دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی ژنانی گەنج سەرکوت بکات، بیانترسێنێت، لە خوێندنگەکان دووریان بخاتەوە و لە ماڵەوە ڕایانبگرێت، ڕووداوەکانی ژەهراویکردنی ڕێکخستووە و ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیەی ئێرانی بەرامبەر بە ژنان و گەلان ئیدانە کرد.
دەستەی بەڕێوبەەریی کەژەکە سەبارەت بە ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی کەژەکەدا هاتووە: "دوای ئەوەی کچی کورد ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەلایەن دەوڵەتەوە کوژرا، لە ئێران لە سەر بنەمای دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' ڕاپەڕین دەستیپێکرد و هێشتاش بە شێوازی جیاواز و جۆراوجۆر بەردەوامە. لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەر چوار قوڕنەی جیهانەوە پشتیوانییەکی گەورە لەم ڕاپەڕینە کرا. پێش هەموو شتێک ئێمە سڵاو و پیرۆزبایی لە ژنان، گەل، بزووتنەوەی ژنان، گەلان، هێزە دیموکراسی و ئازادیخوازەکان، هونەرمەندان، ڕۆشنبیران، گەنجان، سیاسەتمەداران و وەرزشوانان دەکەین، کە بەشدارییان لە ڕاپەڕینی 'ژن،،ژیان، ئازادی' دا کرد و پشتیوانیان لێکرد. ئێمەش باوەڕمان بەوەیە، ئێران، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کولتوورێکی قووڵی هەیە، لە پێش هەموو شتێکەوە ئەگەر بتوانێت ژیانێک لەسەر بنەمای ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی لە نێوان گەلان دا بئافرێنێت ئەوە کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر کۆمەڵگاکان و ژنان و سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەبێت".
'بەکارهێنانی گازی ژەهراوی هەوڵێکە بۆ کۆمەڵکوژکردن'
لە راگەیەندراوەکەی دەستەی بەڕێوەبەریی کەژەکەدا ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە:
"ئەوە لە کاتێکدایە دەوڵەتی ئێران سیاسەتی کۆمەڵایەتی خۆی لەسەر بنەمای دوژمنایەتی بەرامبەر بە گەلان و ژنان بونیاتناوە، لەم سەردەمەدا بە شێوەیەکی دڕندانە و زاڵمانە جێبەجێ دەکات. ئەم کردار و ڕەفتارانە لەگەڵ راپەڕینەکانی ئەم دواییەدا زۆر زیادیان کردووە.
بۆ نموونه; سزای لە سێدارەدان، کە دڕندانەترین سزای دژ بە مرۆڤایەتییە، ئێستا لە ئێران بووەتە کارێکی ئاسایی. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کردار و سزای داسەپێنەرانە لە دەرەوەش ژنان دەکاتە ئامانج، گەلانی بێ ئیرادە دەکات، زیندانیان دەکات، ئەشکەنجەی قورسیان دەکات، دووریان دەخاتەوە، سزایی داراییان بەسەردا دەسەپێنێت، بێکاریان دەکات و چەندین کرداری هاوشێوە لە دژی ژنان و گەلان ئەنجام دەدرێن. هەرکاتێک ناڕەزایەتیبوونێک، یان ڕاپەڕینێک هەبێت ئێران ئەوە بە هێزە دەرەکیەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، کە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدان لە ئێران، سیاسەتەکانی خودی ئێرانە. دەوڵەتی ئێران لەو بڕوایەدایە، کە تا چەند بە توندی و ڕەقی بەرامبەر بە ژنان و کۆمەڵگە بجوڵێتەوە دەتوانێت ئەنجامی گەورەتر بەدەست بهێنێت و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت مسۆگەر دەکات، بەڵام ئەو ڕووداوانە، کە ڕوودەدەن پێچەوانەی ئەوەن نیشان دەدەن. سیاسەتەکانی گوشار و زۆرداری و چەوساندنەوە تووڕەیی ژنان و کۆمەڵگا زیاتر دەکات، زیاتریش دەبێتە هۆی ڕاپەڕینیان. هەر ئەوەندە، کە سیاسەتی دوژمنایەتیکردنی بەرامبەر بە گەلان و ژنان زیاتر دەبن، ڕاپەڕینی ژنان و گەلیش ڕوو لە زیادبوون و گەورەتربوون دەکەن.
لەم ڕۆژانەی دواییدا لەڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە، هەزاران کچی گەنج لە خوێندنگەکانی ئێران و کوردستان دا ژەهراوی بوون و بەلایەنی کەمەوە چوار کچی گەنج گیانیان لەدەستداوە. ژنان و گەلی کورد باش ئاگاداری ئەوەن، کە چەکی کیمیایی لە مێژوودا چۆن بەکارهاتووە و چ مانایەکی هەیە.
