لە کەرکوک یادی شەهید بێریتان کرایەوە

ئەنجومەنی کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) بە مەراسیمێک یادی شەهید بێریتانی بەرز ڕاگرت.

لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٢دا لە شەڕی بەرخودانی دژ بە کوردانی نۆکەر لە خواکورک، گوڵناز کاراتاش ناسراو بە هەڤاڵ بێریتان تاوەکو دوا فیشەکی خۆی شەڕیکرد و دوای ئەوەى فیشەکی پێنەما و بۆ ئەوەى بە زیندوویی لەلایەن کوردە نۆکەرەکانەوە دیل نەکرێت و لە دژی داوای خۆبەدەستەوەدانی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەر وەک بەسێ-کان کە لە کاتی کۆمەڵکوژیی دێرسیمدا خۆی لە سەر تاشە بەردێکی بەرزەوە هەڵدایەوە خوارەوە و بە قارەمانی و پاڵەوانانە شەهید بوو.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، لە بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) لە شاری کەرکوک، مەراسیمێک بەرێوەچوو کە تیدا یادی ٢٩هەمین ساڵیادی شەهادەتی گوڵناز کاراتاش (بێریتان)ی بەرز راگرت.

سەرەتا ئامادەبووانی مەراسیمەکە بە خولەکیک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاوەستان، پاشان زێرینە تاجادین ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) ژیاننامەیەکی سەبارەت بە رۆڵی شەهید بێریتان و قارەمانیەتی ئەو شەهیدە بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە خوێندەوە.

ئەو ئەندامەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) ، بۆ ئامادەبووانی مەراسیمەکە وتی:"  شەهید بێریتان درکی بەو مەترسیە کرد کە گەلی کورد لەژێر چ ستەمێکدایە کە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دەکرێت، هەڤاڵ بێریتان ئەو رێچکەیە دەشکێنێت کە کۆمەڵگا رێگا نادات بە ژنان رۆلی خۆیان بگێرن لە گۆرپانە جیاوازەکاندا، هەڤاڵ بێریتانیش پەیوەندی بە رێزەکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان دەکات."

هەروەها ئەو ئەندامەی ڕەژاک وتیشی : " هەڤاڵ بێریتان زۆر زوو پێشدەکەوێت و پێشەنگایەتی ژنانی ئازادیخواز دەکات لە ماوەی ساڵ و نیوێکی تەمەنیدا لەناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان سەلماندی کە ژنێکی قارەمان و تێکۆشەر بوو، هەڤاڵ بێریتان توانی بە ئیرادەیەکی بەهێز دژی هێڵی خیانەت بوەستێتەوە."

لە کۆتایی مەراسیمی بەرز ڕاگرتنی یادی شەهید بێریتان کورتە فلمێک دەربارەی ژیان و تێکۆشان و پێشەنگایەتی شەهید بێریتان پشکەش کرا کە تیدا باس لە چۆنیەتی قارەمانیەتی ئەو شەهیدە کرا.

پاشان بەوتنەوەی دروشمی (شەهید نامرن)لە لایەن ئامادەبووانەوە، مەراسیمەکە کۆتایی هات.

ف.ق