لەبناری قەندیل دەست بە چالاکییەکانی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبر کرا

لە بناری قەندیل بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر ژنان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا داوای تێکۆشانی هاوبەشیان کرد لە بەرامبەر ستەمی سەر ژنان.

لە باشوری کوردستان چالاکییەکان بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەستیان پێکرد. لەو چوارچێوەدا لە بناری قەندیل بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر چالاکی ئەنجامدرا.

چالاکیەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد. دواتر لەسەر ناوی رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (رەژاک) ئاواز ئیسماعیل قسەی کرد و رایگەیاند، کە ئەوان داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین کە خاوەنداری لە ئازادی خۆیان بکەن و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و وتی: "لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێک ژنان رووبەڕووی دەستدرێژی، کوشتن و گرتن دەبنەوە، دەیانەوێت ئیرادەمان بشکێنن و کولتوری خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن، دەبێت ژنان یەکگرتوو بن و پێکەوە بەرامبەر بە ستەم بوەستنەوە".

هـ . ب