وەک دەزانرێت دەوڵەتی تورک لە ساڵی ١٩٣٨دا چەکی کیمیایی لە دێرسیم بەکارهێناوە، ڕژێمی بەعس لە چەندین شار و گونددا لە باشووری کوردستان بەکاری هێناوە، کە قورسترین و جدیترینیان هەڵەبجە بوو و بووە هۆی ئەوە هەزاران کورد کۆمەڵکوژ بکرێن. لەم دواییانەدا دەوڵەتی تورکی فاشیست لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە بە پێشێلکردنی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکان و بە ڕەزامەندی و رێگاپێدانی ئەو دام و دەزگایانە، چەکی کیمیایی دژی گەریلا لە زاپ و ئاڤاشین بەکاردەهێنێت. دەیان گەریلا بەهۆی ئەو چەکە کیمیاییانەوە لە ئەشکەوتەکان و تونێلەکاندا شەهید بوون.
ئێستاش دەوڵەتی ئێران بە هەمان عەقڵییەت و زیهنیەتەوە، بە پلانی فریودەرانە لە دژی هەزاران خوێندکاری کچی رێکخستنکراو لە خوێندنگەکاندا، گاز بەکار دەهێنێت. هەزاران خوێندکاری کچ بەهۆی گازەوە ژەهراویبوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان. دەوڵەت وەڵامی مامۆستایانی خوێندنگەکان، کە دەیانەوێت ئەو دۆخە ڕوون بێتەوەو ئاشکرا بکرێت، بە گرتن، لە کار دەرکردن و بڕینی مووچەیان دایەوە. دەوڵەت بە هیچ شێوەیەک لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان ناکات. ئەوە بە ڕێکەوت نییە، کە ئەو ڕووداوانە لەم مانگانەی دوایدا لە هەموو خوێندنگەکانی ئێران دا ڕوودەدەن. لەو دۆخەوە ئەو تێگەیشتنە دروست دەبێت، کە هەر چەندە دەوڵەتی ئێران خۆی لەو ڕوودانە بە دوور نیشان دەدات و هەندێک تاوانباریش دەستگیر دەکات، بەڵام تەنها دەوڵەتی دەتوانێت بەو شێوەیە پلان بۆ ئەو هێرشانە دابنێت و ئەنجامیان بدات.
ئەوە هەوڵێکە بۆ کۆمەڵکوژی. هەواڵی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە پاسدارانی دەوڵەت خۆیان ئەو رووداوانەی ژەهراویکردنیان رێکخستووە. ئەو کردەوانەی ژهراویکردن لەسەر ژنانی گەنج کە لە تاران، کرماشان، تەورێز، سنە، ئەسفەهان و زۆر زانکۆ دەخوێنن ئەنجامدراون. بە واتایەک دەوڵەت دەڵێت 'ئێمە کۆمەڵگا و گەل دەپارێزین، بەڵام ئەگەر بەرامبەرم بوەستنەوە، راپەڕن، ئەو کاتە بە شێوەیەکی جیاواز کۆمەڵکوژی دەکەین'.
'دەوڵەتی ئێران بۆ سەرکوتی ژنانی گەنج ئەو رووداوانەی ژەهراویکردن رێکدەخات'
وەک دەزانرێت ژنانی گەنج لە زانکۆکان سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'یان لە مانگەکانی رابردوودا کە لەئارادابوو، بەڕێوەبرد. هەربۆیەش دەوڵەتی ئێران بۆ ئەوەی ژنانی گەنج بترسێنێت ئەوان لە زانکۆکان دووربخاتەوە و لە ماڵدا رایانبگرێت، بە مێشکی پیاوسالارانەی فریودەری چەپەڵ ئەو رووداوانە رێکدەخات و بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران ژنی گەنج رەوانەی نەخۆشخانە بکرێن. دیکتاتۆری ئێران زۆر لە ئازادی ژن دەترسێت و نیگەرانە لێی. بۆ ئەوەی ژنان زانا نەبن، نەبنە خاوەنی کار، بەرەوپێش نەچن و بەشداری ژیانی کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ئازادی نەبن، پەنا بۆ شێوازێکی دڕندانە، مەترسیدار و نامرۆڤانەی بەم جۆرە دەبات. خۆی لە خۆیدا سیاسەتی سەرەکی هەنوکەیی رژێمی فاشیستی مەلاکان ئەوەیە کە ژن بەردەوام وەک چینی دووەم بمێنێتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەت دەکات.
