دوران کاڵکان: ئامانج لە هەموو شوێنێکدایە

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، فاشیزم، کە هێرش دەکاتە سەر باشوور و رۆژئاوا لە هەموو شوێنێکدا خۆی دەهێڵێتەوە و وتی، "دەبێت بەرخودان لە هەموو شوێنێکدا بێت، ئامانج لە هەموو شوێنێکدایە".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ مەدیا خەبەر تیڤی دوا و لەسەرەتای وتەکانیدا وتی، لە کەسایەتیی حەقی قەرار دا یادی شەهیدانی مانگی ئایار و شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بەڕێزەوە بەرز رادەگرم.

دوران کاڵکان بە بەرفراوانی باسی واتا و گرنگیی مانگی ئایاری کرد، کە وەک "مانگی شەهیدان" پێناسە دەکرێت و سەرنجی خستە سەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک، کە لەمدواییانەدا بە چڕی و قورسی بەردەوامییان هەیە.

'ئێمە فاشیزم دەهێنینە لێواری هەڵوەشان، بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا و رووسیا لەسەر پێ رایدەگرن'

دوران کاڵکان ئاماژەی بە پەیوەندیی تەلەفونیی جۆ بادین سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک کرد و وتی، "سەرۆکی ئەمریکا چەند مانگ راوەستا و دوای ئەوە هەستا لە ٢٣ی نیساندا بە تەلەفون پەیوەندیی لەگەڵ ئەردۆغاندا گرت. ٢٣ی نیسان رۆژێکی ئاسایی نییە، رۆژی دامەزراندنی پەرلەمانی تورکیایە، بۆیە واتە رۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی تورک، پەیوەندی و قسەکردن لەو رۆژەدا لەگەڵ ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو دەوڵەتەدا بە مانای پەیمان و رێککەوتنێکە. پەیمانی 'ئێمە لەگەڵتاین'ی پێدا و پشتیوانیی لەو هێرشە کرد. وتەی 'ئێمە لەگەڵ تۆین' بە مانای ئەوە هات کە 'هێرش بکە سەر کوردان'. ئەگەر راستەوخۆش وای نەوتبێت، لایەنەکەى تر بەو شێوەیە تێگەیشتووە و هەر دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکە دەستیان بە جموجوڵ کرد و هێرشیان کردە سەر مەتینا، زاپ، ئاڤاشین و زاگرۆس".

دوران کاڵکان وتی، "ئێمە تێدەکۆشین، مەترسین بۆ سەری، سیاسەتی عەقڵییەتی داگیرگەریی فاشیزم تەنگاو و لاواز دەکەین، سنوورداری دەکەین، دەهێنینە لێواری هەڵوەشان، بەڵام راستەوخۆ ئەوروپا، ئەمریکا و روسیا دەستی خۆیانی بۆ درێژ دەکەن و هەوڵ دەدەن رزگاری بکەن و بەوە ئەو سیستمە فاشیستییە لەسەر پێ رادەگرن".

"بۆ ئەوەی کورد بسڕنەوە هەوڵ دەدەن پەکەکە پاکتاو بکەن"

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە ئاماژەی بەوەکرد، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بە لەناوبردن و پاکتاوکردنی پەکەکە، کە ئازادیی کوردانی دەوێت، هەوڵ دەدات رێگا بۆ سڕینەوەی کوردان بکاتەوە و وتی، "هێرش دەکەنە سەر پەکەکە، چونکە ئەوەی لەسەر هێڵی ئازادی و هەبوونی کوردان دەڕوات پەکەکەیە. ئەوەى بە راستی و دروستی لە تێکۆشانی ئازادیی کوردان تێگەیشتووە و بە هەموو شێوەیەک قوربانیی بۆ دەدات پەکەکەیە. بۆیە دەیانەوێت پەکەکە لە ناو ببن".

