لە هەرێمی کوردستان ٤٤ ژن کوژراون

بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە ساڵی ٢٠٢٢ دا لە هەریمی کوردستاندا ٤٤ ژن کوژراون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان، ئاماری توندوتیژییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی ئاشکرا کرد.

فێنک شەفیق بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و خێزان لە کۆنگرەکەدا ئاشکرایکرد، ساڵی ڕابردوو، ١٥ هەزار و ٨٩٧ کەیسی توندوتیژی خێزانی لەبەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، کە لەو ڕێژەیە ١٠ هەزار و ١٦٠یان توندوتیژی بەرامبەر ژنان بووە، پێنج هەزار ٤٥٩ کەیسیش تایبەت بە خێزانە.

بە گوێرەی ئامارەکە تائێستا چوار هەزار و ٩٤٦ کەیس لێکۆڵینەوە تێیدا بەردەوامە،  هەشت هەزار و  ٦٤٣ دۆسیە یەکلایی بوونەتەوە لەناو ئەو دۆسیانەدا دوو هەزار و ٦٠٥ ڕاوانەی دادگا کراون.

ئامارەکە بەم جۆرەیە:

توندوتیژی جەستەیی (لێدان)، سێ هەزار و ٥١٥ حاڵەت

شەڕكردن، سێ هەزار و ٤٠٣ حاڵەت

هەڕەشەکردن و هەراسانکردنی ژنان، دوو هەزار و ٦٥٩ حاڵەت

ناپاکی هاوسەرگیری، ٥٣٩ حاڵەت

توندوتیژی زارەکی، ٤٢٠ حاڵەت

فڵێکردن و هەڵخەڵەتاندن، ٢٦٧ حاڵەت

بوختانکردن، ٢٤٤ حاڵەت

کردنە دەرەوەی ژن لە ماڵ، ٤٣٢ حاڵەت

فنێک شەفیق باسی لەوەشکرد: دوو هەزار و ٥٥٥ چوونەتە سەنتەری راوێژکاری خێزانی، جگە لەوەش ٨٢٦ کەیس لە ساڵی رابردوودا ئاشتەوایی خێزانیان بۆ کراوە، هەروەها حەوت هەزار چالاکی هۆشیاری بەرامبەر توندوتیژی ئەنجامدراوە.

فێنک شەفیق وتیشی: لەساڵی رابردوودا چوارهەزار و ٤٣٧ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئەنجادەرانی توندوتیژی هەبووە، کە سێ هەزار و٥٦١ تۆمەتبار و بکەری توندوتیژی دەستگیرکراوان، هەروەها ٥٣٤ تۆمەتبارانی  ئەنجامدانی توندوتیژیش دەستگیرنەکراون.

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان راشیگەیاند کە ساڵی ٢٠٢٢ لە هەریمی کوردستان ٤٤ ژن کوژراون.

هـ . ب