوك، پێشمەرگە و گەریلا شانبەشانی یەكدی شەڕی ئەو گروپە چەتانەیان كرد. دایە فەتحیە دەڵێت:"ئێستاكە حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستان و پەدەكە هەوڵدەدەن گەیلاكان و پێشمەرگە رووبەرووی یەكدی بكەنەوە و داواش لەپێشمەرگەكان دەكەم، بەو هەوڵە نەزۆكانە هەڵنەخەڵەتێن و رووبەرووی برا و خۆشكە گەریلاكانیان نەوەستنەوە و رووی چەكەكانیان لەداگیركەران بكەن و یەكگرتوو بن".
فەتحیە عەلی دەڵێت؛ پەدەكە دەبێت بزانێت كە ئەگەر گەریلاكان لەو چیانە نەمێنن ئەوا ئەردۆغان پەدەكە لەنێو دەبات، لەبەر ئەوەی ئامانجی راستەقینەی دەوڵەتی داگیركەری تورك داگیركردنی هەموو كوردستان و لەناوبردنی گەلی كوردە بەم بۆنەوە دەبێت پەدەكە بەخۆیدا بچێتەوە و دژ بەشەڕی ناوخۆی لەنێو كورداندا بێت.
لەسەر بێدەنگی گەل لەباشوری كوردستان فەتحیە دەڵێت:"هاوڵاتیان بێدەنگ نەبوون، بەڵكۆ ئەوانیان ناچار بەبێدەنگی كردوە. دەڵێن ئەگەر حكومەت بێدەنگ بێت ئێمە چی بكەین و چی لەدەستمان دێ. بەڵام دەبێت هاوڵاتیان بزانن كە دەنگی گەل دۆژمن بەزێنە. حكومەت و رایەدارانی باشوری كوردستان لەبەر بەرژەوەندیەكانی خۆیان بێدەنگن و تەنانەت رێگەشیان بۆ دۆژمن خۆش كردوە. ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەگەر بەتەنیا هاوكاریەكانی بۆ داگیركەران راوەستنێت و بێدەنگیش بێت، ئەوا داگیركەران ناتوانن بگەێننە ئامانجەكانیان و سەرناكەون.
دایە فەتحیە، خۆشكی شەهید و یەكێك لەدایكانی ئاشتی ئاماژە بە رۆڵی ژنان لەبەرامبەر بەداگیركاری دەكات و دەڵێت:"ژنانی كورد لەبەشەكانی تری كوردستان، باكور و رۆژئاوا لەدژی داگیركاری هەنۆكەیی دەوڵەتی توركی داگیركەر زۆر قۆربانیانداوەو تێكۆشانی مەزن بەرێوە دەبەن، بەڵام ژنان لەباشوری كوردستان بێدەنگن و دەڵێت:"دایكانی باكور و رۆژئاوای كوردستان"گیان لەسەردەست ئامادەی پاراستن و پشتیوانین لەژنان و خاكی باشوری كوردستان، بەم بۆنەوە دەبێت ژنانی باشوری كوردستانیش ئەزموونەكانی ئەوان لەتێكۆشاندا بۆخۆیان بەبنەما بگرن و خۆیان بەرێكخستن و لەدژی داگیركەران تێكۆشان بكەن. ئەردۆغان لەسەر هەوڵە داگیركاریەكانی راناوەستێت و هەوڵدەدات، كەركوك و موسڵیش داگیر بكات، بۆیەش لەسەر ژنان و گەنجانە خاوەن هەڵوێست بن و بەدەنگی ناڕەزایەتیان لەدژی داگیركەری تێكۆشان بكەن.
هـ . ب