پەیامی ئەوە لەئارادایە کە دەیانەوێت لە کەسایەتی ژنانی گەنجدا بە کۆمەڵگای بگەیەنن. لە بنەڕەتدا لە ئێران ئایینە جیاجیاکان، گەل، کورد، بەلوچ هەڕەشەیان لێدەکرێت، هەوڵ دەدرێت بێدەنگ بکرێن، هەوڵ دەدرێت سیستمێکی نەوەیی یەکدەست بخوڵقێندرێت و سیاسەتی کۆمەڵایەتی فاشیستیانە هەنوکەیی بسەپێندرێن. لەبەر ئەوە ژنانی گەنج ژەهراوی دەکرێن، لەسێدارە دەدرێن، بە هەزاران کەس دەستگیر دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن.
وەک کەژەکە بە توندی ئەو سیاسەتە داگیرکەری و دژەمرۆڤانەیەی دەوڵەتی ئێران شەرمەزار دەکەین.
هێرشی ژەهراوی بۆ سەر شوێنەکانی ژنانی گەنجی خوێندکار و گرتنی ئەو مامۆستایانەی ئەو رووداوانە شەرمەزار دەکەن هەرگیز مایەی قەبوڵ کردن نییە. دەبێت دەوڵەتی ئێران دەستبەرداری ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیەی بەرامبەر بە ژنانی گەنج بێت. دەوڵەت دەبێت بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵە لەگەڵ گەلاندا بکات و جیاکاری نەکات. ژن، گەل و ئایینە جیاجیاکان چیتر ئەو جیاکاری، نایەکسانی، گوشار و ئەشکەنجەیە قەبوڵ ناکەن. کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بزوتنەوەکانی ژنان کە لە جیهان تێدەکۆشن، هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی هەرگیز قەبوڵی ناکەن. تا ئەم سیاسەتە هەنوکەییە بەردەوام بێت، رۆحی سەرهەڵدان و هەڵوێستی بەرخودان لە دژی دەوڵەتی ئێران لە هەموو شوێنێک سەردەکەوێت. هەڵبەت نەک هەر مامۆستایان، دەبێت هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا رووداوەکانی ژەهراویکردن لە بەرامبەر ژنانی گەنج قەبوڵ نەکەن، بەردەوام لە گۆڕەپانەکاندا بن. دەبێت ژنان، گەلەکەمان لەناوخۆیاندا خۆیان بە رێکخستن بکەن و خۆیان بپارێزن.
دوابەدوای ئەم رووداوانە بە پێشەنگایەتی ژنان هێزەکانی گەلان و ئازادی و دیموکراسی گۆڕەپانەکان بە توڕەیی و تامەزرۆییەوە زیاتر پڕدەکەنەوە، بەردەوام خۆڕاگری دەکەن و دەکەونە دۆخی سەرهەڵدانەوە.
بەم بۆنەوە جارێکیتر رایدەگەیەنن کە وەک بزوتنەوەکانی ژنای کورد شان بە شانی ژنان و گەلانی ئێران و گەلانی کوردستان و بەلوچستان دەبین.
تێکۆشانی ئازادی ژنان، پێکهاتە ئایینیەکان و گەلانی ئێران لە سەر بنەمای فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هەنگاو دەنێن و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بڵاویدەکەنەوە و سەردەکەون. وەک بزوتنەوەی ژنانی کورد لە هەر شوێنێکی جیهان گوشار، ستەم و چەوساندنەوە بوونی هەبێت دژی دەوەستینەوە.
پێدەنێینە قۆناغێکی نوێی نەورۆزەوە. هەموو نەورۆزێک بۆ ئێمە سەرەتایەکی نوێی ئازادییە. بەواتای گوڕدان بە تێکۆشان، سەرهەڵدان لە دژی ستەمکار و دیکتاتۆرەکانە. رۆژی ژیانەوەیە. دەبێت لە نەورۆزی ٢٠٢٣دا گەلەکەمان ئیرادەی خۆی و رەنگی خۆی زۆر بە بەهێزی لە گۆڕەپانەکان بخاتە بەرچاو. لە باکوری کوردستان، رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژئاوا و باشوری کوردستان و هەموو ئەو جوگرافیایانەی گەلەکەمانی لێیە، دەبێت نەورۆز بە شێوەیەکی شکۆمەندانە پیرۆز بکرێت. دەبێت گۆڕەپانەکانی نەورۆز بگۆرن بۆ ئەو شوێنەی تیایدا رۆحی ئازادی و بەرخودان لە لوتکەدایە. لەسەر ئەو بنامەیە ئێمە هەر لە ئێستاوە نەورۆزی ژنان و گەلانمان پیرۆز دەکەین.
لەسەر ئەو بنەمایە جارێکیتر دەڵێین ژن، ژیان، ئازادی".
ژ. ت / هـ . ب