دوران کاڵکان وتی، "فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەموو هێزی خۆیان بەکار دەهێنن. بە هەموو شێوەیەک هێزەکانی خۆیان خستووەتە گەڕ. هەموو توانا و دەرفەتە تەکنەلۆژیەکانیان بەکار دەهێنن. هەموو شتێکیان داوەتە پێش چاوی خۆیان. بۆ ئەوەی لە ناوبردن ئەنجام بدەن. دەیانەوێت کۆتایی بە گەریلا بهێنن. دەیانەوێت لە کەسایەتیی گەریلادا هێڵی پەکەکە لاواز بکەن و بەو شێوەیە کوردان بسڕنەوە. بۆ سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردانیش دەیەوێت هاوکار و یارمەتیدەرێکی کاریگەر بۆ خۆی دروست بکات. ئێمە دەڵێین، هێرشی داگیرکەری، بەڵام لە پشت ئەم هێرشەوە سڕینەوە و پاکتاکردن هەیە، بۆیە ئەم هێرشە هێرشی سڕینەوە و لە ناوبردنە".

"پەرلەمانی کوردستان کەی دێتە دەنگ؟"

دوران کاڵکان سەرنجی خستە سەر پشتیوانیی جیهانی و ناوچەیی بۆ دەوڵەتی تورک و وتی، "ئەوانەى بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانیی لێ ناکەن، بە شێوەیەکی شاراوە پشتیوانیی لێدەکەن. بە بێدەنگی پشتیوانیی لێدەکەن. لە بەغدا و هەولێر دەنگ دەر نایەت. باشە  پەرلەمانی کوردستان کەی دێتە دەنگ؟ لە کام بار و دۆخدا بڕیار دەدات؟ باشە پەرلەمان تەنها بۆ بڕیاردان لە دژی پەکەکە دامەزراوە؟ لە دژی پەکەکە قسە دەکەن و لە دژی پەکەکە بڕیار دەدەن. باشە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە دژی پەکەکە چەند بڕیار دراوە؟ با جارێکیش لە دژی دەوڵەتی تورک بڕیارێک بدات و ئێمەش بیبینین. هەندێک بەو شێوەیە پشتیوانیی لێدەکەن، بۆیە نابێت ئەوە بە سوکی و سانایی سەیر بکرێت، ئەوە دۆخێکی جدییە. رۆشنبیران، هونەرمەندان، ژنان و گەنجان و هەموو کەس دەبێت ئەوە بزانن. سیاسەت و عەقڵییەتی دەوڵەتی تورکی فاشیست، پاکتاوکەر ئەمڕۆ لە کەسایەتیی ئاکەپە – مەهەپەدا دەیەوێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا هێرش دەکات. سەربکەوێت یان سەرنەکەوێت، ئەوە بابەتێکی جیاوازە. ئەو هێرشە هێرشی پاکتاوکردن و سڕینەوە و لە ناوبردنە. حسابی ئەوە دەکەن، کە کاتێک گەریلا بێ کاریگەری بکەن دەتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن. لەو حساباتە نارەوایانەدان. دەبێت هەموو کەس بە شێوەیەکی راست و دروست لە بابەتەکە تێبگات و بە شێوەیەکی جدی نزیک ببێتەوە".

 "شەڕ لە هەموو ئاستێکدا بەردەوامە"

