لە ئامەد ١١ ژنی چالاکوان سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتى تورکی داگیرکەرەوە ٢٥ ژنی چالاکوان دەستگیکران و سزای زیندانیکردن و دیلکردن بۆ ١١ ژنە چالاکوانیان دەرکرا.

پۆلیسی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئامەد لە رۆژانی ١٦ – ١٧ی ئازاردا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و لە ئەنجامدا ٢٥ ژنی سیاسەتمەدار و نوێنەری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی دەستگیرکرابوون. لە ١٨ی ئازاردا ٧ کەس لەو ژنانە سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرابوو و ٨ کەسی تریشیان بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێرکرنی دادگادا ئازاد کرابوون.

هاوسەرۆکی شارەوانی سور فیلیز بولوتەکین، سکرتێری ژنانی لقی ئامەد سەندیکای تەندروستی و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی فاتمە یڵدزخان، سکرتێری ژنانی لقی ئامەدی یەکێتیی کرێکارانی یەکگرتووی گواستنەوە بەهار ئولوگ، چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژا) زەکییە گولەر، بیرسەن گونەش، سافییە ئاکداغ، ئەڤین یەلبۆگا، ئەمینە ئاکشاهین، ئەمینە چەتینەر، کەزیبان کودای و سونگول کاپانچی، لە دوای تەواوبوونی کاروباری رۆتینی وتە لێوەرگرتن، رەوانەى دادگا کران.

لە لێکۆڵینەوەکەدا لەسەر ڕێپێوانی ڕۆژی ٢٥ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانیی تێکۆشان لە دژی توندوتیژیی دژ بە ژنان، چالاکی لە دژی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ و گردبونەوەی ٨ی مارسی ڕۆژی جیهانیی ژنان لێپرسینەوە کرا.

فیلیز بولوتەکین، بەهار ئولوگ، فاتمە یڵدزخان و سۆنگول کاپانچی بڕیاری زیندانکردنیان بۆ دەرکرا و دەستگیرکراوانی تریش بە مەرجی مانەوە لە ژێر چاودێریی دادگادا ئازادکران.

بە بڕیاری زیندانیکردن بۆ ئەو ٤ ژنە چالاکوانە، ژمارەی ئەو ژنانەی لەو ئۆپەراسیۆنە پاکتاوکارییەدا سزای زیندانیکردنیان بۆ دەرکرا، گەیشتە ١١ ژن.

ژ.ت