"دەمامکی رێکخراوەکانی لایەنگری ئاکەپە داماڵدرا"

حکومەتی فەرەنسا "مەرجی پێوانەکانی کۆمار" بۆ تێکۆشان لە دژی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بۆ هەموو رێکخراو و دامەزراوە ئیسلامییەکانی فەرەنسا بڵاوکردەوە و هەموو رێکخراوەکان قبوڵیانکرد، جگە لە رێکخراوە لایەنگرەکانی دەوڵەت تورک نەبێت.

لەم ساڵانەى دوایدا ئیسلامییە توندڕەوەکان چەندین هێرشیان لە فەرەنسا ئەنجامدا و لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و لە دوای ئەوەى مامۆستایەک لەلایەن ئیسلامییە توندەڕەوەکانەوە سەربڕدرا، دەوڵەتی فەرەنسا بۆ کۆنترۆڵکردنی کاروباری رێکخراوە ئیسلامییەکان لە فەرەنسا و دوورخستنەوەیان لە توندڕەوی یاسای "مەرجی پێورە ئیسلامییەکانی فەرەنسا"ی ئامادە کرد و رۆژی یەکشەممەى رابردوو (١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١) ئەو یاسایە لەلایەن زۆربەى هەرەزۆری رێکخراوە ئیسلامییەکانەوە لە فەرەنسا قبوڵ و ئیمزا کرا.

ئەنجوومەنی ئایینیی مسوڵمانانی فەرەنسا (CFCM)، کە گەورەترین ئەنجوومەنی مسوڵمانانی فەرەنسایە و لە کۆی ٩ فیدراسیۆنی ژێر چەتری ٥ فیدراسیۆنیان سەردانی ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسایان کردووە و یاسای "مەرجی پێورە ئیسلامییەکانی فەرەنسا"یان مۆر و ئیمزا کرد.

بەڵام روانگەی نەتەوەیی (میلی گۆروش) و کۆمیتەى هەماهەنگیی تورکە مسوڵمانەکانی فەرەنسا (CCCTM)، کە سەر بە ئاکەپە و دەوڵەتی تورکن و لە ژێر چەتری ئەنجوومەنی ئایینیی مسوڵمانانی فەرەنسا (CFCM)دان، مەرجەکانی فەرەنسایان ئیمزا نەکرد. هەروەها فیدراسیۆنی (Foî et Pratîqûe) لەگەڵ رێکخراوە تورکەکان بە یەکەوە دەجوڵێنەوە و یاساکەیان ئیمزا نەکردووە.

لێکدانەوەى وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا: دەمامکەکان دادەماڵدرێن

رۆژنامە و ماڵپەڕی فیگارۆ و هەروەها ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا لەوبارەیەوە وتەکانی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسایان بڵاوکردەوە و ئەو بەرپرسەى وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، "بە دڵنیاییەوە ئیمزانەکردنەکەیان خۆ نواندن و شانۆیی نییە، بە پێچەوانەوە ئێمە ئامانجە راستەقینەکەیان دەبینین".

راشیگەیاند، "دەمامکەکان دادەماڵدرێن و رووی راستەقینەیان دەردەکەوێت. بۆیە پێویستە هەموو کەس بەرپرسیارانە بجوڵێتەوە".

ژ.ت