چالاکوان و پارێزەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان لە کەرکوک لە چاوپێکەتنێکدا لەگەل ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باس لە ئاستەنگی و نەبوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی ژن و منداڵ دەکەن لە عێراق، هەروەها ڕەخنە لە ژنانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرن کە کەمتەرخەمن لە رۆڵ بینین لە بەرگریکردن لە ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم ڕێکخراوانەی مافی ژنان نەتوانن وەکو پێویست ببنە پەناگەیەک بۆ پاراستنی گیانی ئەو ژنانەی کە کێشەیان هەیە و رووبەرووی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی دەبنەوە.
مافی ژنان لە دەستوری عێراقی دەستنیشان نەکراوە
ژیان حەمید لێپرسرای لقی کەرکوکی یەکێتیی ژنان، سەبارەت بەو ئاستەنگییانەی کە رووبەرووی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان دەبنەوە لەکاتی هەوڵدان بۆ پاراستنی ژنان، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان لەکاتی کارکردنمان بۆ هاوکاریکردنی ژنان روبەرووی ئاستەنگی زۆر دەبینەوە، چونکە مافی ژنان لە یاسای دەستوری عێراقی دەستنیشان نەکراوە ئەمەش هۆکارە کە ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان نەتوانین بە تەواوەتی بەرگری لەو ژنانە بکەین کە رووبەرووی کێشە دەبنەوە و پێویستیان بە هاوکاری رێکخراوەکانی ژنانە بۆ پاراستنیان."
بەو هۆیەوە چەندین ژن کوژراون یان خۆیان کوشتووە
هەروەها ژیان حەمید ووتیشی: "نەبوونی پەناگە (شەڵتەر)ئاستەنگێکی دیکەیە لە بەردەم ڕێکخراوەکانی ژنان، چەندین ژن پەیوەندیان پێمانەوە کردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پەناگە نەتوانروە هاوکارییان بکەین و بەو هۆیەوە چەندین ژن گیانیان لەدەستداوە و هەندێکیان خۆیان سووتاندوە یان خۆیان کوشتووە یان کوژراون، ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵدەدەین کە بەدواداچوون بکەین بۆ کێشەی ژنان بەلام بەهۆی ئاستەنگیەکانەوە نەمانتوانیوە زۆر کاریگەربین لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان."
عەقڵیەتی پیاوساڵاری زاڵە لەسەر پەرلەمان و دادگاکانی عێراق
چیمەن ئەحمەد خورشید پارێزەرێکی مافی ژنانە لە شاری کەرکوک سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی یاسایەک بۆ پاراستنی ژنان لە عێراق بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند: "یەکێک لەو کێشانەی کە ئاستەنگە لەبەردەم ڕێکخراوەکانی پارێزگاری کردن لە ژنان پەسەند نەکردنی یاسایی توندوتیژی خێزانییە، وەکو پارێزەرانی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا هەوڵی پەسەندکردنی ئەم یاسایە دەدەین، بەڵام تا ئێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند نەکراوە، هۆکاری پەسەند نەکردنی یاسایی توندوتیژی خێزانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی عەقڵیەتی پیاوساڵاری زاڵە لەسەر پەرلەمان و دادگاکانی عێراق، لە دادگاکانی عێراقە پەیمانامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە توندوتیژی بەکارنایات."
یاساکان لە دەستوری عێراق کۆنن و کەم کورتی تێدایە
هەروەها چیمەن ئەحمەد سەبارەت بە کەم کورتی لە یاسای توندوتیژی خێزانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتیشی: " سەرەرای ئەوەی یاساکان لە دەستوری عێراق کۆنن و کەم کورتی تێدایە بەڵام ئێمە وکو پارێزەران لە ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵمانداوە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ژنان بکەین لە رووی کۆمەڵایەتی و لە رووی یاسایی."
ژنان لە پەرلەمانی عێراق نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان وەکو ژنێک ببینن
هەروەها ئەو پارێزەرە سەبارەت بەهۆکاری پەسەند نەکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی ووتی: "دوو هۆکار هەن کە رێگردن لە پەسەند نەکردنی یاسای توندوتیژی خێزانی یەکەم زاڵبوونی مەرجەعیە ئاینییەکان لە عێراق، هۆکارێکی دیکە کە جێگەی ڕەخنەیە ژنان لە پەرلەمانی عێراق نەیانتوانیوە رۆڵی خۆیان وەکو ژنێک ببینن کە هاوکاری ژنان بن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق."
لە کۆمەڵگاکەمان کلتوری عەشایەری زاڵترە لە سیستەمی حکومەت
سرود ئەحمەد بەرپرسی نووسینگەی کەرکوکی رێکخراوی هیوای عێراقی وتی: ''تا ئێستا لە عێراق یاسایەکمان نییە بۆ پاراستنی چالاکوانی کاروباری ژنان و چالاکوانی مافی مرۆڤ، بەداخەوە ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی قەبووڵی ئەوە بکات، کە ئێمە ژنێک بپارێزین و لەکاتی هەوڵدانمان بۆ پاراستنی ژنان ئێمە وەکو ڕێکخراوەکانی ژنان پارێز رووبەرووی هەڕەشە دەبینەوە چونکە لە کۆمەڵگاکەمان کلتوری عەشایەری زاڵترە لە سیستەمی حکومەت."
ئەمەش وایکردووە رێژەی کوشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە
هەروەها سرود ئەحمەد سەبارەت بە دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لەناو کۆمەڵگا و کارێگەری خراپی لەسەر ڕەوشی ڕێکخراوەکانی ژنان، رایگەیاند: "لە تەواوی ئەم ووڵاتە چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە نییە، بەڵکو چەک لەنێو کۆمەڵگادا زۆر بڵاوە و بوونی هەیە ئەمەش وایکردووە رێژەی کوشتن بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بۆیە کۆسپ و رێگری زۆر هەیە لە بەردەم کارکردنمان لە بواری پاراستنی ژنان و مافی مرۆڤ."
چەک لەنێو تەواوی کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە
سەبارەت بە چۆنییەتی رێگری کردن لە تەشەنەکردنی توندوتیژی خێزانی، سرود ئەحمەد لە بەردەوامیی وتەکانیدا راشیگەیاند: " پێوستییەک هەیە بە یاسای پاراستنی چالاکوانی مافی مرۆڤ و مافی ژنان و منداڵان، هەروەها پێویستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند بکرێت، هەروەها پێویستیەکی دیکە بوونی پەناگەیە(شەڵتەر)، هەروەها دەبێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا هەبێت نەک بەو شێوەیەی ئێستا کە چەک لەنێو تەواوی کۆمەڵگادا هەیە وە بوونی گروپی چەکداریش(میلیشیا) کاری گەری نەرێنی هەیە لەسەر توندوتیژی لە کۆمەلگاکەمان."
ئەمەش جۆرێکە لە بازرگانی کردن بە ژنانەوە
لە کۆتایدا سرود ئەحمەد بەرپرسی رێکخراوی هیوای عێراق سەبارەت لێکەوتەکانی (سوڵحی عەشایەری) ووتی: "کێشەیەکی دیکە نێو کۆمەڵگا (سوڵحی عەشایەری)یە کە لەکاتی ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنێک سوڵح دەکرێت بەرامبەر بڕێک پارە کە ئەمەش جۆرێکە لە بازرگانیکردن بە ژنانەوە، دەبێت کار بە یاسای دەوڵەت بکرێت نەک بە یاسای عەشایەری، بۆیە پێویستە یاسایەک لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ هەبێت تا بتوانین زەمینەک هەبێت بۆ کاردنی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان ومافی مرۆڤ."
ژ.ت