دەبەپە: بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" لە بنیاتنانی ژیانی ئازاد بەردەوام دەبین

مەجلیسی ژنانی دەبەپە ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر قەدەغەکردنی درووشمی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن پارێزگاری ئامەد، گوتی: "سەرەڕای قەدەغە و ئاستەنگەکان، بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" لە بنیاتنانی ژیانی ئازاد بەردەوام دەبین".

مەجلیسی ژنانی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیاری قەدەغەکردنی درووشمی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن پارێزگاری ئامەدەوە.

لە ڕاگەیاندراوە نووسراوەکەی دەبەپەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەمڕۆ تێکۆشانی ژنان لە سەرانسەری جیهان ئیلهام لە درووشمی "ژن ژیان ئازادی"ـەوە وەردەگرن، ئیتر چۆن دەتوانن قەدەغەی بکەن، دەڵێت: "ئەو زیهنیەتەی پێی وایە دەتوانێت ئەم درووشمە لەناوببات کە بووەتە فەلسەفەی ژیان، خۆی دەخەڵەتێنێت. کەس ناتوانێت ڕێگە لە هاواری ژنان بگرێت، ئەو هاوارەی لە ڕۆژهەڵاتەوە تا هیندستان، لە ڕۆژئاوا تا شەقامەکانی ئەوروپا بووەتە سەرهەڵدانی هاوبەشی ژنان. سەرەڕای قەدەغە و ئاستەنگەکان بە فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" درێژە دەدەین بە بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بناغەی ئازادیی ژنان. دژی زیهنیەتی پیاوسالار هەردەم هاوشانی ژنانی جیهان سەرهەڵدان دەکەین".