دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ئێران دەهەژێنێت

دوای ئەوەی 'پۆلیسی ڕەوشت' لە تاران ژنێکی کوردیان بە ناوی ژینا ئەمینی ئەشکەنجە دا و کوشتیان، خۆپیشاندانەکان دەستیان پێکردووە تاوەکو دێت بە بەهێزتر و گەرمتر دەبن.

کاتێک سەیری دیمەن و ساتەکانی خۆپیشاندانەکە دەکەیت، دەبینیت ژن و پیاو لە هەموو تەمەنەکاندا لەسەر شەقامەکانن. بە تایبەتی کاتێک تەرمی ژینا ئەمینی لە گۆڕستان بەخاک سپێردرا ئەوە ڕوون بوو، کە هەڵوێست و ناڕەزاییەکی گەورە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەوە ڕاستییەکە بوو. لەو کاتەوە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی ژنان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە ئێران دەستیپێکردوە و تا ئێستا بەردەوامیی هەیە.

ژنانی کورد، فارس، ئازەری، بەلووچ، کەلهوڕ و ئێرانی هاتنە مەیدان و لە دژی ڕژێمی فاشیست و پیاوسالار، کە داپۆشینی قژ بە ناوی حیجاب بەسەر ژنان دا دەسەپێنێت و مافەکانی ژنان و تەواوی کۆمەڵگە سنووردار دەکات.

سەرەنج ڕاکێشە، لەم خۆپیشاندانەدا دروشمێک دەوترێتەوە و ئەم دروشمە 'ژن، ژیان، ئازادی'یە. ئەم دروشمە ماوەی ٩ ڕۆژە بووەتە سیمبولی ڕاپەڕینی ئێستای ئێران. ئەم دروشمە هەم بە زمانی کوردی و هەم بە فارسی دەوترێتەوە.

هەروەها ژنان ئەو حیجابە ڕەتدەکەنەوە، کە بە زۆر بەسەریاندا سەپێنراوە، قژیان لە شەقامەکاندا دەبڕن، داوای ڕوخانی ڕژێمی فاشیست دەکەن. دەبینین، کە تووڕەیی و چالاکی ئەنجام دەدرێن، لە زۆرێک لە ڕەنگ و ڕوخساری چالاکییەکانی پێشوو بەهێزتر و یەکلاکەرەوەترە و بە بڕیارترە. هەروەها پیاوانیش شانبەشانی ژنان بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکەن، کە چالاکییەکان بۆ مافی ژنان و لە دژی ئەو کردار و رەفتارە و پێشێلکارییانەیە، کە بەسەر ژنان دا دەسەپێنرێن.

نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە دەرەوەش بە شێوەیەکی بەهێز ژنان و زۆریک لەلایەن دیموکراتیکەکان پشتیوانی لە ژنان و خۆپیشاندانەکانیان و ڕاپەڕینەکەیان دەکەن.

زۆر لایەنیش ئەمە بە ڕاپەڕین یان سەرهەڵدان ناودەبات. چالاکوانانیش ئەمە پشتڕاستدەکەنەوە. دیارە هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ ڕاپەڕین دا نییە. تووڕەیەکی تازە نییە، ڕقێکی نوێ نییە، داواکاری زیاتر لە ٤٠ - ٤٥ ساڵە.

ساڵانێکە ڕژێمی فاشیستیی ئیسلامی ڕادیکاڵی ئێران بە عەقڵییەتی دەرەبەگایەتی و دواکەوتووییەوە کۆیلایەتی بەسەر جەستەی ژن و قژیدا سەپاندووە و ژنی کردووەتە ئامرازی پیاوان و جارێکی تر ژنانی زیندان کردووە. ژنان نە لە ماڵ و نە لە شەقامەکان و نە لە هیچ  شوێنێکدا سەلامەت و پارێزراو نین و هەمیشە لەژێر چاودێری سیستەم و پیاواندان. ناوچەیەکی سەربەخۆ بۆ ژنان، کە هەست بە ئازادی بکەن نەهێشتووەتەوە. نە لەگەڵ پیاوان، نە لەگەڵ خێزان و بنەماڵە، نە لەگەڵ خۆشەویستان و نە لە بوارەکانی تری ژیاندا. لە بارودۆخێکی ئاوادا، ژن چۆن دەتوانێت بژی؟ ئەوە ژیانێکی جەستەیییە، ڕۆح مردووە، جەستە و ئێسکیش مردووە.

 کوشتنی ژینا ئەمینی بۆ ژنان بوو بە دوا خاڵی دان بە خۆداگرتن. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت تا کۆتایی بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە سەر شەقامەکان بەرەنگار بکەەن، تا ئەنجامێکی باشی ڕووخانی ڕژێمی فاشیست بە دوای خۆیدا بهێنێت، چونکە هەتا ئەم ڕژێمە هەبێت ئەستەمە ژنان ئازاد بن. بەیانی ژیانێکی تر دەبێتە قوربانی، بۆ ئەوەی ژیانێکی تر نەکرێنە قوربانی، ئەمڕۆ دەبێت ئەم ڕژێمە و ئەم دەسەڵاتە هەڵوەشێتەوە.

ژن و پیاو، چ کورد، چ فارس و چ ئازەری و چ پێکهاتەکانی تر، نە تەنها بۆ ڕەنگێک، پێکهاتەیەک و نەتەوەیەکە، بەڵکو ئەوەی دەسەپێنرێت بەسەر هەموو جۆرە کۆمەڵگە و ناوچەیەک و پێکهاتەیەکدا دەسەپێنرێت، بۆ ئەوەش ئەمڕۆ دەرفەتە و دەبێت بەباشی بەکار بهێنرێت. ئەمڕۆ لە وڵاتەوە بۆ دەرەوەی وڵات هەموو کەس لەگەڵتاندایە. ڕۆحی ژینا و شیلێر و سەدان ژنی بەندکراوتان لەگەڵدایە. لەو گۆڕەپانانەدا لەگەڵ ئەوەش لە دژی ئەو فاشیستانە شەڕ دەکەن و تێدەکۆشن.

ئەوەی لەسەر شەقامەکان و لە گۆڕەپانەکاندا ڕوو دەدات، ڕۆحی ژینایە. ئەوەی لە دژی فاشیزم دەوەستێتەوە و ڕادەپەڕێت و خۆی بە دەستەوە نادات ڕۆحی شلێرە.

ئەگەر ئەم چالاکییەیە سەربکەوێت، زۆرێک لە ژنانی زیندانیکراو، کە داوای مافەکانیان کردووە ئازاد دەکرێن. ژنان لە گۆڕەپانەکان و لەسەر شەقامەکان و لە ماڵ ئازاد دەکرێن. ڕۆحی سەدان ژنی خۆڕاگر و بەرەنگار، کە لە دژی ڕژێم وەستاونەتەوە و لە سێدارەدران ئازاد دەکرێن و لەگەڵ ژنانی ئازاد دا دەژین.

بۆیە دەبێت دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' تا سەرکەوتن بوترێتەوە و تەختی فاشیست و ڕژێمە فاشیستەکان بڕوخێنرێن.

ژ.ت