لە رۆژهەڵاتی کوردستان ٨ی مارس پیرۆز کرا

سەرباری گوشاری دەسەڵات و زاڵبوونی کەشی توندی ئەمنی، ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی جیاجیا بە بۆنەی رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان مەراسیمیان سازکرد.

ئەمڕۆلە شاری سنە بە مەبەستی رێگریی لە مەراسیمەکانی رۆژی جیهانی ژنان، هێزێکی زۆری سەربازی لە شەقام و گۆڕەپانە سەرەکییەکانی ئەو شارە جێگیر کرابوو، سەرباری ئەوەش ژنان بە دابەشکردنی گوڵ و بڵاوکراوە، رۆژی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنانیان پیرۆز کرد.

هاوکات لە بەرزاییەکانی ئاویەری ئەو شارەش ژمارەیەک لە ژنان بە گردبوونەوە و وتنەوەی دروشم ئەو رۆژەیان پیرۆز کرد.

بە هەمان شێوە لە شارەکانی دیکەی رۆژهەڵات وەک بانە، مەریوان، سەقز، کامیاران، بۆکان، مەهاباد، ورمێ و چەند ناوچەیەکی دیکە مەراسیمی جیاجیا سازکران و دروشمی سەرەکی مەراسیمەکانیش "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە بووەتە ناسنامەی ئەو سەرهەڵدانەی ماوەی نزیکەی شەش مانگە بە پێشەنگایەتی ژانن بەردەوامە.

لە کرماشانیش ژمارەیەک لە چالاکوانان بە ناشتنی هەشت نەمام لە داوێنی چیای داڵاهۆ یادی رۆژی جیهانی ژنانیان بەرزڕاگرت.

هەر ئەمڕۆ لە تاران ژمارەیەک لە ژنان بە رێپێوان وێڕای بەرزڕاگرتنی ٨ی مارس، دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە و لە شارەکانی دیکەش بە شێوەی جیاجیا ئەو رۆژە پیرۆز کرا.

هـ . ب