دوران کاڵکان رایگەیاند، گەریلا لە دژی ئەو هێرشانە لە بەرخوداندایە و بەرگرییەکی زۆر گرنگ دەکات و وتی، "لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتینا و زاپ شەڕێکی قورس روودەدات. دیارە ئەو شەڕە هێشتا بەردەوامە. بە هێزی تەکنەلۆژیاییەکەیان خۆیان لە هەندێک شوێندا دابەزاندووە، بەڵام ئەوە سەرکەوتنی سوپا نییە. ئێمە نەمان وت، 'کەس ناتوانێت لە رووی سەربازییەوە بێت'، هاتن، بەڵام چوونە دەرەوە لەم شوێنەدا جێگای مشتومڕە. ئەوە جێگای مشتومڕە، کە چۆن دەتوانن لێرەدا بمێننەوە، یان ئاخۆ دەتوانن بمێننەوە، یان نا. ئێمە سەرنجەکان رادەکێشینە سەر ئەوە. هەر خۆی لە زۆر شوێنی کوردستاندا خۆیان جێگیر کردووە. بۆیە دەتوانن بڕۆن بۆ هەموو شوێنێک، بەڵام بەوە هەموو شوێنێک دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ. ئەوە دۆخێکە کە لێدەرچوونی نییە. لەو دۆخەدا هێزێکی سەربازی لەو جوگرافیایەدا جێگیر ببێت، ئەوا بە بەردەوامی دەبێتە ئامانجی هێرشەکانی گەریلا. ساڵی ٢٠١٦ش بەو شێوەیە لە سەر هەندێک گردی چەلێ خۆیان جێگیر کرد، بەڵام بە بەردەوامی بوونە ئامانجی هێرشی گەریلا. گەریلا بە بەردەوامی و هەموو کات لێی دەدان. ئێستاش گەریلا لێیاندەدات. دۆخێکی وەها لە گۆڕێدایە. شەڕ لە هەموو ئاستێکدا بەردەوامە. لە هەندێک ناوچەدا سوپای تورک دەکەوێتە بۆسەى گەریلا، دەکەوێتە ژێر چاودێریی گەریلا و لەو چوارچێوەیەدا چالاکییەکان ئەنجام دەدرێن. بەپێی ئامارەکانی ئەمدواییە، ١٤٧ کەسیان لێ کوژراوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. تەنانەت ئەوەش ئاشکرابوو، کە زیان بە چەند کۆپتەریش گەیشتووە. هێزێکیش کە شەڕ بکات، بێگومان شەهیدش دەدات. ئێمە بزووتنەوەیەکی وەهاین، کە شەڕ و شەهیدبوونمان داوەتە پێش چاومان... هەموو گۆڕەپانەکان و ناوچەکان بوونەتە گۆڕەپانی شەڕ".

"٢٠٠ ساڵی تریش تێپەڕێت ئەم شەڕە بەردەوامیی دەبێت، بە دڵنیاییەوە گەل خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکات"

دوران کاڵکان لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "ئیمە وەک حیزب، گەریلا و گەلێک، کە لایەنگر و پشتیوانی پەکەکەیە، لە دژی داگیرکەران بەرەنگاری دەکەن و ئێمەش بەرخودان دەکەین. ئێمە لە هەر چوارپارچەى کوردستان بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین. پەکەکە خۆی وەک هێزی خۆپاراستنی کوردستان و ئیرادەی ئازادی دەبینێت. ئەو داگیرکەرییەش بە هێزی هەڵوەشاندنەوە دەزانێت و لە دژی ئەوەش ٤٠ ساڵە شەڕ دەکات. ئەو بەرخودانە ٢٢٠ ساڵە بەردەوامیی هەیە. گەلی کورد تەنها بە پەکەکە بەرەنگاریی نەکردووە، بەڵکو پێشتریش بەرەنگاری و خۆڕاگریی کردووە. لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەرەنگاریی کردووە. ٢٠٠ ساڵی تریش تێپەڕێت ئەم شەڕە، ئەم بەرخودانەى گەل بەردەوامیی دەبێت".

"وەرن پێکەوە کوردستان بپارێزین"

کاڵکان ئەوەى بەبیرهێنایەوە، کە ماوەیەک لەوە پێش بانگەوازی "وەرن پێکەوە کوردستان بپارێزین، لە دژی داگیرکەر راپەڕن، ئازادی پێکەوە بئافرێنین، دیموکراسی کورد پێکەوە دابمەزرێنین" بۆ هێزە کوردییەکان کردبوو و وتی، "ئەو بانگەوازەمان بۆ هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردە. ئێمە بانگەوازمان بۆ حیزب و رێکخستنەکانی باشوور، باکوور و رۆژئاوا کردبوو. ئەو بانگەوازەمان بەردەوامیی هەیە. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە ئەوە کارە راست و دروستەکەیە. لە سەردەمێکدا کە پاکتاوکردن و سڕینەوە، کوشتی گەل و هەوڵ بۆ لەناوبردنی هێزەکانی ئازادی بەردەوامییان هەیە، باشە راوەستان خزمەت بە کێ دەکات؟ دانیشتن و نەبینین بە چ مانایەک دێت؟ پەرلەمانی باشووری کوردستان کەی بڕیار دەدات؟ پەرلەمانی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا کەی بڕیار دەدات؟ ئەنجومەنەکانی باکوور کەی بڕیار دەدەن؟ دەبێت ئێستا بێنە دەنگ و قسە بکەن. دەبێت قسە ئێستا بکرێت. دەبێت بڕیار بدرێت. دەبێت ئێستا هەڵوێستی ئازادیپارێزی نیشان بدرێت".

