کوێستان داوودی یەک لە ژنە پێشەنگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژنە تێکۆشەری کورد و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کوێستان داوودی پاش چەند ساڵێک ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

کوێستان داوودی لە چالاکوانانی سیاسی و یەک لەو یەکەم ژنانەبوو کە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ چووە ریزی تێکۆشانەوە. کوێستان داوودی کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپاڕێز لە مەهاباد لە دایکببوو ئەزمونی تێکۆشان دژی رژێمی پاشایەتیشی هەبوو، لە لایەن هەر دوو دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە رووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە ببووەوە و بۆ ماوەیەکیش زیندانی کرابوو، کارنامەیەکی دەوڵەمەندی لە خەبات و بەرخودان هەبوو.

ئەو ژنە تێکۆشەرە لە هەر بەشێکی کوردستان دەرفەت بۆ تێکۆشان هەبوایە بە بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورە سەپێندراوەکان لە پێناو رزگاری گەلەکەیدا تێدەکۆشا.

بۆ ماوەی چەند ساڵ ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بوو و هەروەها لە بواری دیپلۆماسیذا بە شێوەی کارا بەشداربوو.

کوێستان داوودی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهەمان ئازایەتییەوە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە دەکرد، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باشوری کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

هـ . ب