کاڵکان رایگەیاند، هەمان بانگەوازییان بۆ هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و وتی، "ئەم بەرخودانە بەرخودانە بۆ تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک. ئێمە داوا لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی عەرەب و فارس، شرڕشگێڕان و هێزە سیاسییەکان دەکەین، کە وەرن پێکەوە لە دژی فاشیزم بەرەنگاری بکەین، پێکەوە دیموکراسی بونیات بنێین. ژیانی برایەتیی دیموکراتیک پێکەوە بخوڵقێنین. تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیک بئافرێنین.

"تێکۆشان لە دژی فاشیزم دەبێت لە هەموو شوێنێکدا بێت"

دوران کاڵکان لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند:

"تێکۆشان لە دژی فاشیزم دەبێت لە هەموو شوێنێکدا بێت. وتەی، من پشتوانی لە بەرخودانی گەریلا دەکەم بەش ناکات. دەبێت هەموو کەس لە شوێنی خۆیدا بەرخودان لە دژی فاشیزم گەش بکات. هێرشی فاشیست بۆ سەر هەموو شوێنێکە و فاشیزم خۆی لە هەموو شوینێکدا دەسەپێنێت. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر مام رەشۆ و زەندورا پارەیان لە کەرتی گەشتیاری و توریزمی مێرسین و ئەنتالیا دەست دەکەوێت، لە فڵان کار پارەیان دەست دەکەوێت، ئەو پارانە دەکەنە چەک و هێرشی پێدەکەنە سەر گەریلا و زوڵم لە گەلان و مرۆڤەکان دەکەن. یانی ئامانج لە هەموو شوێنێکدایە، فاشیزم لە هەموو شوێنێکدایە، دەبێت بەرخودانیش لە هەموو شوێنێکدا بێت. ئەگەر ئێوە پشتیوانی لە بەرخودانی گەریلا لە مام رەشۆ دەکەن با دەرفەتە مادییەکانی دەستخستنی پارە بۆ کڕینی چەک و جبەخانە ئاستەنگ بکەن. بۆ نمونە رێگا نەدەن لە ئەنتالیا، مێرسین و ئەزمیر پارەیان دەست بکەێت. تەنها بەو شێوەیە دەبێت.

لە پێش هەموانەوە داوا لە ژنان و گەنجان، کرێکاران، زەحمەتکێشان و گەلەکەمان لە هەر چوارپارچەى کوردستان و گەلەکەکان لە دەرەوەی وڵات دەکەین، لە هەمو شوێنێکیدا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە و بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو سیاسەتە و عەقڵییەتی داگیرکەری پاکتاوکاری فاشیزم تێکۆشان گەورە بکەن. ئەوە ئەرکی پێویستە. رۆژ ئەو رۆژەیە، کە بۆ هەڵوەشاندنەوەى فاشیزم بە هەموو شێوەیەک دەرفەتەکان و تواناییەکان بەکار بهێنرێن و لە هەموو شوێنێکدا تێکۆشان بەڕێوەببرێت. سەرکەوتن بەو شێوەیە دی دێت. بە تایبەتی دەبێت گەنجان نەوەستن. بەشداربوون بۆ ناو ریزەکانی گەریلا و بۆ ناو تێکۆشان بە مانای ئەوە نییە، کە بێن بۆ مام رەشۆ، چونکە شەڕی دژ بە فاشیزم تەنها لە مام رەشۆ ناکرێت، بەڵکو لە هەموو شوێنێکدا دەکرێت. لە ئیستەنبول، ئیزمیر، ئەنتالیا، چوکورۆڤا، دەریای رەش، باکووری کوردستان، لە عەفرین، لە بەعشیقە. لە هەموو شوێنێکدایە. دەبێت هەموو کەس ئەوە ببینێت و بیزانێت و کارە دروستەکە ئەنجام بدات".

ژ.ت